لاڤرۆڤ: ھانی کوردانی رۆژئاڤا ده‌ده‌ین سود لە ئەزمونی ھەرێمی کوردستان وەربگرن

02:45 - 15/01/2022

2512جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزیری دەرەوەی روسیا رایگه‌یاند، پەیوەندیەکانی مۆسکۆ لەگەڵ کوردانی سوریا بەمەبەستی رازیکردنیانە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا لەجیاتی پشتبەستن بە ئەمریکا‌، ده‌شڵێت، ھانی کوردانی روژئاڤای کوردستانیش دەدەین سود لە ئەزمونی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان وەرگرن.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ ئیلھام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری (مەسەدە) ھەوڵدانە بۆ گرنگی دەسپێکردنەوەی دیالۆگێکی جددی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و رەوشی کوردان لەناو دەوڵەتی سوریادا.

روسیا پشتیوانی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق دەکات
ئاماژە بەوەشکرد، روسیا پشتیوانی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق دەکات، ھانی کوردانی روژئاڤای کوردستانیش دەدات سود لە ئەزمونی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان وەرگرن.
ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان بۆ داهاتو بونیاتبنێن و سوریا لەسەر ئەم بابەتە سود لە ئەزمونی وڵاتی دراوسێی (عێراق) وەربگرێت
وەزیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا جەختی لەوەشكرده‌وه‌، كه‌ ئامانجی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان بۆ داهاتو بونیاتبنێن و سوریا لەسەر ئەم بابەتە سود لە ئەزمونی وڵاتی دراوسێی (عێراق) وەربگرێت.
پشتگیری لە بیرۆکەی چڕکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق دەکات
لاڤرۆڤ وتیشی، دو ساڵ لەمەوبەر لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق و هەولێر پشتگیری لە بیرۆکەی چڕکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان کوردانی سوریا و عێراق کرد بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زیاتری کوردانی عێراق لەگەڵ برا سوریەکانیان.
 کێشەی کورد لەئێستادا یەکێکە له‌ لەمپەرەکانی دەستپێکردنی دانوستانێکی گشتگیر لەسەر یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان
وەزیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا دانی بەوەدانا کە کێشەی کورد لەئێستادا یەکێکە له‌ لەمپەرەکانی دەستپێکردنی دانوستانێکی گشتگیر لەسەر یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و رونیشیکردەوە، کە کۆبونەوەی لیژنەی دەستوری لە ژنێڤ ژمارەیەک لەکورد لەخۆدەگرێت، بەڵام نوێنەرایەتی سەرجەمی کوردانی ئەو وڵاتە ناکات.

لاڤرۆڤ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "کاتێک ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا بەنیازی کشانەوەی سوپای ئه‌مریكا له‌ سوریا راگه‌یاند، دەستبەجێ کوردەکان گەیشتنە روسیا بۆ ئەوەی داوای هاوکاری بکەن بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق، بەڵام بەزوترین کات واشنتن پێداچونەوەی بۆ بڕیارەکەی کرد".