بافڵ جەلال تاڵەبانی: مارف عومەر گوڵ تەواوی تەمەنی تەرخانکرد بۆ خەبات و تێکۆشان و نوسین

12:47 - 15/01/2022

2290جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەی مارف عومەر گوڵ دەکات و رایدەگەیەنێت، پڕۆفیسۆر مارف عومەر گوڵ جگە لەوەی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین بو لە ھەمانکاتدا نوسەر و شاعیر و ئەدیبێکی ناوداری كورد بو، تەواوی تەمەنی تەرخانکرد بۆ خەبات و تێکۆشان و نوسین و لێکۆڵینەوە لە بواری جینۆساید .

بافڵ جەلال تاڵەبانی له‌ پرسه‌نامه‌یه‌كدا بۆ بنەماڵەی مارف عومەر گوڵ رایگه‌یاندوه‌، "بۆ کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی پڕۆفیسۆر (دکتۆر مارف عومەر گوڵ) ئەکادیمیستی ناوداری کورد، پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمی قوڵی خۆمان رادەگەیەنین، مارف عومەر گوڵ جگە لەوەی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین بو لە ھەمانکاتدا نوسەر و شاعیر و ئەدیبێکی ناوداری گەلەکەمان بو، کە تەواوی تەمەنی تەرخانکرد بۆ خەبات و تێکۆشان و نوسین و لێکۆڵینەوە لە بواری جینۆساید، بەرھەمە زانستییەکانی بونە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ھێشتنەوەی ئەو تاوانانەی دەرحەق بەگەلەکەمان کرا".

جگە لەوە زیندانیش چۆکی پێدانەدا و خۆڕاگرانە و سەربەرزانە بەپێوە مایەوە 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "جگە لەوە زیندانیش چۆکی پێدانەدا و خۆڕاگرانە و سەربەرزانە بەپێوە مایەوە و درێژەی بە خزمەتەکانیدا ھەربۆیە ناوبانگی لەناو میللەتەکەماندا بە نەمری و شانازییەوە دەمێنێتەوە و ژیانئاواییەکەشی ھەمووانی خەمبارکرد".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پڕۆفیسۆر مارف عومەر گوڵ دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ماڵئاوایی كرد
عارف عومەر گوڵ، برای پڕۆفیسۆر د. مارف بە خەندان-ی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە پڕۆفیسۆر مارف عومەر گوڵ دوای ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ ماڵئاوایی كرد، هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ رێڕه‌وسمێكی شایسته‌دا لە گوندی هەشەزینی سەر بە ناحیەی سەنگاو به‌خاك ده‌سپێردرێت.

مارف عومەر گوڵ لە ساڵی 1956 لە گوندی هەشەزینی سەر بە ناحیەی سەنگاو لە دایكبوە، یەكەم دامەزراندنی لە ساڵی 1983 لە فەرمانگەی ئاودێری سلێمانی بوە و دوا كاریشی راگری كۆلێژی یاسا و رامیاری زانكۆی سلێمانی بوە، لە ساڵی 1977یش ئەندامی یەكێتی نوسەرانی كورد بوە.