بەڕێوەبەری گشتی بودجە: تا ئه‌مڕۆ سامانه‌ سروشتییه‌كان داهاتی نه‌ناردوه‌

12:12 - 15/01/2022

4598جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، تا ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان داهاتی خۆیانی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری نه‌ناردوه‌ بۆیه‌ "نه‌ماتوانیوه‌ به‌پێی پێویست ئاماده‌كاری بكه‌ین بۆ بودجه‌ی 2022".

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان داهاتی خۆیانی بۆ ئێمه‌ نه‌ناردوه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ماتوانیوه‌ به‌پێی پێویست ئاماده‌كاری بكه‌ین بۆ بودجه‌ی 2022
په‌روین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئه‌مڕۆ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌كابینه‌ی نۆیه‌مدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانیكرد كه‌ هه‌مو داهاتی حكومه‌ت بچێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان داهاتی خۆیانی بۆ ئێمه‌ نه‌ناردوه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ نه‌ماتوانیوه‌ به‌پێی پێویست ئاماده‌كاری بكه‌ین بۆ بودجه‌ی 2022، هۆكارێكی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا په‌رله‌مانی عێراق كاره‌كانی نه‌چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن و لیژنه‌كان دروستنه‌كراون و حكومه‌تی نوێی عێراق پێكنه‌هێنراوه‌".
هۆكارێكی دیكه‌ی ئاماده‌نه‌كردنی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی 2022 ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتنێك
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "هۆكارێكی دیكه‌ی ئاماده‌نه‌كردنی پڕۆژه‌ی بودجه‌ی 2022 ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتنێك و دیارنیه‌ ئایا له‌مساڵیشدا هاوشێوه‌ی ساڵی 2021 دیارنیه‌ به‌رده‌وام ده‌بین یاخود نا، ئایا ئه‌وان به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم ده‌نێرین یان نا، هێشتا دیارنیه‌".
كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوین له‌ ئاماده‌كاری بودجه‌ و ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگ بوین له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری باسی له‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ كه‌مته‌رخه‌م نه‌بوین له‌ ئاماده‌كاری بودجه‌ و ئێمه‌ هه‌ماهه‌نگ بوین له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی ته‌شغیلی و بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان هه‌ردوكی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ یه‌كتری بنێرینه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆ ساڵی 2021 له‌مانگی پێنجدا ناردمان بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر هاوشێوه‌ی ئه‌مساڵ داهاته‌كانمان زۆر دره‌نگ به‌ ده‌ست گه‌یشت له‌كاتی خۆیدا بینێرین و هۆكاره‌كان وه‌زاره‌تی دارایی نه‌بو به‌ڵكو نه‌ناردنی داهاته‌كان بو بۆ وه‌زاره‌تی دارایی".