شوێنپێی دایناسۆرێك ده‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌ مێژوه‌كه‌ی بۆ 200 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

04:53 - 01/01/2022

10156جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

زانایانی شوێنه‌وارناسی وێلز-ی بریتانیا رایانگه‌یاند، له‌ باشوری ئه‌و وڵاته‌ شوێن پێی دایناسۆرێكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ مێژوه‌كه‌ی بۆ 200 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وه‌چه‌ی یه‌كه‌می دایناسۆره‌كانه‌و ده‌توانن له‌ رێگه‌ی توێژینه‌وه‌كانیانه‌وه‌، بگه‌نه‌ یه‌كه‌م باوانی ئه‌و دایناسۆرانه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی Sky News بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، زانایانی شوێنه‌وارناسی شوێنپێی دایناسۆرێكیان له‌ باشوری وێڵز له‌ بریتانیا دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ مێژوه‌كه‌ی بۆ زیاتر له‌ 200 ملیۆن ساڵ پێش ئیستا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

له‌و بڕوایه‌دان شوێنپێی ئه‌و دایناسۆره‌ی كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ رێڕه‌وی كۆچی دایناسۆره‌كان بوبێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، شوێنه‌وارناسان له‌ مۆزه‌خانه‌ی سروشتی مێژوی وێڵز رایانگه‌یاندوه‌، له‌و بڕوایه‌دان شوێنپێی ئه‌و دایناسۆره‌ی كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ رێڕه‌وی كۆچی دایناسۆره‌كان بوبێت، كه‌ له‌وانه‌یه‌ یان شوێنپێی دایناسۆری سۆراپادس یان پرۆسۆراپادس بێت له‌ سه‌رده‌می سه‌ره‌تایی ژیانی دایناسۆره‌كان. 
له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و شوێنپێیانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی دایناسۆره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، پرۆفیسۆر پاولا بارێت و سوزانا مایدمێنت پزیشكی شوێنه‌وارناسی كه‌ سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و شوێنپێیانه‌ ده‌كه‌ن، "له‌و بڕوایه‌دان ئه‌و شوێنپێیانه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی دایناسۆره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی".
به‌ڕاستی ده‌توانین وه‌ك رێره‌وی كۆچی دایناسۆره‌كان لێكۆڵییه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین
له‌لای خۆشییه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌ رێره‌وی شوێنپێی دایناسۆره‌كه‌، سوزانا مایدمێنت پزیشكی شوێنه‌وارناس رایگه‌یاند، "زۆرجار هاوڵاتیان لێره‌و له‌وێ مۆزه‌خانه‌ و به‌رپرسانی شوێنه‌وارناسی و ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش له‌ دۆزینه‌وه‌ی شوێنپێی مێژوی ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام پاش بینینی شوێنه‌كه‌، ته‌نها كه‌شكاری و گۆرانی زه‌ویه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دۆزیومانه‌ته‌وه‌، به‌ڕاستی ده‌توانین وه‌ك رێره‌وی كۆچی دایناسۆره‌كان لێكۆڵییه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌ین".

 وتیشی، "به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌كانمان له‌و شوێنپێیانه‌، بۆمانده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ شوێنپێی دایناسۆری سۆراپادسه‌، كه‌ وه‌ك ئاشكرایه‌ نه‌وه‌ی یه‌كه‌می دایناسۆره‌كانن و له‌ بریتانیا ئێسكه‌كانیان ته‌نها له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌به‌ردبو دۆزراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی ئیستا دۆزراوه‌ته‌وه‌، زانیاری زۆر گرنگمان له‌سه‌ر باوان و یه‌كه‌م وه‌چه‌ی ئه‌و دایناسۆرانه‌ بۆ ئاشكرا ده‌كات".

نیشانەکردن

جیهان