وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا هۆشداریده‌داته‌ روسیا

05:41 - 14/01/2022

1001جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

كریستین لامبێرت وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا هۆشداری ده‌داته‌ روسیا ئه‌گه‌ر هه‌ر هێرشێك بۆسه‌ر ئۆكرانیا ئه‌نجامبدات و رایده‌گه‌یه‌نێت، " ئاسایشی هاوپه‌یمانه‌كانمان ئاسایشی ئێمه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا".
 
كریستین لامبێرت له‌میانه‌ی ئاماده‌بونی له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، "ڕوسیا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ڤیتۆی نییه‌ كاتێك ده‌ستوه‌ردان له‌ كێشه‌كانی هاوپه‌یمانان بكات و ناتوانێت بێزارمان بكات، هه‌مو رێگا و شێوازه‌كانیش به‌كارده‌هێنین بۆئه‌وه‌ی ململانێكان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌".

 ئاسایشی هاوپه‌یمانه‌كانمان ئاسایشی ئێمه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا

وتیشی، "ناتۆ و یه‌كێتی ئه‌وروپا پێویسته‌ له‌ نزیكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، ئاسایشی هاوپه‌یمانه‌كانمان ئاسایشی ئێمه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا".

ئاسایشی ئه‌وروپا ڕوبه‌ڕوی ئاڵنگاری گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌

وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا باسی له‌وه‌شكرد، "ئاسایشی ئه‌وروپا ڕوبه‌ڕوی ئاڵنگاری گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌، بڵاوبونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ڕوسیاش له‌سه‌ر سنوری ئۆكرانیا هه‌مو یاساكانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ پێشێل ده‌كات".

كریستین لامبێرت داواشی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی روسیا كرد، رێز له‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرن و هیچ هێرشێكی سه‌ربازی بۆسه‌ر ئۆكرانیا ئه‌نجام نه‌ده‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌وروپای هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن روسیا ناچار بكه‌ن هێزه‌كانی له‌نزیك سنوری ئۆكرانیا بكشێنێته‌وه‌، هاوكات روسیاش كۆمه‌ڵێك داواكاری ئاڕاسته‌ی ئه‌مریكا و وڵاتانی رۆژئاوا كردوه‌، یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ نابێت ئۆكرانیا ببێته‌ ئه‌ندام له‌ رێكخراوی ناتۆ.

نیشانەکردن

روسیا