ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی باندێكی به‌تۆمه‌تی فێڵكردن و دزینی ئۆتۆمبێل راگه‌یاند

08:57 - 14/01/2022

5468جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، پاش روداوی فێڵكردن و دزینی هه‌شت ئۆتۆمبێل به‌ ناوی هه‌لیكار له‌ دو رۆژی رابردودا، تیمه‌كانیان ئه‌مشه‌و باندێكیان ده‌ستگیركردوه‌.

ئاسایشی هه‌ولێر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، پاش روداوی فێڵكردن و دزینی هه‌شت ئۆتۆمبێل به‌ ناوی هه‌لیكار له‌ دو ڕۆژی رابردو له‌ شاری هه‌ولێر، تیمه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان هه‌ڵسان به‌ ئه‌ركی خۆیان و به‌ هاوكاری  پۆلیسی هه‌ولێر توانیان ئه‌مشه‌و ئه‌و بانده‌ ده‌ستگیر بكه‌ن".

سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان ده‌درێنه‌ دادگا بۆ وه‌رگرتنی سزای یاسایی خۆیان

ئاسایشی هه‌ولێر، هیچ زانیاریه‌كی له‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئه‌و بانده‌ و چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌یان ئاشكرانه‌كردوه‌ و راشیگه‌یاندوه‌، "سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان ده‌درێنه‌ دادگا بۆ وه‌رگرتنی سزای یاسایی خۆیان".

هه‌فته‌ی رابردو كۆمپانیایه‌ك له‌شاری هه‌ولێر به‌ناوی هه‌لی كاره‌وه‌ داوای له‌هاوڵاتیان كردوه‌ هه‌ر كه‌سێك  ئۆتۆمبێلی لاندكرۆزه‌ری سه‌روی 2017ی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكات

پێشتر خه‌ندان بڵاویكرده‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردو كۆمپانیایه‌ك له‌شاری هه‌ولێر به‌ناوی هه‌لی كاره‌وه‌ داوای له‌هاوڵاتیان كردوه‌ هه‌ر كه‌سێك  ئۆتۆمبێلی لاندكرۆزه‌ری سه‌روی 2017ی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكات تاوه‌كو كاریان له‌گه‌ڵ بكات، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌شت كه‌س داواكاریان پێشكه‌شكردوه‌ كه‌ هه‌ندێكیان له‌پێناو ئه‌و هه‌لی كاره‌دا خانوه‌كانیان فرۆشتوه‌ و بونه‌ته‌ كرێچی.

مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بگوازرێنه‌وه‌

كۆمپانیاكه‌ به‌ناوی به‌ستنی GPS هه‌شت ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بردوه‌ و له‌شه‌وی رابردوه‌وه‌ چاره‌نوسی ئۆتۆمبێله‌كان نادیاره‌، خاوه‌نی ئۆتۆمبێله‌كانیش باس له‌وه‌ده‌كه‌ن داواكارن له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی شاری هه‌ولێر به‌زوترینكات به‌دواداچون بكه‌ن بۆ بابه‌ته‌كه‌ چونكه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بگوازرێنه‌وه‌ كه‌ نرخی هه‌ر یه‌كێكیان له‌سه‌روی 50 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكییه‌وه‌یه‌.

پێیان وتراوه‌ ده‌بێت GPS له‌ ئۆتۆمبێله‌كانتاندا دابنرێت و نابێت خۆشتان بێن، چونكه‌ نابێت ئێوه‌ بزانن GPSكه‌ له‌كام شوێنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ داده‌نرێت

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان كۆمپانیاكه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، مانگانه‌ بڕی 1800 دۆلار ده‌ده‌نه‌ هه‌ر شۆفێرێك، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وان ده‌یڵێن كۆمپانیاكه‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ ئۆتۆمبێله‌كان له‌ جۆری لاندكرۆزه‌ر بێت، دوای ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیان بردوه‌ بۆ كۆمپانیاكه‌، پێیان وتراوه‌ ده‌بێت GPS له‌ ئۆتۆمبێله‌كانتاندا دابنرێت و نابێت خۆشتان بێن، چونكه‌ نابێت ئێوه‌ بزانن GPSكه‌ له‌كام شوێنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ داده‌نرێت.

نیشانەکردن

هەولێر