هێمن هه‌ورامی له‌ دیداری خه‌ندان: له‌ هه‌ندێك ده‌روازه‌ وه‌كو پێویست داهاته‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت

10:12 - 19/12/2021

4857جار خوێندراوەتەوە

د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

خه‌ندان-

د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ فه‌رمی لیژنه‌ی داراییان راسپاردوه‌، كه‌ راپۆرتێكی ورد و دورو درێژ و زانیاری ئاماده‌بكات و له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا بڵاویبكاته‌وه‌ و بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نێت، به‌ هه‌مو داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان و نه‌وتیشه‌وه‌، لیژنه‌ی دارایی کاری باشیان كردوه‌ و چه‌ندین كۆبونه‌وه‌شیان كردوه‌، دەشڵێت، "نایشارینه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌روازه‌ وه‌كو پێویست داهاته‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ره‌نگه‌ به‌پێی دوایین راپۆرتی دیلیۆتیش له‌ داهاتی نه‌وت كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و تێبینی هه‌مو لایه‌كمان هه‌مانبێت".

د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌میانی به‌رنامه‌ی دیداری خه‌ندان، كه‌ به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه‌ و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، "له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ كارمان كردوه‌ كه‌ له‌ خولی چواره‌می په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ردراوه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌ی كه‌ له‌ناو په‌یڕه‌ودا هاتوه‌، بابه‌تی پڕۆسه‌ی یاسادانان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و چاودێری كاروباری حكومه‌ت كه‌ پێویست ده‌كات هه‌بێت له‌گه‌ڵ رێوشوێنه‌كانی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان بوه‌ قوربانی درێژبونه‌وه‌ی ماوه‌ی گفتوگۆكانی نێوان لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ نزیكه‌ی هه‌شت بۆ نۆ مانگی خایاند، كه‌ له‌ ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی برد، دواتریش هاتنی نه‌خۆشییه‌كانی كۆرۆنا و ئه‌و كه‌ره‌نتیانه‌ی كه‌ هاتنه‌ ئارا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ره‌وشی په‌رله‌مان داناوه‌، ده‌توانین به‌ سه‌ربه‌زییه‌وه‌ بڵێین له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا یاسای چاكسازی تێپه‌ڕێنرا، كۆمه‌ڵێك یاسای تریش بۆ باشتركردنی كاری شه‌فافیه‌ت و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێم كراوه‌". 

توانیومانه‌ په‌رله‌مان له‌روی چاودێرییه‌وه‌ ده‌ورێكی كاریگه‌رتر ببینێت، به‌ڵام بڵێین ته‌واو سه‌ركه‌وتوبوین، نه‌خێر، بۆ ئه‌وه‌ی واقعبین بین
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بابه‌تێكی گرنگ كه‌ له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا كه‌ له‌م خوله‌دا شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، بابه‌تی چاودێریكردنی حكومه‌ته‌، به‌پێی خاڵه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌ر له‌ناردنی زاره‌كی و پرسیاری نوسراو و بانگهێشتی وه‌زیره‌كان بۆ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه‌كان، ته‌نانه‌ت هاتنی سه‌رۆك وه‌زیران و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌مانگیان هه‌بوه‌، "ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان راسته‌ ده‌ستكه‌وتی زۆر گه‌وره‌مان به‌ده‌ستهێناوه‌ و توانیومانه‌ له‌روی چاودێرییه‌وه‌ ده‌ورێكی كاریگه‌رتر ببینێت، به‌ڵام بڵێین ته‌واو سه‌ركه‌وتوبوین، نه‌خێر، بۆ ئه‌وه‌ی واقعبین بین، چونكه‌ ئێمه‌ش به‌رهه‌می ئه‌و دۆخه‌ سیاسییه‌و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ین كه‌ لایه‌نه‌ براوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكیانهێناوه‌".
ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ساڵی یه‌كه‌مان به‌هۆی درێژه‌كێشانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌سه‌رچو
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵه‌ بودجه‌ نه‌هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مان، كه‌ سێ ساڵی په‌رله‌مانی ئێستا لێی به‌رپرسه‌، د. هێمن هه‌ورامی باسی له‌وه‌كرد، "ئه‌گه‌ر سه‌یری كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌ین ناردنی بودجه‌ یه‌كێك بو له‌ خاڵه‌ ئه‌ساسییه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی له‌سه‌ردرا، به‌ڵام جه‌نابت ده‌زانیت بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زۆر زانستی داده‌ڕێژرێت، كه‌ بنه‌مای داهات و خه‌رجییه‌، ره‌شنوسی بودجه‌ی ساڵی 2021 ئاماده‌بو، به‌ڵام ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق هاتنه‌ ئارا به‌هۆی ئه‌و هۆكاره‌ سیاسیانه‌ی له‌ نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان و به‌شێك له‌و رێكاره‌ ئیسلاحیانه‌ی كه‌ هه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرتیه‌به‌ر و په‌رله‌مانی كوردستانیش چاودێری كرد، به‌تایبه‌تی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان، ئه‌مه‌ یه‌كێك بو له‌و بابه‌ته‌ ئه‌ساسییانه‌ی كه‌ ده‌بێت له‌ بودجه‌ ره‌نگبداته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مان ساڵی یه‌كه‌مان به‌هۆی درێژه‌كێشانی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌سه‌رچو، كه‌ كابینه‌ش له‌مانگی 7ی 2019 دروستكرا، چه‌ند مانگێكی ویست تا ئه‌وانیش پڕۆژه‌كه‌ حازر بكه‌ن".
ناڕونی له‌ سه‌رچاوه‌ی داهات به‌تایبه‌تی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ رێگه‌ ئه‌ساسییه‌كان، ناتوانیت بودجه‌یه‌ك دابڕێژیت كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانت رون نه‌بێت
وتیشی، "ئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر په‌رله‌مان، چ به‌ نوسراوی فه‌رمی بێت چ به‌ ناردنی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان و چ به‌ میوانداریكردنی لایه‌نی به‌رپرسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت به‌تایبه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی دارایی، لیژنه‌ی دارایی ئێمه‌ له‌سه‌رخه‌ت بوه‌، به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵام بداته‌وه‌، ئه‌وه‌ندی ئێمه‌ش ئاگاداربین په‌یوه‌ندی به‌ جێبه‌جێنه‌بونی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی بودجه‌ی عێراقه‌، چونكه‌ ناڕونی له‌سه‌رچاوه‌ی داهات به‌تایبه‌تی بڕینی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ رێگه‌ ئه‌ساسییه‌كان، ناتوانیت بودجه‌یه‌ك دابڕێژیت كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانت رون نه‌بێت و زامن نه‌بێت".
 نایشارینه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌روازه‌ وه‌كو پێویست داهاته‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاتی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، د. هێمن هه‌ورامی وتی، "بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئێمه‌ له‌ دانیشتنی په‌رله‌مان به‌ فه‌رمی لیژنه‌ی داراییمان راسپاردوه‌، كه‌ راپۆرتێكی ورد و دورو درێژ و زانیاری ئاماده‌بكات و له‌ دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستاندا بڵاویبكاته‌وه‌ و بۆ رای گشتی رابگه‌یه‌نێت، به‌ هه‌مو داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌داهاتی خاڵه‌ سنوریه‌كان و نه‌وتیشه‌وه‌، لیژنه‌ی دارایی کاری باشیان كردوه‌ و چه‌ندین كۆبونه‌وه‌شیان كردوه‌، نایشارینه‌وه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌روازه‌ وه‌كو پێویست داهاته‌كان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ره‌نگه‌ به‌پێی دوایین راپۆرتی دیلیۆتیش له‌ داهاتی نه‌وت كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و تێبینی هه‌مو لایه‌كمان هه‌مانبێت، ئه‌و ئیسڵاحانه‌ی كه‌ پێویست ده‌كات له‌و كه‌رته‌شدا بكرێت ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی گرنگه‌، به‌ڵام به‌گشتی ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌بێت متمانه‌ دروستببێته‌وه‌، ده‌بێـت شه‌فافیه‌ت له‌م بابه‌تانه‌دا هه‌بێت، وه‌كو كارتی سیاسی به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتری و به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر یه‌كتری به‌كاری نه‌هێنن، بابه‌تێكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌فافیه‌ت بڵاوبكرێته‌وه‌، چ داهاتێكمان هه‌یه‌ و چۆن كۆده‌كرێته‌وه‌ و چی رێگره‌ له‌به‌رده‌م كۆكردنه‌وه‌ی داهاته‌كان و چی رێگره‌ له‌به‌رده‌م ئیسلاحه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".
زۆر به‌ڕونی و ئاشكرایی بیڵێین ره‌نگه‌ هه‌ندێك نیه‌ت له‌ هه‌ندێك لایه‌ن هه‌بێت ئه‌سڵه‌ن ده‌ستور نه‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا
له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان كه‌  بڕیاربو له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا كاری بۆ بكرێت، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، "زۆر به‌ڕونی و ئاشكرایی بیڵێین ره‌نگه‌ هه‌ندێك نیه‌ت له‌ هه‌ندێك لایه‌ن هه‌بێت ئه‌سڵه‌ن ده‌ستور نه‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، چونكه‌ ئێمه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوندا سه‌ردانی سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می زۆرێك له‌لایه‌نه‌كانمان كرد، یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی بون، دواتر له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و دواتر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك كۆسره‌ت و جه‌نابی مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین و مامۆستا عه‌لی باپیر و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تر كه‌ هه‌ن، له‌ هه‌مو كۆبونه‌وه‌كه‌دا لایه‌نه‌كان سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستور بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بابه‌تی كۆرۆنای به‌سه‌ردا هات، ئێستا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت له‌م خوله‌دا ده‌بێت ره‌شنوسی ده‌ستور ئاماده‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام ده‌ستور بۆ لایه‌نێك نانوسرێته‌وه‌ و ته‌نها فراكسیۆنێك به‌رپرس نیه‌ له‌ ئاماده‌كردنی ده‌ستور، پێویستمان به‌جۆرێك له‌ سازان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستور بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان تا ئێستا له‌چه‌ندین كۆبونه‌وه‌دا داوامان له‌ فراكسیۆنه‌كان كردوه‌ رای فه‌رمی خۆیان بڵێن، رای فه‌رمی خۆیان هێناوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام لێتناشارمه‌وه‌ رای جیاواز له‌سه‌ر چۆنێتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی نوسینی ده‌ستور هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ی خولی پێشوی په‌رله‌مان بۆ ئاماده‌كردنی ده‌ستور تێپه‌ڕێنرابو، له‌ سێ تا چوار شوێندا باس له‌ وشه‌ی سازان ده‌كات، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین سازان له‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستوردا هه‌بێت به‌ڵام ناكرێت هه‌ر 21 ئه‌ندامه‌كه‌ی ناو لیژنه‌ی ده‌ستور مافی ڤیتۆی هه‌بێت و رێگری بێت له‌وه‌ی كه‌ ته‌وافوقێك له‌سه‌ر مادده‌ ده‌ستوریه‌كان بكرێت".
ئێمه‌ پێویستمان به‌ زه‌مینه‌سازییه‌كی زیاتر هه‌یه‌ و پێویستمان به‌ مه‌تبه‌خێكی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌ 
رونیشیكرده‌وه‌، "ده‌ستور یاساییه‌كی ئاسایی نیه‌ به‌ 50+1 له‌ناو په‌رله‌ماندا ده‌ربچێت، به‌ڵام ناشكرێت مافی ڤیتۆ به‌ هه‌رئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌ناو لیژنه‌ ده‌ستوریه‌كه‌دا بدرێت و رێگربێت له‌وه‌ی كه‌ ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان بنوسرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئالێره‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌ زه‌مینه‌سازییه‌كی زیاتر هه‌یه‌ و پێویستمان به‌ مه‌تبه‌خێكی سیاسی له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌ له‌سه‌ر سێ شت، یه‌ك، چۆنێتی ئاماده‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م لیژنه‌ ده‌ستوریه‌، ئایا ده‌بێت لیژنه‌یه‌كی نوێ دروست بكه‌ین و یاسایه‌كی نوێ ئاماده‌بكه‌ین یان یاساكه‌ی پێشو هه‌موار بكه‌ینه‌وه‌ و میكانزمی بڕیاردان له‌ناو نوسینه‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستوردا بگۆڕین؟ خاڵی تریش بۆ ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوره‌كه‌یه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌و خاڵه‌ ناكۆكانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ندێك مادده‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئینشالله‌ له‌سه‌رەتای ساڵی ئاینده‌ ئه‌و مه‌تبه‌خه‌ سیاسیه‌ش هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی ده‌ستور بكرێت و هه‌مو ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، چونكه‌ ره‌شنوسی ده‌ستوری ساڵی 2009 هه‌یه‌ و 74 مادده‌ی لیژنه‌ی ده‌ستوری خولی پێشوی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌ به‌ڕێزه‌كان نیه‌تیان هه‌یه‌ ده‌ستور هه‌بێت، ئاسان ده‌توانین لیژنه‌كه‌ دروست بكه‌ینه‌وه‌ به‌رمه‌بنای ئه‌و ره‌شنوسانه‌ی پێشوتر و ئه‌و 74 مادده‌ی كه‌ هه‌یه‌ ره‌شنوسێك ئاماده‌بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا له‌ ساڵی ئاینده‌ بخرێته‌ راپرسییه‌وه‌".
ده‌ستور ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ رێگری بكات له‌وه‌ی هیچ هه‌رێمێكی تر له‌ڕوی جوگرافییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان جیابكرێته‌وه‌
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا پێیوایه‌ له‌م خوله‌دا ده‌ستور تێده‌په‌ڕێنرێت، هێمن هه‌ورامی وتی، "ئێمه‌ هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م رێگرییه‌كان زۆرن، ده‌ستور ده‌بێته‌ پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێته‌ هۆی چه‌سپاندنی هه‌ڵبژاردن و هه‌ر چوار ساڵێك به‌ڕێوه‌بچێت، ده‌ستور ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ رێگری بكات له‌وه‌ی هیچ هه‌رێمێكی تر له‌ڕوی جوگرافییه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان جیابكرێته‌وه‌، ده‌ستور ده‌بێته‌ هۆی زامنكردنی ماف و ئازادییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها بنه‌ماكانی شه‌راكه‌تی حه‌قیقی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌چه‌سپێنێت، ره‌نگه‌ هه‌ندێك لایه‌ن هه‌بێت كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیان له‌گه‌ڵ ئه‌م پڕه‌نسیپانه‌دا نه‌گونجێت و هه‌وڵبه‌ن رێگرن بن له‌وه‌ی ده‌ستور نه‌نوسرێته‌وه‌".
نەک 9 دادوەرەکەی کۆمسیۆن ته‌نانه‌ت كارگوزاره‌كانی ناو كۆمسیۆنیش به‌پێی ئیستحقاق و سانت لیگۆ دابه‌شكراون
له‌باره‌ی دامه‌زراندنی كۆمسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت دور له‌ ساخته‌كاری، هێمن هه‌ورامی رونیكرده‌وه‌، "كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌پێی یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مان دروستكراوه‌ له‌مانگی 12ی 2014 ئه‌م كۆمسیۆنه‌ پێكهێنراوه‌، باواقعبین بین ئه‌م كۆمسیۆنه‌ كۆمسیۆنی پێنج حزبی كوردستانه‌ كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوه‌، كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكانێكی تیادا بێت سه‌ربه‌ هیچ حزبێكی سیاسی نه‌بن، نه‌ ئینتیمایان بۆ حزبه‌ سیاسیه‌كان هه‌بێت و نه‌ بڕیاریان له‌ژێر حزبه‌ سیاسیه‌كاندا بێت و نه‌ پێشتر كادیری ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ بوبن، ئه‌م كۆمسیۆنه‌ به‌رمه‌بنای ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردنی 30ی 9ی 2013 و هه‌ڵبژاردنی مانگی 4ی 2014ی په‌رله‌مانی عێراقه‌ كه‌ معاده‌له‌یه‌كیان به‌پێی سانت لیگۆ ده‌رهێناوه‌، نەک 9 دادوەرەکەی کۆمسیۆن ته‌نانه‌ت كارگوزاره‌كانی ناو كۆمسیۆنیش به‌پێی ئیستحقاق و سانت لیگۆ دابه‌شكراون، ئه‌م كۆمسیۆنه‌ له‌مانگی 12ی 2019 واده‌كه‌ی به‌سه‌رچوه‌، ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ دروستبكرێته‌وه‌، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك؟ له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و میكانزمه‌ی كه‌ له‌ خولی پێشوتر له‌سه‌ر رێككه‌وتوین؟ چونكه‌ ئێستا بیرمان نه‌چێت هه‌ڵبژاردنی مانگی 5ی 2018 كراوه‌ هه‌ڵبژاردنی مانگی 9ی 2018ی كوردستان كراوه‌ هه‌ڵبژاردنی مانگی 10ی 2021ی عێراقیش كراوه‌، ئه‌م سێ هه‌ڵبژاردنه‌ خه‌ریته‌یه‌كی سیاسی نوێی له‌ناو په‌رله‌ماندا دروستكردوه‌، هه‌ندێك فڕاكسیۆن ئێستا له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ن و كورسییان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ناو كۆمسیۆن نوێنه‌رایه‌تییان نیه‌".
هانی لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین به‌پێی ئیستحقاق بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو لایه‌نه‌كان لە کۆمسیۆن هەبێت
هێمن هه‌ورامی وتیشی، "رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردو له‌ كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی فراكسیۆنه‌كان كۆبوینه‌ته‌وه‌ و داوامان لێكردون فراكسیۆنه‌كان له‌ناو خۆیاندا دانوستان ده‌سپێبكه‌ن و بڕیاره‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان له‌ رێگه‌ی فراكسیۆنه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌و دانوستانانه‌ ده‌ستپێبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ به‌رئه‌نجامێك، چونكه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ساڵی ئاینده‌ له‌ كۆتایی مانگی 9 یان سه‌ره‌تای مانگی 10 ئه‌نجامبدرێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌كۆمسیۆنه‌ و كۆمسیۆن لانیكه‌م پێویستی به‌ شه‌ش بۆ حه‌وت مانگ ئاماده‌كاریه‌، ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی واده‌كه‌ی 2019 به‌سه‌رچوه‌ ناتوانێت ئاماده‌كاری بكات، بۆیه‌ ئێمه‌ هانی لایه‌نه‌كان ده‌ده‌ین به‌پێی ئیستحقاق بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌مو لایه‌نه‌كانی تیابێت، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم بێبه‌ش بكرێت له‌ نوێنه‌رایه‌تیكردن له‌ كۆمسیۆن، ئه‌گه‌ر به‌پێی ئیستحقاقیش ناگه‌ینه‌ نه‌تیجه‌یه‌ك هه‌م فراكسیۆنه‌كان پێكه‌وه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ یاسای كۆمسیۆن ته‌حدیل بكه‌ن كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی دادوه‌ری باش و یاساناسی باش و خه‌ڵكی بێلایه‌نی حه‌قیقی بێنین كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ ئیداره‌بدات به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی عێراق و موزه‌كه‌ره‌یه‌كی ته‌فاهوم له‌نێوانیان هه‌بێت به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و پشتیوانی یونامی له‌روی ته‌كنیكییه‌وه‌ هه‌رشتێك پێویست ده‌كات بۆ شه‌فافیه‌تی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2022 له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌رلایه‌نێكیش رێگربێت له‌ رێی دروستكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆن و كۆسپ دروستكردن بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا ده‌بێت ئه‌ولایه‌نه‌ وه‌ڵام بداته‌وه‌".
وه‌ك سه‌ركردایه‌تییه‌كی پارتی و ئاگادارێك له‌ مه‌ركه‌زی سیاسی پارتی وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌،  پارتی به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیدا بكرێت 
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت، هێمن هه‌ورامی كه‌ نوێنه‌ری ئه‌و حزبه‌یه‌ له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وتی، "وه‌ك سه‌ركردایه‌تییه‌كی پارتی و ئاگادارێك له‌ مه‌ركه‌زی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه‌، به‌ڵێ پارتی به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌كاتی خۆیدا بكرێت و هه‌مو زه‌مینه‌سازییه‌ك بكرێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد بێت و هیچ نه‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ له‌مانی 10ی 2021 كراوه‌ له‌ڕوی ته‌كنیكییه‌وه‌ پێشكه‌وتوتر بێت، له‌روی شه‌فافیه‌تیشه‌وه‌ شه‌فافتر بێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كۆمسیۆنێك دروستبكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئیستحقاق و ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ واده‌ی رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاریبكات و ده‌بێت لانیكه‌م له‌ 20ی 9 بۆ 10ی 10 به‌ڕێوه‌بچێت، چونكه‌ 6ی 11ی 2022 ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی دێت، ده‌بێت تا 5ی 11 هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌م كرابێت و ئه‌نجام راگه‌یه‌ندرابێت و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بانگهێشتكرابن بۆ دانیشتنی یه‌كه‌می په‌رله‌مان و سوێندنی یاسایشیان خواردبێت، ئه‌مه‌ش پڕۆسه‌یه‌كه‌ پێویستی لانیكه‌م به‌ شه‌ش بۆ هه‌شت مانگ هه‌یه‌، هیچ بیانویه‌ك نابینین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، چی بیانویه‌كه هه‌یه‌؟ ئێمه‌ شه‌ڕی داعشمان هه‌بو هه‌ڵبژاردنیشمان كردوه‌، هیچ بیانویه‌ك و هیچ مه‌نتقێك نابینین تا هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت".
هیوادارم بیانوگرتن به‌ دروستنه‌كردنی كۆمسیۆن و قسه‌كردن له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن بیانویه‌ك و پلانێك نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت
په‌یوه‌ست به‌وه‌ی ئایا تا ئێستا هیچ لایه‌نێك هه‌بوه‌ داوا بكات كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخرێت، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتی، "تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌ فه‌رمی له‌ كۆبونه‌وه‌ فه‌رمییه‌كاندا نه‌یوتوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخرێت، به‌ڵام هیوادارم بیانوگرتن به‌ دروستنه‌كردنی كۆمسیۆن و قسه‌كردن له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن بیانویه‌ك و پلانێك نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت".