به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان له‌ دیداری خه‌ندان: ده‌بێت مه‌ترسی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو به‌ جددی وه‌ربگرین

09:44 - 15/12/2021

2806جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

کۆچەر جەمال، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان رایگه‌یاند، دڵنیایی ده‌دات ئه‌گه‌ر ساڵێكی دیكه‌ش وشكه‌ساڵی بێت كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ دروستنابێت، به‌ڵام كێشه‌ی كشتوكاڵ دروستده‌بێت، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی "ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك به‌رده‌وام بێت كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ش دروست ده‌بێت"، ده‌شڵێت، "ده‌بێت چاو له‌ وڵاتان بكه‌ین، وڵاتان هه‌مویان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاودان، كه‌واتا ئێمه‌ش ده‌بێت مه‌ترسی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو به‌ جددی وه‌ربگرین، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ زیاتره‌ چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی روباره‌كانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌وه‌ دێت".

کۆچەر جەمال لەمیانی بەرنامەی دیداری خەندان کە بەرنامەیەکی هەفتانەیە و لەلایەن رۆژنامەنوس هەڤاڵ محەمەد ئامادە و پێشکەش دەکرێت، رایگه‌یاند، "ئه‌مساڵ تا ئێستا ته‌نها 26 ملیمه‌تر بارانباریوه‌ و ئه‌و رێژه‌یه‌ش كه‌مه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌، له‌ ئێستاوه‌ ناتوانین بڕیاربده‌ین كه‌ ساڵه‌كه‌ چۆن ده‌بێت به‌ڵام كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش شه‌پۆلێكی بارانبارین ئه‌گه‌ر خوا حه‌زبكات به‌ڕێوه‌یه‌ به‌ڵكو به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ دێته‌ ناو ده‌ریاچه‌كه‌وه‌ كه‌مێك زیاتر ببێت، ئێستا ته‌نها نزیكه‌ی 15 مه‌تر سێجا دێته‌ ناو ده‌ریاچه‌كه‌وه‌ كه‌وا بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ زۆر كه‌مه‌، له‌كاتێكدا به‌ردانه‌وه‌كه‌مان له‌وه‌ زیاتره‌ و رۆژانه‌ دو بۆ سێ سانتیمه‌تر ئاستی ئاوه‌كه‌ داده‌به‌زێت، ئه‌و به‌ردانه‌وه‌یه‌ش ته‌نها پێداویستییه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ دابین ده‌كات له‌م وه‌رزه‌دا، ساڵانی پێشوش ئه‌م كاتانه‌ ئاستی ئاوه‌كه‌ یان له‌ئاستی خۆیدا وه‌ستابو یان دابه‌زیوه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی (شوبات/2)ه‌وه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌ست به‌ ئاو كۆكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ین".

ئێستا له‌ كۆی حه‌وت ملیار ته‌نها دو ملیار ئاو له‌ناو ده‌ریاچه‌كه‌دا هه‌یه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن به‌ره‌ به‌ره‌ ئاستی ئه‌و ئاوه‌ زیاتر بكه‌ن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا له‌ كۆی حه‌وت ملیار ته‌نها دو ملیار ئاو له‌ناو ده‌ریاچه‌كه‌دا هه‌یه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن به‌ره‌ به‌ره‌ ئاستی ئه‌و ئاوه‌ زیاتر بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتایی وه‌رزه‌كانی به‌هار و هاوینی داهاتودا به‌ری بده‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵانی وشكه‌ ساڵی له‌ رابردودا له‌ 1999، 2000، 2008، 2009 و 2021 وشكه‌ ساڵی بوه‌، ته‌نها له‌ ساڵی 1999 و ساڵی 2021 نه‌بێت له‌ ساڵه‌كانی تردا ئاستی ئاو له‌سه‌روی ئه‌و ئاسته‌وه‌ بوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌وه‌ بو كه‌ ساڵی رابردو دایانناوه‌ و توانیویانە ئاستی ئاوه‌كه‌ به‌وجۆره‌ بهێڵنه‌وه‌.

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی وڵاتان له‌ رابردو و ئێستادا پلانیان هه‌بوه‌ بۆ گلدانه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنی ئاو، ئایا هه‌رێمی كوردستان له‌مڕوه‌وه‌ چی كردوه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان باسی له‌وه‌كرد، "له‌ پارێزگای سلێمانی دو به‌نداوی گه‌وره‌ هه‌یه‌، كه‌ به‌نداوی دوكان له‌سه‌ر زێی بچوكه‌ و به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان له‌سه‌ر زێی سیروانه‌ و هه‌ردوكیان سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ وڵاتی دراوسێوه‌ دێته‌ ناوه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی زێی بچوك له‌ قوڵایی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ شاری پیرانشار ده‌ستپێده‌كات و نزیكه‌ی 100 تا 125 كیلۆمه‌تر له‌ ناو رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داده‌بڕێ و دوایی دێته‌ ئه‌مدیوه‌وه‌ و ئه‌وان له‌وێ كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ و به‌نداویان له‌سه‌ر دروستكردوه‌، به‌نداوی كانی سیبیان هه‌یه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئاستی ئاوه‌كه‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ به‌نیازن نیو ملیار مه‌تر سێجا ئاو به‌رنه‌وه‌ بۆ ده‌ریاچه‌ی ورمێ، واتا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ساڵێكی ئاساییدا نزیكی چوار ملیار ئاومان بۆ بێت له‌ تێكڕای ساڵێكدا ئه‌وا ده‌بێت 3.5 ملیار چونكه‌ ئه‌و نیو ملیار ئاوه‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ین، له‌سه‌ر روباری سیروانیش به‌ هه‌مان كۆمه‌ڵێك به‌نداو دروستكراون".
ده‌بێت گرنگی به‌ ئاو بده‌ین و وا تێبگه‌ین ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌وه‌ بۆمان دێت یان نایه‌ت یان زۆر كه‌ممان بۆ دێت
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، "له‌مه‌ودوا ده‌بێت گرنگی به‌ ئاو بده‌ین و وا تێبگه‌ین ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌وه‌ بۆمان دێت یان نایه‌ت یان زۆر كه‌ممان بۆ دێت، ئێستا من ئه‌وه‌ندی زانیاریم هه‌بێت له‌سه‌ر به‌نداوه‌كانی زێی بچوك سێ به‌نداو ته‌واوبون كه‌ دانه‌یه‌كیان ئاوه‌كه‌ ده‌گۆڕێت و دانه‌یه‌كیان له‌ودیو سنوره‌وه‌یه‌ كه‌ به‌نداوی كۆڵسه‌ی سه‌رده‌شتی ناوه‌، ئه‌وه‌ش ئاو تیایدا كۆده‌كرێته‌وه‌ و بۆ كشتوكاڵ به‌كارده‌هێنرێت و دواتر به‌رده‌درێته‌وه‌ بۆ ئێمه‌".
له‌ مانگی چواری ساڵی رابردودا 2.5 ملیار ئاو هاتبو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مو بارانی ساڵی رابردو كۆبكه‌ینه‌وه‌ ته‌نها دو ملیار ئاومان بۆ هاتوه‌
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ساڵی 2019 بارانێكی زۆر باری و ته‌نانه‌ت بێل ماوسه‌كه‌ی دوکان سه‌ررێژی كرد، بۆچی نه‌كرا ئه‌و ئاوه‌ كۆبكرێته‌وه‌ و هه‌ڵبگیردرێت؟، کۆچەر جەمال وتی، "به‌ڵێ وابو له‌ 2019 بێل ماوسه‌كه‌ سه‌ررێژی كرد و ته‌نها له‌مانگی چواری ساڵی رابردودا 2.5 ملیار ئاو هاتبو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مو بارانی ساڵی رابردو كۆبكه‌ینه‌وه‌ ته‌نها دو ملیار ئاومان بۆ هاتوه‌، ئه‌وكاته‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ باشتروابو ئاوه‌كه‌ هه‌ڵبگیردرێت و به‌رنه‌درێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئاسته‌، ره‌نگه‌ تێبینی ئه‌وه‌ نه‌كرابێت كه‌ دواتر وشكه‌ ساڵی ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بێت هه‌موكات تێبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ وشكه‌ ساڵی له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردودا زۆربون".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "به‌نداوی دوكان كه‌ له‌ ساڵانی نێوان 1954 بۆ 1959 دروستكراوه‌ زیاتر بۆ ئه‌وه‌بو كه‌ كۆنتڕۆڵی لافاو بكات چونكه‌ زێی بچوك له‌ زستان و به‌هاراندا ئاوێكی یه‌كجار زۆری پیادا هاتوه‌ و تێكه‌ڵ به‌ ئاوی دیجله‌ بوه‌ته‌وه‌ و له‌وێدا لافاوی دروستكردوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا زۆر كه‌مه‌ لافاو، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی دروستكردنی به‌نداوی دوكان ئاودێری ناوچه‌ی كه‌ركوك بوه‌ كه‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار دۆنم بو له‌وكاتانه‌دا سودی ئاودێری و كشتوكاڵی لێوه‌رگرتوه‌ ئێستا ئه‌و بڕه‌ بۆ 500 هه‌زار دۆنم زه‌وی دابه‌زیوه‌".
ئێمه‌ تێبینی زیاترمان له‌سه‌ر بارانبارینه‌ و له‌ داهاتودا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كاریگه‌ی ئه‌و به‌نداوانه‌ی لە دەرەوەی سنورەکان دروستکراون چه‌نده‌
به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان له‌باره‌ی هۆكاری كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ر له‌ كه‌مبارانی چیە؟ ده‌ڵێت، "كه‌ تێكڕای بارانبارین له‌ ساڵی 1959ه‌وه‌ تا ئێستا ساڵان 700 ملیم كه‌میكردوه‌ به‌ڵام ساڵی رابردو وه‌ربگرین نزیكی 550 بۆ 600 ملیمه‌تره‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بارانبارینه‌كه‌مان بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ ئه‌وا ساڵانه‌ بڕی ئاوی پێویستمان بۆ دێت، به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر بگه‌ینه‌ ئه‌و بڕه‌ش كه‌ 600 ملیمه‌تره‌ ده‌بێت تێبینی ئه‌و به‌نداوانه‌ی وڵاتانی دراوسێ بكه‌ین له‌وانه‌یه‌ هێشتا بڕی پێویستمان بۆ نه‌یه‌ت، كه‌واتا دو كاریگه‌ریه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ باران به‌پێی پێویست نابارێت و دوه‌میان ئه‌و به‌نداوانه‌یه‌ كه‌ دروستكراون، به‌ڵام ئێمه‌ تێبینی زیاترمان له‌سه‌ر بارانبارینه‌ و له‌ داهاتودا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كاریگه‌ی ئه‌و به‌نداوانه‌ش چه‌نده‌".
ئه‌گه‌ر پێش دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ هه‌ر بارانێك له‌و روبه‌ره‌دا بباریایه‌ ده‌هاته‌ ده‌ریاچه‌كه‌مان به‌ڵام ئێستا هه‌ندێكیمان له‌ده‌ستداوه‌ 
له‌باره‌ی كاریگه‌ری ئه‌و به‌نداوانه‌ی له‌ وڵاتی ئێران دروستكراوه‌، وتی، "ئه‌و به‌نداوانه‌ له‌ ساڵانی وشكه‌ساڵیدا كاریگه‌ریه‌كه‌یان زیاتر ده‌رده‌كه‌ون، چونكه‌ ئێمه‌ ناوچه‌ی بارانبارینمان 11690 مه‌تر دوجایه‌، واتا ئه‌گه‌ر پێش دروستكردنی ئه‌و به‌نداوانه‌ هه‌ر بارانێك له‌و روبه‌ره‌دا بباریایه‌ ده‌هاته‌ ده‌ریاچه‌كه‌مان به‌ڵام ئێستا هه‌ندێكیمان له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌وان بۆخۆیان هه‌ندێك له‌و ئاوه‌ گلده‌ده‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌كاتی وشكه‌ساڵیدا كاریگه‌ری زیاتر ده‌بێت له‌سه‌رمان به‌ڵام له‌كاتی بارانی زۆر و لافاودا ده‌ریاچه‌كانی بچوكن و ناچارده‌بن به‌ری بده‌نه‌وه‌".
 ده‌بێت خه‌زنێكی ستراتیژی له‌ دوكاندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ توشی كێشه‌ی كه‌مئاوی نه‌بین، ئه‌گه‌ر نه‌بارێت كێشه‌یه‌ ئاو له‌ كوێ بهێنین؟ 
له‌باره‌ی پاراستنی ئاوی به‌نداوه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان وتی، "بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ باراناوی بێت ده‌بێت بیر له‌وه‌ نه‌كه‌مه‌وه‌ ساڵی داهاتوش به‌وجۆره‌ ده‌بێت، ده‌بێت بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌م ئاوه‌ هه‌ڵبگرم هه‌مو كات، ده‌بێت خه‌زنێكی ستراتیژی له‌ دوكاندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ توشی كێشه‌ی كه‌مئاوی نه‌بین، ئه‌گه‌ر نه‌بارێت كێشه‌یه‌ ئاو له‌ كوێ بهێنین؟ ئێمه‌ په‌یوه‌ستین به‌ بارانه‌وه‌ باران نه‌بارێت ئاو نابێت، ئاویش نه‌بێت كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌شمان بۆ دروست ده‌بێت نه‌ك ئاوی كشتوكاڵ، من دڵنیایی ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ساڵێكی دیكه‌ش وشكه‌ساڵی بێت كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ دروستنابێت، به‌ڵام كێشه‌ی كشتوكاڵ دروستده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك به‌رده‌وام بێت كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ش دروست ده‌بێت، ئێستا ئه‌و ئاوه‌ی كه‌ به‌ریده‌ده‌ینه‌وه‌ لانیكه‌م پێداویستی خواروی به‌نداوه‌كه‌ دابین ده‌كه‌ین به‌ڵام كاریگه‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر كشتوكاڵ".
دڵنیایی ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ساڵێكی دیكه‌ش وشكه‌ساڵی بێت كێشه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ دروستنابێت
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا دڵنیایی ئه‌وان بۆ دروستنه‌بونی کێشەی ئاوی خواردنه‌وه‌ تاوه‌كو كه‌یه‌؟ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان وتی، "ئێمه‌ ئێستا باس ده‌كه‌ین، ئێمه‌ پلانی ئێستامان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزانین وشكه‌ساڵی زیاتر ده‌بێت ئه‌وكات ده‌بێت پلانه‌كه‌مان نوێ بكه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت چاو له‌ وڵاتان بكه‌ین، وڵاتان هه‌مویان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاودان، كه‌واتا ئێمه‌ش ده‌بێت مه‌ترسی كه‌مبونه‌وه‌ی ئاو به‌ گرنگ وه‌ربگرین، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ زیاتره‌ چونكه‌ سه‌رچاوه‌ی روباره‌كانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌وه‌ دێت".