عێراق دواین قیستی قەرەبوکردنەوەی کوەیت دەداتەوە

09:08 - 22/12/2021

11142جار خوێندراوەتەوە

دیمەنێک لەپاش داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سوپای پێشوی عێراقەوە

خەندان-

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، دواین قیستی قەرەبوکردنەوەی کوەیت کە بڕەکەی 44 ملیۆن دۆلار بوە رادەستی ئەو وڵاتە کرایەوە، بەو پێیەش دۆسیەی قەرەبوکردنەوەی کوەیت بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بڕەکەی 52.4 ملیار دۆلار بو کۆتاییهات.

عێراق سەرجەم ئەو قەرزانەی دایەوە کە بەگوێرەی بڕیاری 687 بەسەریدا سەپێنرابون
بانکی ناوەندی عێراق لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، رۆژی سێشەممە دواین قیستی کوەیت کە  بڕەکەی 44 ملیۆن دۆلاربو رادەستی ئەو وڵاتە کرایەوە، لەئێستاشدا عێراق سەرجەم ئەو قەرزانەی دایەوە کە بەگوێرەی بڕیاری 687ی ساڵی 1991ی ئەنجومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپێنرابون.
ئومێدەوارن بانکی عێراق بەشێوەیەکی فراوان ببەسترێتەوە بە بانکی جیهانی
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئومێدەوارن رادەستکردنەوەی دواین قیستی کوەیت، هاوکاربێت لەدەرچونی عێراق لەژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتوەکان، هەروەها ئومێدەوارن بانکی عێراق بەشێوەیەکی فراوان ببەسترێتەوە بە بانکی جیهانی و ئاڵوگۆڕێکی بەهێزی دارایی لەنێوان عێراق و سیستمی دارایی وڵاتانی جیهاندا دروست ببێت.
 عێراق لە ماوەی زیاتر لە 28 ساڵدا نزیکەی 52 ملیار دۆلار قەرزی بە کوەیت داوەتەوە
بەداخستنی ئەو دۆسیەیە عێراق لە ماوەی زیاتر لە 28 ساڵدا نزیکەی 52 ملیار دۆلار قەرزی بە کوەیت و داواکارەکان داوەتەوە، کە هەرێمی کوردستان بەشێکی ئەو قەرزەی گرتوەتە ئەستۆ و ساڵانە لە بەشە بودجەکەی لە بودجەی گشتیی عێراق بڕدراوە.
 2ی ئابی 1990 سوپای پێشوی عێراق پەلاماری کوەیتی دا
رۆژی 2ی ئابی 1990 سوپای پێشوی عێراق پەلاماری کوەیتی دا و لە ماوەی دو رۆژدا داگیری کرد و دواتر حکومەتێکی بە سەرۆکایەتی عەقید عەلا حسێن بەناوی کۆماری کوەیت دروستکرد و لە رۆژی 9ی ئابی 1990 سەدام حسێن بڕیاری دا کوەیت بخاتە سەر عێراق و سەرجەم باڵیۆزخانەکانی ئەو وڵاتە دابخات، بەڵام لە 26ی شوباتی 1991 هێزەکانی هاوپەیمانان سوپای عێراقیان لە کوەیت وەدەرنا.

دواتریش نەتەوەیەکگرتوەکان بەپێی هەردو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 687 و 629، کە لە ساڵی 1991 دەرچون، بڕیاری دا قەرەبوی کوەیت بکرێتەوە، ئەویش لە ئەنجامی داگیرکردنی کوەیت لەلایەن حکومەتی بەعس لە سەردەمی سەدام حسێن رویدا.

نیشانەکردن

عێراق