تەندروستی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بەکۆرۆنا داوای گرتنەبەری رێکارێک دەکات

08:31 - 27/12/2021

1708جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت 70%ـی دانیشتوانی جیهان ڤاکسین وەربگرن و بنەمای یەکسانیش بۆ دەستەبەرکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتە هەژارەکان پەیڕەو بکرێت.

 پێویستە تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتو 70%ـی دانیشتوانی جیهان ڤاکسین وەربگرن
تێدرۆس ئەدهامۆن، بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەلێدوانێکدا باسی لەوەشكردوە، دەبێت هەموان بەیەکەوە کاربکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەو پێناوەشدا داوایان کردوە وڵاتانی هاوکاریان بن بۆ ئەوەی بتوانن تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتو 70%ـی دانیشتوانی جیهان ڤاکسین وەربگرن
پێویست دەکات حکومەتەکانی جیهان بەردەوام بن لەبەرنامەی چاودێری تەندروستی
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویست دەکات حکومەتەکانی جیهان بەردەوام بن لەبەرنامەی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی لەوانەش بەردەوامی پشکنین و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر جۆرە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا.
8.5 ملیار ژەمی ڤاکسین بەهاوڵاتیان دراوە
بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستەڕو، تائێستا 8.5 ملیار ژەمی ڤاکسین بەهاوڵاتیان دراوە و بەوهۆیەش توانراوە ژیانی ملیۆنان کەس لەمردن رزگاربکرێت، بۆ داهاتوش داوا دەکەن بنەمای یەکسان بۆ دەستەبەرکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتە هەژارەکان پەیڕەو بکرێت، کە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەچوارچێوەی بەرنامەی کۆڤاکس سەرپەرشتی دەکات.