تەندروستی سلێمانی: زیاتر لە 600 هەزار ڤاکسین دراوە بەهاوڵاتیان

10:38 - 27/12/2021

1727جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەدەمەوەهاتنی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی هەردو ژەمی ڤاکسین بەڕێژەیەکی باش بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 600 هەزار ڤاکسین دراوە بەهاوڵاتیان، لەئێستاشدا پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسین دەستپێکردوە و هەر کەسێک شەش مانگ بەسەر ژەمی دوەمیدا تێپەڕیبێت، دەتوانێت ژەمی سێیەمی یارمەتیدەر وەربگرێت.

 لەئێستادا پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسین بەهاوڵاتیانیش دەستیپێکردوە
د. هەرێم محەمەد، سەرپەرشتیاری بنکەی ڤاکسین لەسلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، تائێستا بەدەمەوەهاتنی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی هەردو ژەمی ڤاکسین بەڕێژەیەکی باش بوە و زیاتر لە 600 هەزار ڤاکسین لەسنوری پارێزگای سلێمانی دراوە بە هاوڵاتیان، هەروەها لەئێستادا پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینیش بەهاوڵاتیان دەستیپێکردوە.
ژەمی سێیەمی ڤاکسین لەو کەسانەوە دەستیپێکردوە کە کارمەندی تەندروستین
ئاماژەی بەوەشکرد، ژەمی سێیەمی ڤاکسین لەو کەسانەوە دەستیپێکردوە کە کارمەندی تەندروستین یان خۆیان بەرگری لەشتیان لاوازە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان ئەگەر هەردو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتبێت و شەش مانگی بەسەر ژەمی دوەمیدا تێپەڕیبێت، دەتوانن ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی دوایین رێنماییە تەندروستییەکان هەر هاوڵاتییەک ژەمی سێیەمی یارمەتیدەر وەربگرێت، جەستەی بەرگرییەکی بەهێز بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و جۆرە گۆڕاوەکانی دروست دەکات و پارێزراو دەبێت.