وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق: پابه‌ندین به‌ پاراستنی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كان

09:33 - 14/01/2022

928جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، عێراق پابه‌نده‌ به‌ دابینكردنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كان، حكومه‌تیش رێكاره‌كانی بۆ دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌ ده‌ستپێكردوه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ ئاسایش و ئه‌منیه‌تی عێراق ناسه‌قامگیر بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌و موشه‌كانه‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وز به‌غدای پایته‌خت كران".

پابه‌ندبونی خۆمان بۆ دابینكردنی ئاسایش و ئه‌منیه‌ت و پاراستنی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كان دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ 
راشیگه‌یاند، "ئێمه‌ پابه‌ندبونی خۆمان بۆ دابینكردنی ئاسایش و ئه‌منیه‌ت و پاراستنی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسییه‌كان دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ و هه‌مو رێكاره‌كانیش بۆ ئاسانكردنی كاره‌كانیان وه‌ك له‌ ڕێككه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاماژه‌یان پێكراوه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ین".
ئاسایش و ئه‌منیه‌تی عێراق بژارده‌یه‌ك نییه‌ به‌ڵكو ڕێگایه‌كی حه‌تمییه‌
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختیشی له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كانی حكومه‌تی عێراق كرده‌وه‌، بۆ دادگاییكردنی تاوانباران و سزادانیان به‌پێی یاسا و ئه‌وه‌یخسته‌ڕو، "ئاسایش و ئه‌منیه‌تی عێراق بژارده‌یه‌ك نییه‌ به‌ڵكو ڕێگایه‌كی حه‌تمییه‌ بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراوه‌كانی و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌".

شانه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربازی رایگه‌یاند، ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ هێرشێكی تیرۆریستیی ترسنۆكانه‌ له‌ڕێگه‌ی موشه‌كه‌وه‌ و له‌ناوچه‌ی دۆره‌ی باشوری به‌غداوه‌ كرایه‌ سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ كچێك و ژنێك كه‌ له‌نێو قوتابخانه‌یه‌كدا بون برینداربون.

هه‌ر دوای ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كیه‌ش، باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق رایگه‌یاند، "ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ باڵیۆزخانه‌كه‌مان له‌لایه‌ن گروپه‌ تیرۆرستیه‌كانه‌وه‌ كرایه‌ ئامانج كه‌ ئه‌و گروپانه‌ كارده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی ئاسایشی عێراق و سه‌روه‌ریه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی لاواز بكه‌ن".

نیشانەکردن

عێراق