خەندان-
هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەكگرتو رایگەیاند، هەرچەندە دیاریکردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد دەسکەوتێکی سیاسی و نەتەوەیی بوە بۆ گەلی کورد بە گشتی، بەڵام "ململانێی نادروست لەسەر ئەو پۆستە، خەریکە پێگەی هەرێم لاوازتر دەکات".
دیاریکردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ کورد دەسکەوتێکی سیاسی گرنگ بوە
هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بەوەشکردوە، "تەرخانکردنی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد لە عێراقی دوای ڕژێمی بەعس ، دەسکەوتێکی سیاسی و نەتەوەیی بو بۆ گەلی کورد بە گشتی".
ململانێ و سیاسەتی نادروست لەسەر پۆستەکە، پێگەی سیاسی ھەرێم لاواز دەکات
ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەڵام بەداخەوە بەھۆی ململانێ و سیاسەتی نادروستەوە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە سیادیە، خەریکە دەبێتە گاڵتەجاڕی و ھۆکارێکی تری لاوازبونی پێگەی سیاسی ھەرێم".
26 کەس خۆیان کاندیدکردوە، لەو ژمارەیەش 11 کەسیان کوردن
دوای ئەوەی کاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە وادەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کۆتاییهات، بەگوێرەی ئاماری پەرلەمان 26 کەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردوە، لەو ژمارەیەش 11 کەسیان کوردن.
هەرچەندە پەرلەمانی عێراق بەفەرمی ناوی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام تائێستا ناوی شەش کەس زانراوە کە خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدکردوە ئەوانیش پێکهاتون لە د.بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هۆشیار زێباری وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبوار ئەوڕەحمان وەک کاندیدی نەوەی نوێ (هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک)، هەروەها خالید شێخ سدیق، لەتیف رەشید و حاکم رزگار خۆیان کاندیدکردوە.