خەندان-
پرسی کۆکردنەوەی هێز لەلایەن روسیا لەنزیک سنورەکانی ئۆکرانیا، ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆی روبەڕوی کاردانەوەی توندکردوەتەوە و دەڵێن، ئەگەر مۆسکۆ هێزەکانی نەکشێنێتەوە "روبەڕوی سزای توند دەبێتەوە".
ئامادەین بۆ گفتوگۆی خێرا و راستەوخۆ لەگەڵ روسیا
کریستیان جەیمس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، "ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆی خێرا و راستەوخۆ لەگەڵ روسیا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکرانیا".
ئومێدەوارین دیپلۆماسییەت لە جێگەی جەنگ هەڵبژێرن
وتیشی، ئەگەر مۆسکۆ بەئاڕاستەی هێرشی سەربازی بەرەو ئۆکرانیا جوڵە بکات، "سزاکانمان بۆ روسیا زۆر توند دەبن، بۆیە ئومێدەوارین دیپلۆماسییەت لە جێگەی جەنگ هەڵبژێرن".
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوروپای هەوڵی ئەوە دەدەن روسیا ناچار بکەن هێزەکانی لەنزیک سنوری ئۆکرانیا بکشێنێتەوە، هاوکات روسیاش کۆمەڵێک داواکاری ئاڕاستەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کردوە، یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەیە نابێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ.