هەواڵی ئەمڕۆ

ئەو پزیشکە مسوڵمانه‌ی له‌ پشت دانانی دڵی به‌رازه‌وه‌یه‌ بۆ مرۆڤ: هیچ مەبەستێک لە رزگارکردنی ژیانی مرۆڤ گەورەتر نییە

08:40 - 15/01/2022

7058جار خوێندراوەتەوە

دکتۆر محەمەد مەنسور محێدین

خه‌ندان-

لە سەرەتای ئەم مانگە بۆ یەکەمین جار تیمێکی پزیشکی زانکۆی مەریلاند دڵی بەرازێکیان لە مرۆڤێکدا چاند و کەسێکیان لە مردن ڕزگار کرد، دکتۆر محەمەد مەنسور محێدین، ئه‌و پزیشكه‌ی لە پشت دانانی دڵی بەراز بو بۆ مرۆڤ، ده‌ڵێت، بۆ دڵنیابون لەوەی ئەم کارە لە ڕوی ئاینی و ئەخلاقییەوە گونجاوبێت بۆچونی زانایانی ئاینی هەر سێ ئاینە ئاسمانییەکە وەرگیراوە و هه‌مویان به‌ گونجاویان زانی و هیچ مەبەستێک گەورەتر نییە لە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤ.

پڕۆسه‌ی چاندنی دڵی به‌راز له‌ مرۆڤێكدا لە سەرەتای ئەم مانگە لەڕێگای تەکنەلۆژیای زینۆترانسپلانت (Xenotransplantation) ئەنجام درا، ئەم نەشتەرگەرییە هەستیارە لەسەر بنەی بیرۆکەی زانایەکی بە رەچەڵەک پاکستانی بە ناوی دکتۆر محمەد مەنسور محێدین کراوە.

چوار جۆری جیناتمان لە دڵکەکە دەرهێنا کە لەگەڵ دڵی مرۆڤدا جیاوازی هەبو
لە گفتوگۆیه‌كدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، دکتۆر محێدین باس لە پرۆسەی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە دەکات و دەڵێت،  "ئێمە چوار جۆری جیناتمان لە دڵکەکە دەرهێنا کە لەگەڵ دڵی مرۆڤدا جیاوازی هەبو، چونکە بەبێ دەرکردنی ئەوانە ئەگەر دڵەکەمان بچاندایە دەستبەجێ لەشی مرۆڤەکە ڕەتی دەکردەوە، پاشان شەش جۆر جیناتی ترمان تێکرد بۆ ئەوەی ئەو بەرازە زیاتر لە مرۆڤ نزیک بکاتەوە".
دڵی دەیڤد خەریک بو لە کارکردن بوەستێت بەهۆی هەندێک شتی تایبەتەوە نەتوانرابو دڵی مرۆڤی بۆ بچێنن
پزیشکەکەی دەیڤد بێنت، ئەو کەسەی کە دڵکەی بۆ چێندراوە، دکتۆر بارتلی گریفت دەڵێت، دڵی دەیڤد خەریک بو لە کارکردن بوەستێت بەهۆی هەندێک شتی تایبەتەوە نەتوانرابو دڵی مرۆڤی بۆ بچێنن ئەو پزیشکە بە دەنگی ئەمریکا راگه‌یاندوه‌، "ئەو نەخۆشە دو شتی گرنگی پێ وتم، ئەو وتی من نامەوێت بمرم و ئەگەر ئێوە ئەم کارە بکەن ڕەنگە بۆ خەڵکانێکی تر شتی لێوە فێربن".
هیچ بژاردەیەکی تر نەبو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دەیڤد بێنێت
هەتا ئێستا هیچ کات ئەندامێکی جەستەی ئاژەڵێک لە مرۆڤدا نەچێندراوە بۆیە دەبو مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاش وەربگیرێت و ئەمەش زۆر سەخت بو، پاشان FDA لەسەر بنەمای دو خاڵ مۆڵەتی نەشتەرگەرییەکەی دا. یەکەمیان ئەوە بو هیچ بژاردەیەکی تر نەبو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی دەیڤد بێنێت و دوهەمیش باشترین ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکانی دکترۆ مەحەمەد مەنسور محێدین بو.
ئەگەر ئەم کارە سەرکوتوبێت، ئەوەندە ئۆرگان زیاد دەکات کە هیچ کەسێک نامێنێت بەهۆی ئەوەوە گیانی لەدەستبدات کە ئۆگانی دەستنەکەوێت
لە دیمانەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا دکتۆر محێدین وتیشی، "مەبەستی من ئەوە بو ئەگەر ئەم کارە سەرکوتوبێت، ئەوەندە ئۆرگان زیاد دەکات کە پشتیوان بە خوا هیچ کەسێک نامێنێت بەهۆی ئەوەوە گیانی لەدەستبدات کە ئۆگانی دەستنەکەوێت".
هیچ مەبەستێک گەورەتر نییە لە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤ
لە ئاژەڵەکاندا بۆیە بەراز هەڵبژێردراوە چونکە شێواز و قەوارەی دڵەکەی زۆر لە مرۆڤەوە نزیکە، سەبارەت بەوەی کە خۆی پزیشکێکی مسوڵمانە و چۆن ئەم بڕیارەی داوە دکتۆر محێدین دەڵێت، "بۆ دڵنیابون لەوەی ئەم کارە لە ڕوی ئاینی و ئەخلاقییەوە گونجاوبێت بۆچونی زانایانی ئاینی هەر سێ ئاینە ئاسمانییەکە وەرگیراوە و وتی "لە کۆتاییدا هەمویان یەک بۆچونیان هەیە و منیش هەمان بۆچونم هەیە ئەوەیش ئەوەیە کە هیچ مەبەستێک گەورەتر نییە لە ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤ".
ئێستا دەیڤد بەبێ ئامێری دەستکرد بەو دڵەی بۆی چێندراوە دەژی
ئەو پزیشكه‌ دەڵێت، ئێستا دەیڤد بەبێ ئامێری دەستکرد بەو دڵەی بۆی چێندراوە دەژی، بۆ ئەم سەرکەوتنەی دەیەوێت شانازی بە پاکستانی بونی خۆیەوە بکات و دەخوازێت بە پاکستانی بناسێندێت، هەروەها دەشڵێت سەرکەوتنەکەی سەرکەوتنی هەمو تیمەکەیەتی لە بەشی پزیشکی زانکۆی مەریلاند نەک بەس خۆی.

دەیڤد بێنێت و پزیشکەکەی