كێشه‌ی هێڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای ئه‌زمه‌ڕ-ده‌ربه‌ندیخان چاره‌سه‌ركرا

05:28 - 14/01/2022

612جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاند،  ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌ هێڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای ئه‌زمڕ- ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ دروستبو، به‌هه‌وڵی تیمه‌كانیان توانرا چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌ئێستاشدا پێدانی كاره‌با ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌ندازیار سامان سابیر ئیسماعیل لێپرسرای هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی وزه‌ی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌ند، كێشه‌ی هێڵی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای ئه‌زمڕ- ده‌ربه‌ندیخان چاره‌سه‌ركراو ڤۆڵتییه‌ی خرایه‌وه‌ سه‌ر، كه‌ كاتژمێر 2:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌هۆی شۆرته‌وه‌ كه‌وت.

ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانمان ده‌ستیان كرد گه‌ڕان و پشكنین و توانیان شۆرته‌كه‌  بدۆزنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بكه‌ن

وتیشی، "هه‌ر دوای دروستبونی كێشه‌كه‌، ده‌ستبه‌جێ تیمه‌كانمان ده‌ستیان كرد گه‌ڕان و پشكنین و توانیان شۆرته‌كه‌  بدۆزنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بكه‌ن".

پێشتریش،  سامان سابیر رایگه‌ندبو، له‌ كاتژمێر 2:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی هێڵی گواستنه‌وه‌ی 132 كه‌یڤی ئه‌زمڕ -ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی شۆرت كه‌وتوه‌ و تیمه‌نیشیان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڕان و پشكنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی شۆرته‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی.

تا دۆزینه‌وه‌ی شۆرته‌كه‌، ئه‌و فیده‌رانه‌ی له‌و دو وێستگه‌وه‌ ده‌رده‌چن بێ كاره‌با ده‌بن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی كه‌وتنی هێڵه‌كه‌ هه‌ردو وێستگه‌ی مۆبایلی باریكه‌ و كازیوه‌ بێ كاره‌با بون،  بۆیه‌ تا دۆزینه‌وه‌ی شۆرته‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ ئه‌و فیده‌رانه‌ی له‌و دو وێستگه‌وه‌ ده‌رده‌چن بێ كاره‌با ده‌بن.