له‌ڕێگه‌ی 20 تیمه‌وه‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر دیاریده‌كرێت

07:51 - 14/01/2022

1279جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و فه‌رمانی پارێزگار بڕیاردراوه‌ به‌ پێكهێنانی زیاتر له‌ 20 تیم بۆ خه‌مڵاندنی زه‌ره‌ر و زیانه‌كانی لافاوه‌كه‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێری گرته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ و فه‌رمانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، تیمه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر بۆ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی خه‌مڵاندنی زیانه‌كان و به‌دواداچون بۆ داواكاریی زیالێكه‌وتوان به‌هاوكاری تیمه‌كانی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و شاره‌وانیه‌كانی ده‌وروبه‌ر و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و خۆبه‌خشان، زیاتر له‌ 20 تیم پێكهێنرا.

 تیمه‌كان ده‌ستیانكردوه‌ به‌ خه‌مڵاندنی زه‌ره‌رو زیانه‌كان

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، تیمه‌كان ده‌ستیانكردوه‌ به‌ خه‌مڵاندنی زه‌ره‌رو زیانه‌كان، پاشان هه‌ڵمه‌تی پاكردنه‌وه‌ و لادانی پاشماوه‌ی لافاوه‌كان و گه‌یاندنی پێداویستی سه‌ره‌تایی و كه‌لوپه‌ل بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ پێویستیان پێیه‌تی ده‌ستیپێكرد.

سه‌رجه‌م تیمه‌كان تاوه‌كو دره‌نگانی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پڕۆسه‌كانی خه‌مڵاندن و تۆماركردنی داتاكان

پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سه‌رجه‌م تیمه‌كان تاوه‌كو دره‌نگانی شه‌و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پڕۆسه‌كانی خه‌مڵاندن و تۆماركردنی داتاكان، بۆ هاوكاریكردنی به‌په‌له‌ی زیانلێكه‌وتوان.

نیشانەکردن

هەولێر