پۆلیسی هەولێر: ئه‌وانه‌ی هه‌شت ئۆتۆمبێلیان برد، دەستگیرکران

11:27 - 15/01/2022

2856جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر رایگەیاند، تاوانبارانى بردنى هەشت ئۆتۆمبێلەکەى هەولێر  دەستگیرکراون و تاوانبارى کوشتنى هاوڵاتییەکیش لە قەزاى عەنکاوە دەستگیرکراوە.

موقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "لە ساڵى 2021دا 79 تاوانى کوشتن رویانداوە و تا ئێستا توانراوە 78 بکوژ و ئەنجامدەرى ئەو تاوانانە دەستگیر بکرێن، کە ڕێژەى دەستکەوتن 99% بوە".

بە هەماهەنگى تیمەکانى ئاسایش و هێزه‌كانی زێرەڤانى هەڵمەتى داخستنى یانەکانى شەوانەیان دەستپێکردوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بە هەماهەنگى تیمەکانى ئاسایش و هێزه‌كانی زێرەڤانى هەڵمەتى داخستنى یانەکانى شەوانەیان دەستپێکردوە و تا ئێستا بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بونى لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە، هیچ زانیارییەک بڵاو ناکرێتەوە.
شەوى رابردو هاوڵاتییەک لە قەزاى عەنکاوە کوژراوە
وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر باسی له‌وه‌شكرد، "شەوى رابردو هاوڵاتییەک لە قەزاى عەنکاوە کوژراوە، دواى چەند کاتژێرێک لە لێکۆڵینەوە توانرا بکەرى تاوانەکە ئاشکرابکرێت و دەستگیربکرێت". 
لە کۆی ئەو هەشت ئۆتۆمبێلەی کە براون شەشیان دۆزراونەتەوە
لەبارەى بردنی هه‌شت ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان به‌فێڵ، وتەبێژى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر وتی، "لە کۆی ئەو هەشت ئۆتۆمبێلە شەشیان دۆزراونەتەوە و تەنها دوانیان ماون، بەڵام بکەرى تاوانەکە کە دو کەسی خزمى یەکترین هەردوکیان دەستگیرکراون".