حزبی دەعوەی ئیسلامی ئەمینداری نوێی گشتی هه‌ڵبژارد

02:29 - 15/01/2022

4365جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

حزبی دەعوەی ئیسلامی له‌ كۆنگرەی 18هه‌مین خۆیدا جارێكی دیكه‌ نوری مالیكی به‌ ئه‌منیداری گشتی حزبه‌كه‌ هه‌ڵبژارده‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ شەممە لە کۆنگرەی 18مینی حزبی دەعوەی ئیسلامی کە لە ژێر دروشمی "ناسنامەمان ئیسلامییە روبەڕوی ئاڵەنگارییەکان دەبینەوە و نیشتمان بونیاد دەنێین" کارەکانی بەڕێوەدەچێت، جارێکی دیکە نوری مالیکی، بە ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوەی ئیسلامیی هەڵبژێردرایەوە.

نوری مالیکی لە ساڵی 2006ەوە كە ئه‌وكات پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتوە  ئەمینداری گشتی حزبی دەعوە به‌ڕێوه‌ده‌بات
نوری مالیکی لە ساڵی 2006ەوە كە ئه‌وكات پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتوە، ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەیه‌ و ئه‌و پۆسته‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات، دوای ئه‌وه‌ی ئیبراهیم جەعفەری جیابوه‌وه‌.
حزبی دەعوەی ئیسلامی، پارتێکی سیاسی عێراقییە و یەکێک لە پارتە شیعییە سەرەکییەکانە، لە ساڵی 1957 دامەزراوە
حزبی دەعوەی ئیسلامی، پارتێکی سیاسی عێراقییە و یەکێک لە پارتە شیعییە سەرەکییەکانە، لە ساڵی 1957 دامەزراوە، محەمەد باقر سەدر كە یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعەو لەسەردەمی رژێمی سەددام لەسێدارە درا، یەكێك لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوەیە. 

له‌ ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردو، حزبی دەعوە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بەشێوەیەكی بەهێز دەركەوت، كاتێك دەستی بە خەباتی چەكداری كرد دژی رژێمی سەددام حسێن.
دوای جیابونەوەی جەعفەری و عەبادی پێگەی دەعوەی لە شەقامی شیعەی عێراقدا لاوازبو
دوای جیابونەوەی جەعفەری، ساڵی 2018 حەیدەر عەبادی لە حزبی دەعوە جیابوە، ئەمە پێگەی دەعوەی لە شەقامی شیعەی عێراقدا لاوازكرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا، حزبی دەعوە سەرلەنوێ گوڕێكی بەبەردا هاتەوە‌و 33 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. 

نوری مالیکی، كه‌ ماوه‌ی دو خول سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2014،  ناوی تەواوی، نوری کامل محەمەد حەسەن ئەبو ئەلمحاسن مالیکییە و ساڵی 1950 لەدایکبوە، بە باوکی ئیسراش دەناسرێت.