هەواڵی ئەمڕۆ

پێش بەفربارین ئۆتۆمبێلەکەت ئامادە بکە

08:17 - 15/01/2022

4768جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بارینی بەفر و سپیبونی شەقام و شاخ و باخەکان ڕەنگە دیمەنێکی چێژ بەخش بێت و هەموان حەز بە بینینی ئەو دیمەنانە بکەن، بەڵام بۆ شۆفێران ئەرکەکەیان دەبێتە دو هێندەو بگرە زیاتریش لەکاتی شۆفێریکردن لە کەش و هەوای لەم جۆرەدا، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرپرسیاریەتییەکان و مانۆڕی شۆفێریکردن سەختتر دەبێت و ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخدا مەترسیدار بێت.

هێمن سالار، ڕێپێدراوی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی چەند ڕێنماییەک له‌باره‌ی ئاماده‌كاری ئۆتۆمبێل بۆ به‌فربارین ده‌خاته‌ڕو

یه‌كه‌م: ئامادەکردنی ئۆتۆمبێلەکەت بە دڵنیاکردنەوە لە چەند خاڵێکی گرنگ: 

پێویستە ئەنتی فرییز (شلەی دژە بەستن) بکەیتە ناو دەبەی ڕادێتەری ئۆتۆمبێلەکەت.

دڵنیاکردنەوە لە سیستەمی برێک لە ئۆتۆمبێلەکەتدا (سیستەمی ABS بەباشی کار بکات، نەبونی لیک و لێچون لە سیستەمی برێکدا) .

تایەی ئۆتۆمبێلەکەت پێویستە چاڵ و خەتەکانی لە ڕێژەی دیاریکراوی یاسایی کەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای کەم بێت.

فڵچەی جامەکان بە باشی کاربکات. 

سیستەمی گەرمی ئۆتۆمبێلەکە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی کار بکەن. 

پێویستە پاتری ئۆتۆمبێلەکەت نوێ بێت و هیچ کێشەی نەبێت.

دوه‌م: کەمکردنەوەی خێرایی بۆ ڕادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت واتا لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

سێیه‌م: پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆتۆمبێلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.

چواره‌م: ئیشکردنی ڕوناککەرەوە (گڵۆپ)ی نزم و ڕوناککەرەوەی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە چونکە بارینی بەفرو بونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

پێنجه‌م:  پێویستە به‌نزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

شه‌شه‌م: نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵک و بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

حه‌وته‌م: سەرداننەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.

هه‌شته‌م: بونی بەتانییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەت ئەگەر ناچاربویت گەشتێک بۆ دەرەوەی شارەکان ئەنجام بدەیت.

نۆیه‌م: دیاریکردنی خێرایی (تحدید سرعه‌ Cruise control) لەکاتی باران بارین و بەفردا بیکوژێنەرەوە چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لەخێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێراییت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئوتومبیلەکەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.

ده‌یه‌م: لەکاتی بونی حاڵەتی نەخوازراو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.