زانیاری نوێ لەبارەی رەوانەکردنی 200 ملیارەکە دەخرێتەڕو

04:25 - 11/01/2022

21445جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بڕیاریداوە بەردەوام بێت لە رەوانەکردنی 200 ملیارەکەی پشکی هەرێم و "به‌ دڵنیاییەوە بڕه‌ پاره‌که‌ ده‌نێرێت".

 ناردنى 200 ملیار دیناره‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت
فارس عیسا، نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا بە ماڵپەڕی فه‌رمیى پارتی راگەیاندوە، "له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ى ئێستا له‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌یه‌، ناردنى 200 ملیار دیناره‌که‌  به‌پێى پرۆژه‌یاسای نوێى دارایى (بودجه‌ى ساڵى داهاتو) به‌ هه‌مان شێوەی‌ ئێستا به‌رده‌وام ده‌بێت تا په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌یاساى ساڵی 2022 ".
تا ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌ک لەسەر پشکی هەرێم نییه‌ 
ئاماژەی بەوەشكردوە، "له‌ ئه‌گه‌رى په‌سه‌ندنه‌کردنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ له‌ ساڵى داهاتو، به‌پێى یاسایى ئیداره‌ى ماڵى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ئێستا بۆ هه‌مو عێراق وه‌ک خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ 200 ملیاره‌که‌ى هه‌رێمیشه‌وه‌ و تا ئێستا هیچ مه‌ترسییه‌ک نییه‌ له‌و ڕوه‌وه‌".
به‌ دڵنیاییەوە بۆ ئه‌م مانگه‌ش حکومه‌تى عێراق 200 ملیار دیناره‌که‌ ده‌نرێت
لەبارەی رەوانەکردنی 200 ملیارەکە بۆ مانگی 12ی ساڵی رابردوش، نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دەڵێت، "به‌ دڵنیاییەوە بۆ ئه‌م مانگه‌ش حکومه‌تى عێراق 200 ملیار دیناره‌که‌ ده‌نرێت".

ناوەڕاستی ساڵی رابردو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانه‌ 200000000000  (دو سه‌د ملیار) دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، تیایدا هاتبو، بڕیاره‌كه‌ش تا ئه‌و كاته‌ كاری پێده‌كرێت كه‌ ورده‌كاری دارایی نێوان هه‌رێم و به‌غدا رێكده‌خرێت و دواتریش بڕی پاره‌كه‌ زیاد یان كه‌م ده‌كات.