دو پزیشكی پسپۆڕ رێنمایی گرنگ له‌باره‌ی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن ئاشكرا ده‌كه‌ن

01:44 - 15/01/2022

9458جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دو پزیشكی پسپۆڕ له‌باره‌ی گه‌یشتنی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن بۆ هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نن، ئۆمیکرۆن زۆر خێراتر لە جۆری دەلتا بڵاودەبێتەوە، ئەگەر سەیری بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا ژمارەی توشبوان زۆر زیادیکردوە، ده‌شڵێن، "دەرکەوتوە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر بە ئۆمیکرۆن ھەندێک کەمترە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشوی کۆرۆنا، ھەربۆیە ئەگەری توشبون بە ئۆمیکرۆن زیاترە".

هه‌ریه‌كه‌ له‌ دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو و دکتۆر کامەران قەرەداغی، پزیشکی ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی سنگ و بۆڕی ھەوا له‌ نوسینێكدا رایده‌گه‌یه‌نن، "دوای سەرھەلدانی کۆرۆنای گۆراوی ئۆمیکرۆن لە ئەفریقای باشور، لە ماوەیەکی کەمدا گەیشتە زۆربەی وڵاتانی جیھان، ھەربۆیە گەیشتنی ئۆمیکرۆن بۆ کوردستان شتێکی تەواو چاوەرانکراو بو".

 

ئه‌و دو پزیشكه‌ هه‌ندێك رێنمایی ده‌خه‌نه‌ڕو
یه‌كه‌م: ئۆمیکرۆن زۆر خێراتر لە جۆری دەلتا بڵاودەبێتەوە، ئەگەر سەیری بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین لە چەند ھەفتەیەکی کەمدا ژمارەی توشبوان زۆر زیادیکردوە، بۆ نمونە لە ئەمریکا رۆژانە پتر لە یەک ملیۆن کەس توشی ئۆمیکرۆن دەبن، لە ھەندێک وڵاتانی ئەوروپا رۆژانە پتر لە چارەگە ملیۆنێک کەس توشی ڤایرسەکە دەبن.

دوه‌م: لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان ئەدەن، کە ئۆمیکرۆن وەک دەلتا کوشندە نیە، توشبوان بە رێژەیکی زۆر کەمتر توشی ھەوکردنی سیەکان دەبن، ھەرچەندە ژمارەی توشبوان زۆرە، بەڵام رێژەیەکی کەم پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت، دەبێت ئەوەش بوترێت لە ئەگەری توشبونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵک لە ماوەیەکی کورتدا بۆی ھەیە ئەو رێژە کەمەی تووشبوان، کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زیاتر بكات و کاریگەری خراپی لەسەر سیستەمی تەندروستی ھەبێت، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەیە ھەندێک وڵاتانی جیھان کۆمەلێک رێکاری نوێیان گرتوه‌تە بەر بۆ کەمکردنەوەی رێژەی توشبون.

سێیه‌م: نیشانە باوەکانی توشبوانی ئۆمیکرۆن بریتیە لە ئاو لە لووت ھاتن، پژمین، سەرئێشە، ئازارو سووتانەوەی قوڕگ، ھەستکردن بە ماندوبون، بە واتایەکی تر نیشانەکانی زۆر لە ھەلامەت دەچێت.

چواره‌م: دەرکەوتوە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر بە ئۆمیکرۆن ھەندێک کەمترە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی پێشوی کۆرۆنا، ھەربۆیە ئەگەری توشبون بە ئۆمیکرۆن زیاترە، تەنانەت لەو کەسانەی کە ھەردو ژەمی ڤاکسینیشیان وەرگرتوە، بە تایبەت دوای تێپەڕبونی چەند مانگێک بەسەر ژەمی دوەمی ڤاکسین،  لەبەر ئەو ھۆیە زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کەوتنە پەلە بۆ پێدانی بڕە ژەمی سێیەمی ڤاکسین.

پێنجه‌م: زۆربەی ھەرە زۆری ئەو کەسانەی توشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت لە نێوان ئەو کەسانەیە، کە ڤاکسینیان وەرنەگرتوە، یاخود ماوەیەکی زۆر بەسەر وەرگرتنی ڤاکسینیان تێپەریوە، لە راستیدا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی پێویستی بون بە نەخۆشخانە بە ھۆی ئۆمیکرۆن بە رێژەی 90%‏ کەمدەبێتەوە، دەبێت ئەوەش بوترێت مردن بە ھۆی ئۆمیکرۆن تەنانەت لەنێوان ئەو کەسانەی، کە ڤاکسینیشان وەرگرتوە ھەرچەندە کەمە، بەڵام بونی ھەیە. 

شه‌شه‌م: مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان ئەو کەسانەی دو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتوە زیاتر لە نێوان کەسانی بە تەمەندایە یان ھەڵگری ھەندێک نەخۆشی دەێژخایەنن، ھەر بۆیە دەبێت پەلە بکرێت بۆ پێدانی برە ژەمی سێیەمی ڤاکسین بە تایبەت بۆ کەسانی بە تەمەن.

حه‌وته‌م: لەزۆربەی حالەتەکان توشبون بە ئۆمیکرۆن لە نێوان ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتوە بە سووکی دەبێت، دەبێت ئەوەش بوترێت تەنانەت ئەو کەسانەی سێ ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتوە بۆی ھەیە توشی ئۆمیکرۆن ببن، بەڵام یان ھیچ نیشانەیەکیان لێدەرناکەوێت، یاخود زۆر بە سوکی بە چەند رۆژێکی کەم پەتاکە تێدەپەڕێنن.

هه‌شته‌م: لە یەکێک لە نەخۆشخانە گەورەکانی بریتانیا، کە خۆم کاری تیادا دەکەم و رەنگ بێت وەک رەنگدانەوەیەک بێت بۆ دۆخی زۆربەی نەخۆشخانەکانی ئەوروپا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو نەخۆشانەی، کە بە ھۆکاری تر جگە لە کۆرۆنا پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە، لە کاتی پشکنیندا دەردەکەوێت، کە ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنانەو ھیچ نیشانەیەکیان نیە، بە واتایەکی تر بە رێکەوت دەردەکەوێت تووشی ئۆمیکرۆن بوونە.

نۆیه‌م: دوای زیاتر لە ساڵێک لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا تاکو ئێستا ھەمو لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە، کە ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی مردن، تەنانەت بەرامبەر جۆری ئۆمیکرۆنیش. دوای زیاتر لە سالێک و بەکارھێنانی نزیكەی 9 بلیۆن بڕە ژەمی ڤاکسین لە سەرانسەری جیھان دەرکەوت، کە ڤاکسینەکان بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتن. 

ده‌یه‌م: ھیوادارم ئەو کەسانەی تا ھەنوکە ڤاکسینیان وەرنەگرتوە لە نزیکترین دەرفەت ھەوڵبدەن ڤاکسین وەرگرن، ئەو کەسانەی بە تەمەنن و لەسەروی شەست ساڵین وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەرگرن، بە تایبەتی ئەگەر شەش مانگ بەسەر ژەمی دووەمی ڤاکسینەكە تێپەڕیبێت، بە ھەمان شێوە ھەمو ئەو کارمەندانەی کەرتی تەندروستی، کە رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەڵ کۆرۆنا ھەیە یان ئەو کەسانەی ھەندێک نەخۆشیان ھەیە دەبێت ژەمی سێیەم وەرگرن.