خه‌ندان-
مژده مه‌حمود ئه‌ندامی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ساڵانه شه‌ش ملیار دۆلار له داهاتی نه‌وت دیارنامێنێت، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش دو هێنده‌ی ئه‌و داهاته‌یه كه له‌ساڵێكدا ده‌چێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه.
مژده مه‌حمود له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "ئه‌و بۆریه‌ی نه‌وتی ھه‌رێم ده‌گوازێته‌وه بۆسه‌ر به‌نده‌ری جیھانی توركی، 700 كیلۆمه‌تری له ده‌ره‌وه‌ی خاكی ھه‌رێمدایه كرێی ھه‌ر به‌رمیلێك دو دۆلاره، 470 كیلۆمه‌تری ده‌كه‌وێته خاكی ھه‌رێم كه بۆریه‌كه ھی حكومه‌تی ھه‌رێمه، به‌ڵام بۆ ھه‌ر به‌رمیلێك شه‌ش دۆلار ده‌دات بۆ كۆمپانیا حیزبیه‌كانی خۆیان، واته كرێی یه‌ك به‌رمیل تا ده‌گاته به‌نده‌ری جیھانی توركی هه‌شت دۆلاره، كه له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا كرێی بۆری 650 ملیۆن دۆلار بوه".
حكومه‌تی عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ته‌نها سێ دۆلار ده‌دات وه‌ك خزمه‌تگوزاری نه‌وتی و پاره‌ی كۆمپانیاكان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت زیاتر له 18 دۆلار ده‌دات
راشیگه‌یاندوه، "حكومه‌تی عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ته‌نها سێ دۆلار ده‌دات وه‌ك خزمه‌تگوزاری نه‌وتی و پاره‌ی كۆمپانیاكان، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت زیاتر له 18 دۆلار ده‌دات بۆ كۆمپانیا بیانی و ناوخۆیه‌كان، هاوكات، ئه‌گه‌ر ئه‌م نه‌وته‌ی هه‌رێم حكومه‌تی عێراق بیفررۆشتایه ئه‌وا بڕی نزیكه‌ی پێنج ملیار دۆلار ده‌بو ، چوار ملیار و نیو دۆلاری ده‌مایه‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌م شێوازی فرۆشتنه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له كۆی هه‌مو ئه‌و نه‌وته‌ی فرۆشراوه ته‌نها یه‌ك ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری پوخت گه‌ڕاوه‌ته‌وه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت".
ته‌نها له شه‌ش مانگی ئه‌مساڵی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمدا، سێ ملیار دۆلار دیار نه‌ماوه
مژده مه‌حمود ئه‌وه‌شی ئاشكراكردوه، "به واتایه‌كی دیكه ته‌نها له شه‌ش مانگی ئه‌مساڵی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمدا، سێ ملیار دۆلار دیار نه‌ماوه و به‌هه‌ده‌ر رۆیشتوه، كه ساڵانه ده‌كاته شه‌ش ملیار دۆلار پاره‌ی بهفیرۆچوی داهاتی نه‌وت، كه ئه‌م پاره‌یه‌ی دیارنه‌ماوه دو هێنده‌ی ئه‌و داهاته‌یه كه دێته ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه".
باسی له‌وه‌شكردوه، "پێویسته ئه‌و تاڵانفرۆشیه ڕابگیرێت كه زۆربه‌ی پاره‌كه ده‌چێت بۆ كۆمپانیا حیزبیه‌كانی ده‌سه‌ڵات و نه‌وه‌ی نه‌وه‌كانیشمان باجی ئه‌و تاڵانفرۆشیه ده‌ده‌ن".