پۆلیسی هه‌ولێر: یانه‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌وانه‌ داخرا كه‌ كاری به‌دڕه‌وشتی تێدا ده‌كرا

11:23 - 14/01/2022

6014جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسه‌وه‌ یانه‌یه‌كی دیكه‌ی شه‌وانه‌ له‌ شاری هه‌ولێر داخرا كه‌ كاری نه‌شیا و به‌دڕه‌وشتی تێدا ده‌كرا.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پارێزگای هه‌ولێر بۆ ڕێكخستنی یانه‌كانی شه‌وانه‌، ئه‌مشه‌و به‌شی پۆلیسی شاره‌وانی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی قایمقامیه‌ت، هه‌ستان به‌ داخستنی یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ كه‌ كاری نه‌شیاو و به‌دڕه‌وشتی تێدا ده‌كرا.

هه‌ڵمه‌تی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر بۆ داخستنی یانه‌كانی شه‌وانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

له‌باره‌ی هه‌ڵمه‌تی داخستنی یانه‌كانی شه‌وانه‌شه‌وه‌ پۆلیسی هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر دەستیپێكردوە بۆ داخستنی یانه‌كانی شه‌وانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

هه‌ر شوێنێك كاری نه‌شیاو و دزێوی تێدا بكرێت و دوربێت له‌ ئاداب و دابونه‌ریتی ئێمه‌ و ببێته‌ هۆی بێزاری خه‌ڵك و لادان بێت له‌ یاسا روبه‌ڕوی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داده‌خرێت

پێشتریش، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌باره‌ی یانه‌كانی شه‌وانه‌ی هه‌ولێر و ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك ژن و پیاو له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی شه‌وانه‌ی هه‌ولێر ڕایگه‌یاندبو، "پێش سه‌ری ساڵ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌مه‌به‌ستی ڕێگه‌گرتن له‌ دیارده‌ی ناشیرین و دور له‌ ئادابی گشتی و ڕونه‌دانی ڕوداوی نه‌خوازراو و پاراستنی داب و نه‌ریت و ڕێكخستنی كار و پڕۆگرامی ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ بڕیارمان ده‌ركردوه‌ و هه‌ر شوێنێك كاری نه‌شیاو و دزێوی تێدا بكرێت و دوربێت له‌ ئاداب و دابونه‌ریتی ئێمه‌ و ببێته‌ هۆی بێزاری خه‌ڵك و لادان بێت له‌ یاسا روبه‌ڕوی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه‌ و داده‌خرێت، سزای تونديش ده‌درێت".

نیشانەکردن

هەولێر