هاتوچۆی هه‌ولێر: سه‌ڵاح مۆنیكا له‌سه‌ر چه‌ندین تاوان ده‌ستگیركراوه‌ نه‌ك یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوانی لافاوه‌كه‌

07:16 - 14/01/2022

32983جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ و به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی چه‌ندین تاوان كه‌سێك به‌ناوی "سه‌ڵاح مۆنیكا" ده‌ستگیركراوه‌ نه‌ك له‌سه‌ر یارمه‌تیدانی لێقه‌وماوانی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر، به‌شێك له‌ تاوانه‌كانیشی كه‌ ئه‌نجامداوه‌ به‌ ڤیدیۆ خۆی بڵاویكردونه‌ته‌وه‌. 

هاتوچۆی هه‌ولێر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی هه‌ولێر، به‌بڕیاری دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر كه‌سێك به‌ناوی (سه‌ڵاح مۆنیكا) كه‌ خاوه‌نی ئۆتۆمبێلێكی تایبه‌ته‌ له‌جۆری لاندكرۆز  ده‌ستگیركرا، هۆكاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌شی كۆمه‌ڵێك تاوان و سه‌رپێچی بوه‌ كه‌ دوێنی به‌یانی له‌كاتی كۆبونه‌وه‌ی ئاو له‌هه‌ندێك له‌شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر ئه‌نجامی دابون.

ده‌ستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌شی كردوه‌ و به‌شێكی شاردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان تاوانه‌

راشیگه‌یاند، "یه‌كێك له‌تاوانه‌كان تێكشكاندنی هێماكانی هاتوچۆ به‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی و هه‌روه‌ها شكاندن و شێواندنی شۆسته‌كان له‌هه‌ندێك شوێن كه‌ به‌سه‌ركه‌وتن و شكاندنه‌كه‌ش ته‌نها بۆنیشاندانی هێزی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بوه‌، له‌هه‌مانكاتدا ده‌ستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌شی كردوه‌ و به‌شێكی شاردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان تاوانه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستكاری ئاكاری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كردوه‌ به‌بێ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆیه‌ و ئه‌مه‌شیان سه‌رپێچی یاسای هاتوچۆیه‌".

ه‌باره‌ت به‌هه‌مو تاوان و سه‌رپێچیه‌كانی كه‌ ئه‌نجامدراون به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیی و دۆكیۆمێنت هه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێكی له‌لایه‌ن كه‌سی خۆیه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌

هاتوچۆی هه‌ولێر رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، "ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی جگه‌ له‌و تاوان و سه‌رپێچیانه‌ هیچی دیكه‌ی به‌دواوه‌ نه‌بوه‌، په‌یوه‌ندی به‌یارمه‌تیدانی خه‌ڵكه‌وه‌ نه‌بوه‌ له‌كاتی لافاوه‌كه‌دا، چونكه‌ هیچ كات حكومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌سێك ده‌ستگیر ناكه‌ن له‌سه‌ر یارمه‌تیدانی خه‌ڵك به‌ڵكو ده‌ستخۆشیشی لێده‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به‌هه‌مو تاوان و سه‌رپێچیه‌كانی كه‌ ئه‌نجامدراون به‌ڵگه‌ی ڤیدیۆیی و دۆكیۆمێنت هه‌یه‌، كه‌ هه‌ندێكی له‌لایه‌ن كه‌سی خۆیه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌".

نیشانەکردن

هاتووچۆی هەولێر