هەواڵی ئەمڕۆ

عومەر گوڵپی‌: داهاتی هەرێم لە مانگی رابردودا 832 ملیار دینار بوە

12:16 - 10/01/2022

2148جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان رایگەیاند، هەرچەندە پێویست بو لە 1ی ئەم مانگەوە دابەشکردنی موچەی مانگی 12 کۆتایی بێت، بەڵام نۆ ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیە تپەڕیوەو هێشتا زیاتر لە نیوەی وەزارەت و دەستەکان موچەیان وەرنەگرتوە، دەشڵێت، "داهاتی هەرێم لە مانگی رابردودا 832 ملیار دینار بوە و بەبێ بەغدا دەتوانرێت موچە دابەشبکرێت".

نۆ ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیە تپەڕیوەو هێشتا زیاتر لە نیوەی وەزارەت و دەستەکان موچەیان وەرنەگرتوە
عومەر گوڵپی‌ لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشكردوە، "دەبو ڕۆژی 1ی 1ی 2022 کۆتا ڕۆژی‌ دابەشکردنی‌ موچەی‌ مانگی‌ دوانزەی‌ ساڵی 2021ی فەرمانبەران و موچەخۆران بوایە، بەڵام نۆ ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیە تپەڕیوەو هێشتا زیاتر لە نیوەی وەزارەت و دەستەکان موچەیان وەرنەگرتوە".
 بە پێی‌ ژمارەکانی‌ حکومەت خۆی‌ داهات بریتیە لە (832 ملیار) دنیار
ئاماژەی بەوەشکردوە، "داهاتی‌ حکومەت لە مانگی‌ دوانزە بەپێی زانیارییەکانی حکومەت خۆی بەمجۆرەیە لە (نەوت)ەوە بڕی‌ (512) ملیار دینار، لە (گومرگ)ەوە بڕی‌ (150) ملیار دینار، لە (باج)ەوە بڕی‌ (50) ملیار دینار، لە (ڕسومات)ەوە 100 ملیار دینار، لە (هاوکاری‌ هاوپەیمانان)ەوە 26 ملیار دینار. کۆی‌ گشتی‌ داهاتی مانگی‌ دوانزەی ساڵی 2021 بەبێ بەغداو بە پێی‌ ژمارەکانی‌ حکومەت خۆی‌ بریتیە لە (832 ملیار) دنیار".
 قوت و موچەی خەڵک بوەتە قوربانی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان
ئاماژەی بەوەشکردوە، "حکومەت ئەتوانێت بە داهاتەکانی (نەوت و ناوخۆ) موچەی سەرجەم وەزارەت و چین و توێژەکان دابەش بکات‌و چاوەڕێی‌ (200) ملیاری‌ بەغدا نەکات، ئەگەر هەمو ئەو پارانە بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی و وەزارەتی دارایی. چونکە زۆر بەڕونی دیارە کە قوت و موچەی خەڵک بوەتە قوربانی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانی نیوان هەردووحزبی دەسەڵات".
موچە جوڵێنەرێکی‌ گەورەی‌ ڕەوڕەوەی‌ ئابورییە لە کوردستان
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "یەکێک لە بەڵێنە زەقەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت ئەوەبو کە لە ٢٥ی‌ هەمو مانگێک دەست بە دابەشکردنی‌ موچە دەکەن‌و لە یەکی‌ مانگ کۆتایی‌ پێدێنن! پێویستە حکومەت ڕونکردنەوە بدات بە خەڵک لەسەر جێبەجێ نەکردنی ئەم بچوکترین بەڵێنەی خۆی. هەروەها ژمارەیەکی‌ زۆر لە هاووڵاتی‌‌و خێزان لە کوردستان موچەیان نیەو لە دۆخی‌ خراپی‌ ژیاندان، ژمارەیەکی‌ زۆر گەنجان بێکارن، بەڵام موچە کاریگەریی‌ گەورەی‌ لەسەر ژیان‌و بازاڕو ئابوری‌ هەیە و جوڵێنەرێکی‌ گەورەی‌ ڕەوڕەوەی‌ ئابورییە لە کوردستان".
 حزبەکانی دەسەڵات موچەو قوتی خەڵک نەکەنە قوربانی ململانێکانیان
عومەر گوڵپی داوا دەکات حزبەکانی دەسەڵات "موچەو قوتی خەڵک نەکەنە قوربانی ململانێ و ناکۆکیە سیاسییەکانیان و شەڕەکانی خۆیان بە برسیکردنی هاوڵاتی بەشمەینەتی كوردستان نەكەن، ئایا دەسەڵات ئەزانێت ئەگەر وەڵامی ئەم کەمترین داوایە نەداتەوە ئایندەی کوردستان ڕووی لە کوێیە؟".