هەواڵی ئەمڕۆ

لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا ماوەی وەرگرتنی ڤاکسینی درێژکردەوە

08:20 - 04/01/2022

3394جار خوێندراوەتەوە

 

خەندان-
لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکومەت بە هەردو ڕاژەی شارستانی و سەربازی درێژدەکرێتەوە تاوەکو 20ی کانوونی دوەمی  2022، هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

 ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێم دەکەن دەبێت پشکنین بکەن

لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "رۆژی سێشەممە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، لە دوای پێشکەش كردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێک دران، لەوانەش ئەنجامدانی پشکنینی كۆڕۆنا لە خاڵه سنورییەکان بۆ هەمو ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆڕۆنای پێش (48) کاتژمێریان پێ بێت".

ئەوەش هاتوە، "لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە ڕۆژانی داهاتودا  ڕێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات. هەروەها گروپی گەشتیاری دەبێت پیش (48) کاتژمێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆڕۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت".

 له دوای 2022/2/1 هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات ئەگەر ڤاکسینی وەرنەگرتبێت

لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەشی خستوەتەڕو، "پێویسته گشت هاوڵاتیان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتوە یان وەرنەگرتوه) له هەمو شوێنه گشتیە داخراوه کانی وەك (فەرمانگه حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوینەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنى ماسك و مەودای (1،5) یەک مەتر ونیو نێوانیان بپارێزن. هەروەها له دوای 2022/2/1 هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆڕۆنا که (48) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبوبێت".

نیشانەکردن

ڤاكسینی كۆرۆنا