هەواڵی ئەمڕۆ

موچه‌ به‌ سستی دابه‌شده‌كرێت؛ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی موچه‌ی وه‌زاره‌تێك ده‌درێت

09:10 - 09/01/2022

30492جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ گه‌نجینه‌كانی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ و سبه‌ی موچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، هۆكاری سه‌ره‌كی خاوی دابه‌شكردنی موچه‌ی بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

  ئه‌مڕۆ و سبه‌ی موچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شدەكرێت
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ گه‌نجینه‌كانی پارێزگای سلێمانی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریه‌وه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی موچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شبكرێت، هێشتا نازانرێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ موچه‌ی كوێی دیكه‌ دابه‌ش ده‌كرێت.
داهاتی ناوخۆ به‌پێی دو حوكمڕانی و دو حزبڕانی دابه‌شكراوه‌
7ی ئه‌م مانگه‌، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، رایگه‌یاند، "یه‌كێك له‌ كێشه‌كان بۆ دابینكردنی موچه‌ كێشه‌ی داهاتی ناوخۆیه‌، ئه‌وه‌ نیه‌ بڵێین خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت هه‌یه‌ و پاره‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نا، داهاتی ناوخۆ به‌پێی دو حوكمڕانی و دو حزبڕانی دابه‌شكراوه‌، جگه‌ پاره‌ی نه‌وت و 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا 161 ملیار دیناری دیكه‌ پێویسته‌ بۆ موچه‌، ئیداره‌ی سلێمانی 43%ی دابین ده‌كات كه‌ نزیكه‌ نزیكه‌ی 70 ملیاره‌ و هه‌ولێر و دهۆكیش 93 ملیاری دابین ده‌كات، ئیتر په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نیه‌ داهاتی سلێمانی چه‌نده‌ و هه‌ولێر چه‌نده‌".
شتێك ناوی قاسه‌ی حكومه‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، بۆ خه‌رجییه‌كانیش هه‌روایه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "سلێمانی بۆ ته‌مویلی موچه‌ ده‌بێت 71 ملیار دینار بدات، به‌ڵام ته‌نها داهاتی مانگی رابردوی كاره‌با 73 ملیار دیناربوه‌، باشماخ و په‌روێزخان مانگی 11ی 2021 وه‌ك نمونه‌ وه‌ربگرین 47 ملیار دینار بوه‌، جگه‌ له‌ پاره‌ی مرور و روسمات و باج، له‌ولاش داهاتی مانگێكی ئیبراهیم خه‌لیل و حاجی ئۆمه‌ران نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 110 ملیار دینار به‌ڵام هه‌مو ته‌مویلی موچه‌ی سنوری پارتی 93 ملیاره‌، واتا شتێك ناوی قاسه‌ی حكومه‌ت و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت، بۆ خه‌رجییه‌كانیش هه‌روایه‌، هه‌ر ئیداره‌یه‌ك خۆی خه‌رجی خۆی ده‌كات، بۆ نمونه‌ یه‌ك دیناری نه‌وت و ئیبراهیم خه‌لیل بۆ پڕۆژه‌كانی سلێمانی نیه‌، داهاتی سنوری ئیداره‌ی پارتی بۆ خۆیه‌تی، داهاتی ئیداره‌ی سلێمانیش بۆ ئه‌ملایه‌، واتا دوئیداره‌ییه‌كی 100% هه‌یه‌ و هیچ شتێك نیه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌".