كاره‌با له‌باره‌ی "پسوڵه‌یه‌كی 54 ملیۆن دینار"ی رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

07:21 - 13/01/2022

9041جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای گه‌رمیان رایگه‌یاند، به‌ هه‌ڵه‌ پسوڵه‌یه‌كی 54 ملیۆن دیناری وه‌ك كرێی كاره‌با بۆ هاوڵاتیه‌ك گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ئێستاشدا لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یان پێكهێناوه‌ و ده‌ركه‌وتوه‌، ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ بوه‌.

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای گه‌رمیان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردو له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان سكاڵای هاوڵاتیه‌ك له‌قه‌زای كفری بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌بڕی 54 ملیۆن دینار پاره‌ی كاره‌بای بۆ هاتوه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیمان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا له‌سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌ی بۆ ئه‌و هاوڵاتیه‌ هاتوه‌ته‌وه‌.

له‌ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وت به‌هۆی هه‌ڵه‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیه‌ هاتوه‌ته‌وه‌

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "له‌ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وت به‌هۆی هه‌ڵه‌ی كۆمپیوته‌ره‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ ئه‌و هاوڵاتیه‌ هاتوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ش پێش ئه‌وه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك بۆ هاوڵاتیه‌كه‌ ببه‌سترێت كراوه‌، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیمان له‌ڕێگای نوسراوه‌ داوا له‌وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌كات بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ كاره‌بایه‌ی ئه‌و هاوڵاتیه‌ به‌كاریهێناوه‌ چونكه‌ له‌كاتی هه‌ڵه‌خوێندنه‌وه‌ بڕه‌كه‌ی پێنج ملیۆن دینار زیاتر بێت له‌ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاره‌تی كاره‌بایه‌ ڕه‌زامه‌ندی بده‌ن به‌ڕاستكردنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌".

سەبارەت بەو كارمەندەی كە پسوڵەكەی بەهەڵە بۆ ئەو هاوڵاتیە كردوە، كاره‌بای گه‌رمیان باسی له‌وه‌شكردوه‌، ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ی هه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

نیشانەکردن

كاره‌با