گوڵستان سەعید لە دیداری خه‌ندان: به‌ده‌ست من بێت ئه‌م له‌حزه‌یه‌ بڕیارده‌ده‌م گۆڕان له‌ حكومه‌ت بكشێته‌وه‌

10:00 - 29/12/2021

4095جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

گوڵستان سەعید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست ئه‌وبێت ئه‌م له‌حزه‌یه‌ بڕیارده‌دات گۆڕان له‌ حكومه‌ت بكشێته‌وه‌، ده‌شڵێت، "من ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ت و راستییه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌م حكومه‌ته‌ بكشێته‌وه‌ و چیتر نه‌بینه‌ دارشه‌ڕقێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ حكومه‌ته‌كه‌ راگیر بكه‌ین، له‌كاتێكدا نییه‌ت نیه‌ بۆ چاكسازی و ئێمه‌ش به‌ نییه‌تی چاكسازی به‌شداریمان كردوه‌".

گوڵستان سەعید له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه‌ و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه‌ ئایا گۆڕان ده‌یه‌وێت له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت یان نا؟ رایگه‌یاند، "گۆڕان قوربانی له‌ پێناو سیستمی په‌رله‌مانیدا داوه‌ بۆیه‌ زۆر پێی گرنگه‌ په‌رله‌مان له‌كات و ساتی خۆیدا هه‌ڵبژاردنی بۆ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ مانگی 12ی 2019 كۆتایی به‌ كاره‌كانی كۆمسیۆن هاتوه‌ و ئێمه‌ ساڵێك و سێ مانگ پێش ئێستا په‌رله‌مانمان ئاگاداركرده‌وه‌، كه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م كۆمسیۆنه‌ بكات، هه‌رئه‌و سه‌روه‌خته‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئێمه‌یان ئاگاداركرد كه‌ ئه‌و پرسه‌ حزبیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌وان سازانی له‌سه‌ر بكه‌ن، چ خێره‌ ئێستا ئه‌و پرسه‌ ده‌وروژێنرێت له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌وكات كاتمان له‌به‌رده‌مدا بو بۆ هه‌ڵبژاردن و ده‌مانتوانی زۆر به‌ ئاسانی شه‌رعییه‌ت بده‌ینه‌وه‌ به‌ كۆسیۆنه‌كه‌ یان گۆڕانكاری تیایدا بكه‌ین". 

پارتی بۆچی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی په‌راوێزخست و كاره‌كان جددی نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و ئێستا به‌م په‌له‌ په‌له‌ ده‌یه‌وێت كۆمسیۆنه‌كه‌ بگۆڕین؟
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌نیا شوێنه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان باڵا ده‌ست نیه‌ تیایدا، "ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌ك كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، راسته‌ له‌سه‌ر پشكی حزبی كۆمسیۆنه‌كه‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام هه‌مو ئه‌و كۆمسیارانه‌ی له‌وێ كارده‌كه‌ن ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ حزبه‌كه‌ راگه‌یاندوه‌، له‌ دو ساڵی ده‌ستبه‌كاربونی حكومه‌تدا یه‌كێك له‌وانه‌ی كه‌ كۆمسیاربو كراوه‌ به‌ وته‌بێژی حكومه‌ت، پارتی ئه‌گه‌ر زۆر پابه‌ندبوه‌ به‌ كۆمسیۆن بۆچی پڕی نه‌كرده‌وه‌؟ یه‌كێكی دیكه‌ له‌وانه‌ی كه‌ كۆمسیاربوه‌ و له‌سه‌ر پشكی پارتی بوه‌، مردوه‌ خێره‌ ئه‌و ساتانه‌ پڕی نه‌كردوه‌ته‌وه‌؟، بۆچی ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی په‌راوێزخست و كاره‌كان جددی نه‌كردوه‌ته‌وه‌ و ئێستا به‌م په‌له‌ په‌له‌ ده‌یه‌وێت له‌ كۆتایی وه‌رزی یاسادانی ساڵی سێیه‌م ئێمه‌ په‌له‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ده‌بێت كۆمسیۆنه‌كه‌ بگۆڕین؟، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاربده‌ین ئه‌م كۆمسیۆنه‌ بگۆڕین ئایا كۆمسیۆنی نوێ ده‌توانێت تۆماری ده‌نگده‌ران پاكبكاته‌وه‌ و تۆمارێك بخاته‌ به‌رده‌م ده‌نگده‌ر كه‌ ته‌زویر به‌ ده‌نگه‌كانی ناكرێت".
ده‌مانه‌وێت ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆشایی هه‌یه‌ پڕبكرێته‌وه‌
گوڵستان سەعید جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی، كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ بۆشایی هه‌یه‌ پڕبكرێته‌وه‌ و هه‌رپارتێكی سیاسی ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كۆمسیارێك بگۆڕێت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بدرێت به‌ پارته‌ سیاسیه‌كه‌ بۆ گۆڕینی كۆمسیاره‌كه‌ی خۆی، چونكه‌ وه‌رزی یاسادانان له‌ 31ی 12ی 2021 كۆتایی دێت و تا 1ی (ئازار/3)ی 2022 په‌رله‌مان كۆنابێته‌وه‌ و یاسا ده‌رناكات و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و گۆڕینی به‌ یاساش ده‌كرێت ئایا له‌ وه‌رزێكدا كه‌ وه‌رزی یاسادانان به‌ڕێوه‌چو، چۆن یاسا ده‌رده‌كرێت؟.
 ئێمه‌ پێمانخۆشه‌ كۆتایی به‌ ئه‌ركه‌كانمان بێت و هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا بكرێت، به‌ڵام مه‌رجمان هه‌یه‌
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی، "ئه‌م خوله‌ له‌ 6ی 11ی 2022 كۆتایی دێت و هیچ شه‌رعیه‌تێك بۆ ئێمه‌ نامێنێته‌وه‌ مه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاربدات كه‌ واده‌كه‌م درێژبكاته‌وه‌، ئێمه‌ پێمانخۆشه‌ كۆتایی به‌ ئه‌ركه‌كانمان بێت و هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا بكرێت، به‌ڵام مه‌رجمان هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت تۆمارێكی ده‌نگده‌رانی پاك و پوخت هه‌بێت و سیستمی هه‌ڵبژاردن بگۆڕێت، ئایا خێره‌ پارتی بۆ عێراق ره‌زامه‌ند بوه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن فره‌بازنه‌ بێت و رازی نیه‌ بۆ له‌ كوردستان فره‌ بازنه‌ بێت؟ بۆ ده‌یه‌وێت هه‌ر به‌ یه‌ك بازنه‌یی بێت".
پارتی بۆچی واز له‌ پێكهاته‌كان ناهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه‌ كاری په‌رله‌مانی خۆیان بكه‌ن و نوێنه‌ری حه‌قیقی پێكهاته‌كانی خۆیان بن؟
گوڵستان سەعید هاوكات پارتی تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت، "پارتی بۆچی واز له‌ پێكهاته‌كان ناهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه‌ كاری په‌رله‌مانی خۆیان بكه‌ن و نوێنه‌ری حه‌قیقی پێكهاته‌كانی خۆیان بن؟، چ توركمانه‌كان و چ ئایینه‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ پێكهاته‌كان به‌كارده‌هێنرێن، زۆرجار ئێمه‌ خه‌ڵكی توركمانمان بینیوه‌ و گله‌ییان كردوه‌ و وتویانه‌ ئه‌وانه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ ناكه‌ن، زۆر مه‌سیحیمان بینیوه‌ له‌ شاری سلێمانی و پێش ئه‌وه‌ په‌رله‌مانتاریش بم چه‌نده‌ها جار مه‌سیحیه‌كان قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردوم و وتویانه‌ نوێنه‌رێكمان ده‌رناچێت و بتوانێت نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ بكات، ئه‌وانه‌ی له‌ په‌رله‌مان نوێنه‌ری ئێمه‌ نین، ئه‌مه‌ گرفته‌ بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی پێكهاته‌ جیاوازه‌كان نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانیش هه‌بێت، خۆ هه‌ر له‌ هه‌ولێر و بادینان و پێكهاته‌كان نیه‌، ده‌توانم بڵێم له‌ سلێمانی و ناوچه‌كانی كفری ژماره‌یه‌كی زۆر توركمان هه‌یه‌ و چه‌ندین ناوچه‌ی تر پێكهاته‌كان هه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بێته‌ سه‌ر ئاستی بازنه‌كان، نوێنه‌ری راسته‌قیه‌نی خۆیان ده‌رده‌چێت، ئێمه‌ پێشنیارمان كردوه‌ یان هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكرێته‌ چوار بازنه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگا یان بكرێته‌ هه‌شت بازنه‌ له‌سه‌ر ئاستی چوار پارێزگا و چوار ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ".
 حكومه‌ت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی په‌كخستوه‌ و ناینێرێت بۆ په‌رله‌مان كه‌ باسی چاكسازی گشتی ده‌كات
له‌باره‌ی كاره‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رای گۆڕان له‌وباره‌یه‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ پێكهێنه‌ره‌كانی كابینه‌كه‌، گوڵستان سه‌عید وتی، "ئێمه‌ چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد كه‌ كاری زۆر باشتر بكات له‌ڕوی چاكسازییه‌وه‌، چاكسازی ته‌نها له‌ موچه‌ و ده‌رماڵه‌ی پله‌ باڵاكان نا، چاكسازی له‌ هه‌مو سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن له‌م وڵاته‌دا، له‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و كۆتاییهێنان به‌و هه‌مو ناهه‌مواریه‌ی له‌ناو لیستی پێشمه‌رگه‌ و لیستی شه‌هیدان و وه‌زاره‌تی ناوخۆدا هه‌یه‌، له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه‌ داوای لیستی گرێبه‌سته‌كانیان كردوه‌ دوا رۆژی واده‌كه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كه‌ وه‌رن فۆڕم پڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێكیان فریا نه‌كه‌وێت له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرترین بندیوار له‌ناو ئه‌و لیستانه‌دا هه‌یه‌، چاكسازی واده‌كرێت؟ ئێمه‌ سه‌ره‌تا رێكه‌وتین كه‌ چاكسازییه‌كی گشتگیر بۆ هه‌رێمی كوردستان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ری و به‌هێزكردنی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت بچین، به‌ڵام تا ئێستا كراوه‌؟ بێجگه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ی كه‌ بۆ ئێمه‌ ئومێد به‌خشبو كه‌ له‌ یاسای چاكسازی ده‌رچو ته‌نها له‌ موچه‌ و خانه‌نشینیدا، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ ئومێد به‌خش نیه‌ كه‌ حكومه‌ت ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی په‌كخستوه‌ و ناینێرێت بۆ په‌رله‌مان كه‌ باسی چاكسازی گشتی ده‌كات، كه‌ چاره‌سه‌ری گرفتی دو ئیداره‌یی و سه‌ربازی و ئه‌و هه‌مو قه‌یرانه‌ دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ده‌كات كه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌".
پارتی گه‌وره‌ترین لیسته‌ و لایه‌نی دیكه‌ش دروشمی هه‌لی كار و خزمه‌ت و ئارامی به‌رزكردوه‌ته‌وه‌، کەواتە چ شتێك رێگره‌ لە چاکسازی
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا حكومه‌ت نایه‌وێت یان ناتوانێت چاكسازی بكات؟، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ده‌ڵێت، "پارتی گه‌وره‌ترین لیسته‌ كه‌ ئێمه‌ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵیدا كردوه‌، لایه‌نی دیكه‌ش دروشمی هه‌لی كار و خزمه‌ت و ئارامی به‌رزكردوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ش وتومانه‌ ده‌سه‌ڵاتی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت، ئێمه‌ كه‌ ئه‌م سی هێزه‌ به‌شدارین چ شتێك رێگره‌، ئه‌گه‌ر نیه‌تێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ بتوانن چاكسازی بكه‌ن و حكومه‌ت به‌هێز بكه‌ن و هاوڵاتی هه‌ست بكات كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ حكومه‌تی ئه‌وه‌، بێئومێدی به‌خشراوه‌ته‌وه‌، خه‌ڵك لێره‌ كاری ده‌ستناكه‌وێت، به‌ڵام كه‌ ده‌بێت به‌ ته‌رم به‌ فڕۆكه‌ ده‌یهێننه‌وه‌، ئه‌و پاره‌ی فڕۆكه‌ كه‌ ته‌رمه‌كانیان پێده‌هێننه‌وه‌ لێره‌ كارگه‌ و پڕۆژه‌ی پێدروست بكه‌ن با خه‌ڵك ئۆمێدێكی هه‌بێت و خه‌ڵك وڵاتی خۆی به‌جێنه‌هێڵێت".
 ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ت و راستییه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌م حكومه‌ته‌ بكشێته‌وه‌ و چیتر نه‌بینه‌ دارشه‌ڕقێك بۆی
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر گۆڕان هێنده‌ له‌م حكومه‌ته‌ ناڕازییه‌ بۆچی لێی ناكشێته‌وه‌، گۆڵستان سه‌عید وتی، "وه‌ڵایی ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست من بێت ئه‌م له‌حزه‌یه‌ بڕیارده‌ده‌م گۆڕان له‌ حكومه‌ت بكشێته‌وه‌، من ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ت و راستییه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌م حكومه‌ته‌ بكشێته‌وه‌ و چیتر نه‌بینه‌ دارشه‌ڕقێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ حكومه‌ته‌كه‌ راگیر بكه‌ین له‌كاتێكدا نیه‌ت نیه‌ بۆ چاكسازی و ئێمه‌ش به‌ نیه‌تی چاكسازی به‌شداریمان كردوه‌".
زۆرترین فشار هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌ حكومه‌ت بكشێینه‌وه‌
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا بڕیاری كشانه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌م لای كێیه‌، گوڵستان سه‌عید وتی، "خۆت ئه‌زانی گۆڕان له‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌دایه‌، زۆرترین فشار هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت له‌ حكومه‌ت بكشێینه‌وه‌ و كه‌ی كۆنگره‌مان ته‌واوكرد كه‌ به‌م نزیكانه‌ كۆتایی پێدێت، بڕیار ده‌ده‌ین ئایا له‌ حكومه‌ت ده‌مێنینه‌وه‌ یان كۆتایی به‌وه‌ ده‌هێنین كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا بین".

بەپەلە