خه‌ندان-
یه‌كێك له رزگاربوانی روداوی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مێكی كۆچبه‌ران له یۆنان چیرۆكی كۆچكردنیان و ساتی ژێرئاوكه‌وتنیان ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌و كه ئێستا له وڵاتی یۆنان له‌ژێر چاودێریدایه به حه‌سره‌ته‌وه باسی مردنی دو منداڵی ده‌كات له روداوه‌كه‌دا، ده‌ڵێت، به‌ناچاری گه‌شتیكردوه و به‌دوای ژیانێكی باشتره‌وه بو بۆ منداڵه‌كانی، ده‌شڵێت، "كه به‌مه‌له‌كه‌مان ژێر ئاو كه‌وت هه‌ستی ترسناكمان بۆ دروستبو".
كاتژمێر 12:00ی نیوه‌ڕۆی رۆژی دواتر، كێشه‌یه‌ك له یه‌خته‌كه‌دا په‌یدا بو سەرەتا وتیان کێشەیەکی ئاساییە
فریاد عه‌لی، خۆی و هاوسه‌ری و دو منداڵی كه له‌ناو به‌له‌مه ژێر ئاوكه‌توه‌كه‌ی یۆنان‌دا بون بۆ خه‌ندان-ی گێڕایه‌وه، "به‌دیاریكراوی نازانم ژماره‌مان چه‌ندبو، به‌ڵام 30 بۆ 35 كورد و 25 بۆ 30 هاوڵاتی دیكه‌ی عه‌ره‌بمان له‌گه‌ڵ بو، كاتژمێر 7:00ی ئێواره‌ی رۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌وه له بۆدرومی توركیاوه به‌ڕێكه‌وتین و هه‌مو شته‌كان بێكێشه رۆشتن، تا بوه كاتژمێر 12:00ی نیوه‌ڕۆی رۆژی دواتر، كێشه‌یه‌ك له یه‌خته‌كه‌دا په‌یدا بو، كاپتنی كه‌شتییه‌كه هات سه‌یری كرد، سۆنده‌یه‌ك كه گازی ده‌برد بۆ مه‌كینه‌كه، قه‌فیزه‌كه‌ی پچڕابو، سه‌ره‌تا وتیان هیچ نیه و كێشه‌یه‌كی ئاساییه، ئێستا چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ماوه‌ی سه‌عاتێك خه‌ریكی بوین و دواتر یه‌خته‌كه‌یان خسته‌وه كار، ماوه‌ی زیاتر له كاتژمێرێك به چوارده‌وری خۆیدا ده‌سوڕایه‌وه، ئێمه لێمان پرسین كه بۆچی واده‌كه‌ن، به‌ڵام شۆفێره‌كه وتی سوكانه‌كه‌ی قوفڵ بوه".
ئاوه‌كه نیوه‌ی به‌له‌مه‌كه‌ی گرت و هیچ هیوایه‌ك نه‌ما و هەستێکی ترسناکمان بۆ دروستبو
فریاد خۆی و هاوسه‌ر و دو منداڵی كه كچه‌كه‌ی ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵان و كوڕه‌كه‌شی ته‌مه‌نی سێ ساڵان بوه، رێگای سه‌خت و مه‌رگی یۆنانیان هه‌ڵبژاردوه، ئه‌و ده‌ڵێت، ژماره‌یه‌ك خێزان و هاوڵاتی دیكه‌ی كوردی خه‌ڵكی شاره‌كانی كۆیه، بازیان، سلێمانی له‌گه‌ڵدا بوه، "دوای ئه‌وه‌ی كه زانیمان به‌له‌مه‌كه‌مان كێشه‌ی هه‌یه پێمان وتن كه ئاساییه با ده‌ستگیربكرێین و پۆلیس ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان پێیان وتین كێشه‌كه ئاسایییه‌و چاره‌سه‌ر ده‌بێت، كات ورده‌ر ورده هه‌ڵده‌كشا و كێشه‌كه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام بو، تابوه شه‌و، كاتژمێر بو به نزیكی 9:00ی شه‌و به‌كاتی كوردستان، چه‌ندجارێك پۆلیسی یۆنانمان ئاگاداركردوه و ڤیدیۆمان بۆ نارد، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر ده‌یانوت دێین به هاناتانه‌وه، ئێمه كه خێزانمان هه‌بو پێنج خێزان بوین و زیاتر له خه‌مدابوین، تا نیو كاتژمێر به سه‌تڵ ئاومان له یه‌خته‌كه ده‌ردا، وای لێهات ئاوه‌كه نیوه‌ی به‌له‌مه‌كه‌ی گرت و هیچ هیوایه‌ك نه‌ما و هه‌ستێكی ترسناكمان بۆ دروستكرد".
له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا یه‌خته‌كه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، هه‌ر ئه‌وكات چه‌ندین كه‌س ژێرئاو كه‌وتن و مردن
ئه‌و كۆچبه‌ره كه ئێستا له وڵاتی یۆنانه و به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه دوگیانه له كۆچبه‌ره رزگاربوه‌كانی دیكه جیاكراونه‌ته‌وه، ده‌ڵێت، "چۆپێكمان پێبو به‌رله‌وه‌ی به‌له‌مه‌كه ژێر ئاو بكه‌وێت چه‌ند گه‌نجێك هه‌وایان تێكرد و ویستمان ئێمه كه خێزان و منداڵمان پێبو ده‌ستی پێوه‌بگرین تا پۆلیس فریامان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام دو خێزان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانی منداڵه‌كانیان بگه‌یه‌ننه چوپه‌كه و پیاوه‌كانیش له‌ناو یه‌خته‌كه‌دا مانه‌وه، ئێمه چوین به‌ره‌و چوپپه‌كه و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا یه‌خته‌كه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، هه‌ر ئه‌وكات چه‌ندین كه‌س ژێرئاو كه‌وتن و مردن".
حه‌وت كورد و پێنج كه‌سی تر كه عه‌ره‌ب بون رزگاریان بو
فریاد عه‌لی كه خه‌ڵكی ناحیه‌ی حاجیاوایه به حه‌سره‌ته‌وه ده‌ڵێت، "به به‌رچاوی خۆمه‌وه دو منداڵه‌كه‌م ژێرئاو كه‌وتن و خنكان، توانای ئه‌وه‌م نه‌بو كه یارمه‌تیان بده‌م و بیانهێنمه‌وه سه‌ر چوپه‌كه، له‌ولاشه‌وه خه‌می ئه‌وانی ترم بو، خوای گه‌وره ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هێناین كه ته‌نها چه‌ند كه‌سێك له ئێمه ده‌رچو، حه‌وت كورد و پێنج كه‌سی تر كه عه‌ره‌ب بون رزگاریان بو".
ناچار ده‌ستم له كچه‌كه‌م به‌ردا و ژێرئاو كه‌وت و خنكا
"منداڵه‌كانم له باوه‌شی یه‌كێك له كۆچبه‌ره‌كان بون نه‌مزانی كێیه، به‌ڵام چوپه‌كه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و كچه‌كه‌م ژێرئاو كه‌وت، من ده‌ستیم بینی كه به‌رزی كرده‌وه چوم گرتمه‌وه و هێنامه‌وه، به‌ڵام كاتێك چاوم به منداڵه‌كه‌ی دیكه‌م و خێزانه‌كه‌م كه‌وت له دۆخێكی خراپدابون و هه‌وڵمدا به فریایان بكه‌وم، ناچار ده‌ستم له كچه‌كه‌م به‌ردا و ژێرئاو كه‌وت و خنكا، زۆر كه‌س ئه‌و راستییه قبوڵ ناكات، به‌ڵام هه‌تا تێی نه‌كه‌ویت نازانیت چۆنه"، فریاد وایوت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه رزگاركراون پێكهاتون لە حه‌وت كورد
به‌پێی وته‌ی فریاد عه‌لی، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه رزگاركراون پێكهاتون لە حه‌وت كورد، كه خۆی و هاوسه‌ری و هه‌روه‌ها پێنج كه‌سی دیكه كه پێكهاتون له رامیار، حه‌سه‌ن، سادر، عه‌بدوڵا حسێن كه (ته‌نها خۆی ده‌رچوه و خێزان و دو منداڵه‌كه‌ی مردون) له‌گه‌ڵ منداڵێك كه خه‌ڵكی كۆیه‌یه و ته‌مه‌نی 11 ساڵه و له روداوه‌كه‌دا دایك و باوكی و دو منداڵ له خۆی بچوكتربون، مردون.
ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ مندا بون ئێستاش له‌ژێر ده‌ستی پۆلیسدان و ئازادنین
فریاد هه‌روه‌ها باسی به‌ده‌مه‌وه هاتنیان ده‌كات له ده‌ریادا و ده‌ڵێت، ته‌نها یه‌ك هه‌لیكۆپته‌ر و یه‌ختێكی یۆنان هاتوه به هانایانه‌وه و بردویانن بۆ دورگه‌یه‌كی وڵاته‌كه، چه‌ند رۆژێك چارسه‌ریان وه‌رگرتوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان ژه‌هراوی بون زیاتر له 15 بتڵ ئاویان تێكراوه، "ئێستا به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه خۆم و خێزانم دوگیانه به‌ڕێیان كردوم بۆ ئه‌سینا و پاسپۆرتێكی كاتیان بۆ كردوم، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه له‌گه‌ڵ مندا بون ئێستاش له‌ژێر ده‌ستی پۆلیسدان و ئازادنین".
داوای ئێمه دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی منداڵه‌كانمه و ئاسوده‌ییمان پێده‌به‌خشن
وتیشی، "دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر قسه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه كرد كه رزگاركراون، به‌ڵام بردویانن بۆ شوێنێك، كه له‌ژێر چاودێری پۆلیسدایه، ئێستاش داوای ئێمه دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی منداڵه‌كانمه و ئاسوده‌ییمان پێده‌به‌خشن، ئه‌گه‌ر ته‌رمه‌كانمان بۆ بدۆزرێته‌وه له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌یانبه‌ینه‌وه بۆ كوردستان، به‌ڵام پۆلیسی یۆنان ده‌ڵێن ئه‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و نه‌یان دۆزیونه‌ته‌وه، كه له راستیدا راست ناكه‌ن، چونكه هه‌ر هه‌مان شه‌و ده‌توانرا سه‌رجه‌م ته‌رمه‌كان بدۆزرێنه‌وه، تا ئێستاش ته‌نها سێ ته‌رمیان دۆزینه‌ته‌وه، كه سه‌رجه‌میان عه‌ره‌بن و كورد نین".
گله‌ییم له‌و قاچاغچییه نیه و كاری زۆر باشی بۆ كردم
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن بو ئه‌وكاته‌یان هه‌ڵبژاردن بۆ كۆچكردن كه زستانه و شه‌پۆلی ده‌ریا به‌هێزه، فریاد عه‌لی ده‌ڵێت، "ماوه‌یه‌كی زۆربو چاوه‌ڕوانی كه‌شوهه‌وا بوین، چه‌ندین جار كه‌شوهه‌وا خۆش بو، به‌ڵام رێكنه‌ده‌كه‌وت بڕۆین، من وه‌كو خۆم گله‌ییم له‌و قاچاغچییه نیه و كاری زۆر باشی بۆ كردم، ئێستاش ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كات له‌به‌ر گریان هیچی پێناوترێت و ده‌ڵێت روم نایه‌ت جارێكی تر قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بكه‌مه‌وه".
منیش ئه‌گه‌ر هاوڕێكانم نه‌بونایه ده‌بورامه‌وه و ده‌كه‌وتمه ناو ئاوه‌كه‌وه
هۆشداریش ده‌داته ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌م وه‌رزه‌دا ده‌یانه‌وێت كۆچ بكه‌ن و ده‌ڵێت، "ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو به‌له‌مه‌كه‌دا له‌گه‌ڵمان بون كاتێك ده‌ستمان به چوپه‌كه‌وه گرتبو به‌هۆی سه‌رماوه ده‌ستیان له چوپه‌كه به‌رده‌دا، به‌ڵام نازانم ده‌بورانه‌وه یاخود ره‌قده‌بونه‌وه، منیش ئه‌گه‌ر هاوڕێكانم نه‌بونایه ده‌بورامه‌وه و ده‌كه‌وتمه ناو ئاوه‌كه‌وه".
بۆ هه‌ر كه‌سێك 11 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی (110 وه‌ره‌قه)مان داوە بە قاچاغچیی
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه چه‌ند پاره‌یان داوه به‌و قاچاغچییه تاوه‌كو بیانگه‌یه‌نێته ئه‌وروپا، فریاد وتی، "به‌پێی كه‌سه‌كان جیاواز بو، به‌ڵام به‌گشتی بۆ هه‌ر كه‌سێكی 11 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی (110 وه‌ره‌قه بو)، هه‌ندێك كه‌س كه نه‌یانده‌توانی كه‌متریان ده‌دا، من بۆ خۆم و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانم ده‌بو 33 هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی (330 وه‌رقه‌م ) بده‌م تاوه‌كو ئیتاڵیا، پاره‌كه‌م نه‌دابو، نوسینگه‌یه‌ك پاره‌كه‌ی بۆ ده‌دام و پاشان ده‌بو من پاره‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێنمه‌وه".
قاچاغچییه‌كان ناهێڵن كه‌س هێله‌ك له‌به‌ربكات
په‌یوه‌ست به‌وه‌ی بۆچی هیچ كۆچبه‌رێك هێله‌كی مه‌له‌كردنی له‌به‌ردا نه‌بوه، فریاد ده‌ڵێت، "به‌گشتی قاچاغچییه‌كان ناهێڵن كه‌س هێله‌ك له‌به‌ربكات، چونكه ده‌ڵێت ئه‌وان له سه‌نته‌ری ئیستانبوڵه‌وه كه ده‌كه‌ونه رێ به‌ره‌و سنوره ئاوییه‌كان ده‌بینرێن و گومانیان لێده‌كرێت و ده‌ستگیر ده‌كرێت، بۆیه نه‌مانكڕی، پاشان قاچاغچییه‌كه پێی ده‌وتین هه‌ركه‌سه‌و له ئێوه هێله‌كی مه‌له‌كردنی پێبێت ئه‌وكات رێ‌و شوێنتان ته‌نگ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر پێتان نه‌بێت جێگه‌تان خۆشتره و جگه له‌وه‌ش پێویستان به‌وه نابێت".
ئامانجێكم هه‌بو، منداڵه‌كانم بگه‌یه‌نمه ئه‌وروپا و به‌دوای ژیانێكی باشتره‌وه بوم بۆیان
ده‌شڵێت، "سوێند به‌خوا له‌به‌ر خۆشی خۆم نه‌ڕۆشتوم، ئامانجێكم هه‌بو، منداڵه‌كانم بگه‌یه‌نمه ئه‌وروپا و به‌دوای ژیانێكی باشتره‌وه بوم بۆیان، له كوردستان له كارگه‌یه‌كی بلۆكدا شۆفێر بوم زۆرجار داوای شتێكیان لێده‌ركرد له ده‌ستم نه‌ده‌هات، ده‌موت له‌وێ كارێكی باش ده‌كه‌م و هه‌رچی له‌ده‌ستم بێت بۆیان ده‌كه‌م، من زیاتر له‌به‌ر ئه‌وان رێگای ئه‌وروپام گرته‌به‌ر".
وێنەی دو منداڵەکەی فریاد:
