گورگی ره‌ساسی روبه‌ڕوی له‌ناوچون ده‌بێته‌وه‌

04:02 - 07/01/2022

7363جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ده‌ستپێكردنی وه‌رزی راوكردن له‌ ته‌واوی جیهان مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كان دروستكردوه‌ و له‌ باخچه‌ی Yellowstone كه‌ باخچه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و راوكردنی ئاژه‌ڵان تیایدا قه‌ده‌غه‌یه‌، ته‌نها له‌ مانگی رابردودا 20 گورگی ره‌ساسی كوژراون و ژماره‌شیان به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه‌ ده‌چێت و ئێستا تەنها 92 دانە لەو باخچەیەدا ماون.

تۆڕی هه‌واڵی The Pigeon Express ئه‌مڕۆ هه‌ینی بڵاویكرده‌وه‌، له‌ باخچه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پاراستنی ئاژه‌ڵان Yellowstone کە دەکەوێتە نێوان هەردو ویلایەتی یۆمینگ و مۆنتانا-ی ئەمریکا ته‌نها له‌ مانگی رابردودا، 20 گورگی ره‌ساسی له‌لایه‌ن راوچییه‌كانه‌وه‌ كوژاون، دوای ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی باخچه‌كه‌ پاش تێپه‌ڕبونی 25 ساڵ رێگه‌یان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌كاندا بۆ ناو باخچه‌كه‌.

15 له‌ گورگه‌كان له‌سه‌ر سنوری باكوری باخچه‌كه‌دا گه‌ڕاون و له‌وێ كوژراون
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و باخچه‌یه‌ نه‌وچه‌یه‌كه‌ بۆ پاراستنی ئاژه‌ڵان و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك راوكردن و كوشتنی ئاژه‌ڵه‌كان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، به‌ڵام 15 له‌ گورگه‌كان له‌سه‌ر سنوری باكوری باخچه‌كه‌دا گه‌ڕاون و له‌وێ كوژراون، 5 گورگه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌نزیك سنوره‌كانی كۆتایی باشوری باخچه‌كه‌ به‌ ته‌قه‌ی راوچییه‌كان كوژراون.
كوشتنی ئه‌و گورگانه‌ هه‌نگاوێك ئێمه‌ی به‌ره‌ودوا برد
له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، به‌رپرسانی باخچه‌كه‌ رایانگه‌یاند، "كوشتنی ئه‌و گورگانه‌ هه‌نگاوێك ئێمه‌ی به‌ره‌ودوا برد به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی دیكه‌مان له‌ بۆماوه‌یی ئاژه‌ڵه‌ ده‌گمه‌نه‌كانمان له‌ده‌ستدا، كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌ له‌ناوچونی جۆرێك له‌ گورگه‌كان نزیك ده‌بینه‌وه‌".
 نزیكه‌ی 92 گورگ له‌ نێو باخچه‌كه‌دا ماون
به‌رپرسانی باخچه‌كه‌ ده‌ڵێن، "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا به‌پێی سه‌رژمێرییه‌كانمان، نزیكه‌ی 92 گورگ له‌ نێو باخچه‌كه‌دا ماون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و وه‌رزی راوكردن له‌ باخچه‌كه‌ و سه‌ر سنوره‌كانی قه‌ده‌غه‌ نه‌كرێت و نه‌پارێزرێن، ئه‌وا گورگه‌كان به‌ره‌و له‌ ناوچون ده‌چن".

نیشانەکردن

ئەمریکا