هەواڵی ئەمڕۆ

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران محه‌مه‌د حه‌لبوسی بانگهێشتی تاران ده‌كات

11:08 - 11/01/2022

3175جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

محه‌مه‌د باقر قالیباف سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بروسكه‌یه‌كی ئاراسته‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی كرد بۆ پیرۆزباییكردن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و داوایكرد، حه‌لبوسی سه‌ردانی تاران بكات.

محه‌مه‌د باقر قالیباف له‌بروسكه‌یه‌كی پیرۆزباییدا كه‌ ئاراسته‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی كردوه‌ به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و رایگه‌یاندوه‌، "دڵنیام كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات، به‌ره‌و پێشچونی به‌رچاو به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا".

هه‌ماهه‌نگیی په‌رله‌مان وه‌ك به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌كانی نێوان تاران و به‌غدایه‌

محه‌مه‌د باقر قالیباف باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هه‌ماهه‌نگیی په‌رله‌مان وه‌ك به‌شێكی گرنگی په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌كانی نێوان تاران و به‌غدایه‌ و ده‌بێته‌ هۆی زیاتر پته‌وكردن و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵات له‌ ئاستی جیاجیادا".

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران بانگهێشتی هاوتا عێراقییه‌كه‌ی كرد بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی تاران بكات

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شورای ئێران بانگهێشتی هاوتا عێراقییه‌كه‌ی كرد بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی تاران بكات و هیوای خواست به‌زوترینكات سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت و داوایكرد، هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی حه‌لبوسی ببێته‌ مایه‌ی خێر و سه‌رفرازی بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی عێراق.

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردو، یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چو، محه‌مه‌د حه‌لبوسی به‌ 200 ده‌نگ به‌ سه‌رۆك،  حاكم زاملی به‌ 182 ده‌نگ به‌ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌ 180 ده‌نگ به‌ جێگری دوه‌م هه‌ڵبژێردران.