كۆڵبه‌رێك كوژراو دو كۆڵبه‌ری دیكه‌ش برینداربون

10:18 - 15/01/2022

1335جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگه‌یاند، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی بانە لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان کوژرا و دو کۆڵبەری دیکەش بریندارکران.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئێوارەی ڕۆژی هەینی (14ی کانونی دوەمی 2022) هێزە چەکدارەکان لە سنوری کێلێ، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردوە و کۆڵبەرێک کوژراوە.

كۆڵبه‌ره‌ کوژراوەکە ناوی مێهران ڕەحمانی-یه‌
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ شاری بانەی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە 24 ساڵەی کە کوژراوە ئاشكرا كردوه‌ و رایگه‌یاند، كۆڵبه‌ره‌كه‌ ناوی مێهران ڕەحمانی-یه‌، خاڵی مێهرانیش بە ناوی ئیبراهیم ڕەحمانی ته‌مه‌ن 45 ساڵان و کۆڵبەرێکی خەڵکی "کێلە" بە ناوی هاوڕێ ئەحمەدی بریندارکراون.
ئەو کۆڵبەرانە لە کاتێکدا دراونەتە بەر دەسڕێژی گوللە کە لە كاتی گەڕانەوەدا بون و هیچ کەل و پەلێکیان پێ نەبوە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دو کۆڵبەرە  کە خەڵکی گوندی "مەنیجەڵان" سەر بە شاری بانە بون، لە کاتێکدا دراونەتە بەر دەسڕێژی گوللە کە "لە كاتی گەڕانەوەدابون و هیچ کەل و پەلێکیان پێ نەبوە".

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو باسی له‌وه‌كردوه‌، ئیبراهیم و مێهران خێزاندارن و هەروەها هاوژینی مێهران رەحمانی کە دو ساڵ پێش ژیانی هاوبەشیان پێکهێنابو، دوگیانە.