هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرتەوازەبونی کورد؛ شەوی رابردو چی رویدا؟

12:23 - 10/01/2022

12007جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا 

شەوی 9ی کانونی دوەم بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، شەمەندۆفێری پێنجەمین خولی پەرلەمان و حکومڕانی لەدوای 2003ەوە کەوتەڕێ و کوردیش بەزیاد لە دو ئاڕاستە و بەپەرتەوازەیی سەنگەری لە بەغدا دانا، لایەنەکانیش وەک خۆیان دەڵێن کێشەی کورد لە بەغدا پرسی نەتەوەیی و مافە، بەڵام لەیەکەمین قۆناغدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ماڵیان جیاکردەوە و ناکۆکی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیدا کێشایەوە.

 

پارتی بە تەنها چوە رێککەوتن لەگەڵ سوننەکان و رەوتی سەدر

 

پارتی دیموکراتی کوردستان کە گەورەترین فراکسیۆنی کوردییە لە بەغدا شەوی رابردو بەتەنها چوە رێککەوتن لەگەڵ سوننەکان و رەوتی سەدر بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەجۆرێک سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکە دەنگیاندا بە محەمەد حەلبوسی وەک سەرۆک، حاکم زاملی وەک جێگری یەکەمی سەرۆک و شاخەوان عەبدوڵا وەک جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان.

وەک فراکسیۆنی پارتی دەنگماندا بە محەمەد حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان

شوان محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی به‌ خەندان-ی راگه‌یاند، "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوین لەکۆبونەوەی دەنگدان بە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی و بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەنگماندا بە محەمەد حەلبوسی کاندیدی سوننەکان و بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانیش دەنگماندا بە حاکم زاملی، هاوکات د. شاخەوان عەبدوڵا لەسەر پشکی پارتی وەک جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا".

شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی وەک جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا

شەوی رابردو شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی 180 دەنگ وەک جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، هاوکات سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک وەک رکابەری شاخەوان عەبدوڵا خۆی کاندید کردبو، توانی 33 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.

 

یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکەی کرد

 

پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بەهۆکاری ئەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێتەهۆی قوڵبونەوەی ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە، لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی حزبەکەیان و پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان، هۆڵی کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقیان جێهێشت.

وەک فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دەنگدانمان نەکرد بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان

كوردە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ خەندان-ی راگه‌یاند، "ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دەنگدانمان نەکرد بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، چونکە سەرەتا دەبێت کارنامەیەک هەبێت لەسەری رێککەوین ئینجا بەشداری دەنگدان بکەین و بزانین ئەم کابینەیە چی پێیە بۆ کورد، خاڵی دوەمیش ئەوەبو شاندی یەکێتی بڕیاریدابو نەبێتە بەشێک لە هەڵوەشاندنەوەی ناوماڵی شیعە و برینەکانی نێوانیان قوڵ نەکەینەوە".

هیوادارین ئەو دابەشبونە لەهەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماردا دوبارە نەبێتەوە 

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باس له‌وه‌شده‌كات، فراکسیۆنی یەکێتی هیوادارە ئەو دابەشبونەی ناو ماڵی کورد کە لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا رویدا، لە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماردا دوبارە نەبێتەوە کە د.بەرهەم ساڵح تاکە کاندیدی یەکێتییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بۆیە داوا دەکەن و ئومێدەواریشن کورد لەئێستاوە کاربکات بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەسەر پشک و مافەکانی کورد لەبەغدا.

 

نەوەی نوێ کاندیدی هەبو بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان 

 

پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی "هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک" کە هاوپەیمانییەکە لە نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بزوتنەوەی ئیمتیداد پێکهێنراوە، بۆ هەردو پۆستی جێگری یەکەم و دوەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدی رکابەریان هەبو و بەشدارییانکرد لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە هۆڵی پەرلەمان مایەوە و بەشداریمانکرد لە پڕۆسەی دەنگدان

رێبوار ئەورەحمان، ئەندامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە خەندان-ی راگەیاند، "هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک" بۆ پۆستی یەکەمی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندیدی هەبو، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانیش لە هۆڵی پەرلەمان ماونەتەوە و بەشدارییانکردوە لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی.

هاوپەیمانی لە پێناوی خەڵک کاندیدی  بۆ پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان هەبو

هاوپەیمانی لە پێناوی خەڵک بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان حەمید عەباسی لە بزوتنەوەی ئیمتیداد کاندید کرد و توانی 34 دەنگ بەدەستبهێنێت، هاوکات بۆ پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانیش سروە عەبدولواحیدی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کاندید کرد کە توانی 33 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.

 

یەکگرتو لە هۆڵی پەرلەمان مایەوە و بەشداری دەنگدانی نەکرد

 

یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کە چوار کورسی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان بەدەستهێناوە، دوێنێ لەسەری زاری د.موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری ئەو حزبە لەبەغدا رایگەیاند، کە کاندیدیان هەیە بۆ پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی کوردە، بەڵام لەکاتژمێرەکانی کۆتایی دەنگدان بۆ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی موسەننا ئەمین کە کاندیدی پۆستەکە بو، کشانەوەی خۆی راگەیاند.

ئەندامەکانمان ئازادبون لە دەنگدان و دەنگنەدان بەکاندیدانی دەستەی سەرۆکایەتی

دارا سێکانیانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، فراکسیۆنی یەکگرتو لەکۆبونەوەی رۆژی یەکشەممەی پەرلەمان تا هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی لەهۆڵی پەرلەمان مایەوە، چونکە باوەڕی وابو ئامادەبونی 325 پەرلەمانتار لەکۆی 329 پەرلەمانتار یاساییبونی کۆبونەوەکە دەسەلمێنێت، بەڵام ئەندامەکانیان ئازادبون لە دەنگدان و دەنگنەدان بەکاندیدانی دەستەی سەرۆکایەتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، فراکسیۆنەکەیان بەئامانجی زیاتر پەرتەوازەنەبونی دەنگەکانی کورد و لەبەژەوەندی سروەی عەبدولواحید، کاندیدی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، بڕیاریدا کاندیدەکەی خۆی بکشێنێتەوە.

 

کۆمەڵ: رێککەوتنمان نەبو بۆ دەنگدان بەئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی

 

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، بەشداری پرۆسەی دەنگدانی کردوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بایکۆتی دانیشتنەکەی نەکردوە.

 

لەبارەی دەنگدانی کۆمەڵی دادگەری کوردستانیش بۆ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ وتی، "ئێمە رێککەوتنی نهێنی و پێشوەختمان نەبو بۆ دەنگدان بە هیچ کام لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی".

محەمەد حەلبوسی بەدەنگی 200 پەرلەمانتار بوە سەرۆکی پەرلەمان

شەوی رابردو پەرلەمانی عێراق دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد، دەستەی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەم شێوەیەیە: محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان 200 دەنگ، حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان 182 دەنگ و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان 180 دەنگ.