ئەنقەرە: دانوستانمان لەگەڵ ئەرمینیا لە مۆسکۆ لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچو

12:33 - 15/01/2022

1574جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئەرمینیا لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە مۆسکۆ لە رۆژی هەینیدا لە کەشوهەوایەکی ئەرێنیدا به‌ڕێوه‌چوه‌.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، كۆبونه‌وه‌ی دوێنێی شاندی توركیا و ئه‌رمینیا له‌ مۆسكۆ ئه‌رێنی بوه‌ و شوێن و بەرواری کۆبونەوەی دوەم لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسیەکانەوە بە بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە رێکدەخرێت.

رۆژی هەینی شاندەکانی ئەرمینیا و تورکیا گەیشتنە کۆشکی پێشوازی لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە مۆسکۆ
رۆژی هەینی شاندەکانی ئەرمینیا و تورکیا گەیشتنە کۆشکی پێشوازی لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە مۆسکۆ، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان.
هەردولا لە ڕێگەی دیالۆگی نێوان ئه‌رمینیا و تورکیا بیروڕای سەرەتایییان لەبارەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوە ئاڵوگۆڕکرد
لە کۆبونەوەکەی یەکەمدا کە لە کەشێکی ئەرێنی و بنیاتنەردا بەڕێوەچو، هەردولا لە ڕێگەی دیالۆگی نێوان ئه‌رمینیا و تورکیا بیروڕای سەرەتایییان لەبارەی پڕۆسەی ئاساییکردنەوە ئاڵوگۆڕکرد، هەردولا ڕازی بون بە بەردەوامیدان بە دانوستانەکان بەبێ پێشمەرج.

لە سەرەتای مانگی (کانونی یەکەم/12)ی ئه‌مساڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاندبو، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەرمینیا بەم نزیکانە هەردولا بە هاوبەشی نێردراوی تایبەت دیاری دەکەن و گەشتەکان لەگەڵ یەریڤان دەکرێنەوە و ئەنقەرە رەچاوی داواکارییەکانی هێڵی ئاسمانی تورکی و ئەرمەنییەکان دەکات بۆ گەشتە ئاسمانییەکانی ئیستانبوڵ- یەریڤان - ئیستانبوڵ.

تورکیا و ئەرمینیا لە ساڵی 2009ه‌وه‌ رێکكەوتنێکی مێژویی ئاشتییانه‌یان لەسەر بوژاندنەوەی پەیوەندییە دو قۆڵییەکان و کردنەوەی سنورەکانیان واژۆكرد، دوای دەیان ساڵ لە داخستنیان، بەڵام په‌یوه‌ندیه‌كان وه‌كو پێویست ئاسایی نه‌كرانه‌وه‌ و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا بەهۆی پاڵپشتی سیاسی و سەربازیی تورکیا بۆ حکومەتی ئازەربایجان لە ململانێی قەرەباغدا گه‌یشته‌ خراپترین ئاست.