هەواڵی ئەمڕۆ

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: یه‌كێتی و گۆڕان به‌بێده‌نگی له‌دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌ڕوانن، سه‌رۆكی حكومه‌ت چی بوێت هه‌ر ئه‌وه‌ده‌ڕوات

06:55 - 11/12/2021

1894جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتی و گۆڕان له‌ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی بۆ كاروباری نه‌وت و گاز زۆرینه‌ن به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانیان سڕكراوه‌ و سه‌رجه‌م كاره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن و ده‌شڵێت، " یه‌كێتی و گۆڕان ھیچ ناڕه‌زایه‌كی جدیان پیشان نه‌داوه‌ له‌ سڕكردنی ده‌سه‌ڵاتیان، به‌بێده‌نگی له‌ دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌ڕوانن و سه‌رۆكی حكومه‌ت چی بوێت ھه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڕوات".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، له‌وتارێكدا به‌ناونیشانی "بێده‌نگی یه‌كێتی و گۆڕان له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتدا" كه‌ له‌ به‌شی وتاری خه‌ندان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ نوسیویه‌تی، "به‌پێی یاسای نه‌وت و گازی ھه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (28) ساڵی 2007، به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتدا، ئه‌نجومه‌نی ھه‌رێمیه‌ بۆ كاروباری نه‌وت و گازه‌، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌، له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانی سامانه‌ سروشتیه‌كان، دارایی و كاروباری، پلاندانان پێكدێت، واته‌ یه‌كێتی و گۆڕان زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ن و له‌ پێنج ئه‌ندام، سێ ئه‌ندامیان هه‌یه‌".

له‌ماده‌ی پێنجه‌می یاساكه‌دا، ئه‌ركی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ی له‌ سێ خاڵدا جێگیركردوه‌، كۆی پرۆسه‌ی نه‌وتیش ئه‌و سێ خاڵه‌یه‌

ئه‌وه‌شی رونكردوه‌ته‌وه‌، "له‌ماده‌ی پێنجه‌می یاساكه‌دا، ئه‌ركی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ی له‌ سێ خاڵدا جێگیركردوه‌، كۆی پرۆسه‌ی نه‌وتیش ئه‌و سێ خاڵه‌یه‌، یه‌كه‌میان، دانانی پرنسیپه‌كانی گشتی بۆ سیاسه‌تی نه‌وت و پلانی به‌دواداگه‌ڕان و په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌كان له‌ ھه‌رێمدا له‌گه‌ڵ ھه‌مواركردنیان، دوه‌م، پێدانی ڕه‌زامه‌ندی بۆ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی تایبه‌ته‌ به‌ پرۆسه‌كانی نه‌وت، خاڵی سێیه‌میش دیاریكردنی ئاستی به‌رھه‌مھێنانی نه‌وته‌".

یه‌كێتی و گۆڕان به‌بێده‌نگی له‌ دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌ڕوانن و سه‌رۆكی حكومه‌ت چی بوێت ھه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڕوات

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح راشیگه‌یاندوه‌، "له‌م كابینه‌دا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ته‌نانه‌ت یه‌ك كۆبونه‌وه‌شی نه‌كردوه‌، كۆی پرۆسه‌كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، یه‌كێتی و گۆڕان ھیچ ناڕه‌زایه‌كی جدیان پیشان نه‌داوه‌ له‌ سڕكردنی ده‌سه‌ڵاتیان، به‌بێده‌نگی له‌ دۆسیه‌ی نه‌وت ده‌ڕوانن و سه‌رۆكی حكومه‌ت چی بوێت ھه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڕوات".

به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی دۆسیه‌ی نه‌وتیان ھه‌یه‌و ڕێگایان پێنادرێت به‌كاری بھێنن و یه‌ك كۆبونه‌وه‌ش ناكه‌ن ڕازیشن

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ده‌شڵێت، "به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی دۆسیه‌ی نه‌وتیان ھه‌یه‌و ڕێگایان پێنادرێت به‌كاری بھێنن و یه‌ك كۆبونه‌وه‌ش ناكه‌ن ڕازیشن، ته‌نانه‌ت جگه‌ له‌و به‌نزینه‌ی له‌ به‌غدا دێت، حكومه‌تی ھه‌رێم ڕۆژانه‌ 950 ھه‌زار لیتر به‌نزینی ھه‌یه‌و لیترێكی نادرێته‌ سلێمانی و ھه‌موی بۆ سێ كۆمپانیای ھه‌ولێره‌ و زۆرینه‌ی به‌گران ده‌فرۆشنه‌وه‌ له‌ بازاڕ، زۆرینه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ھه‌رێمی بێده‌نگن، ڕه‌نگه‌ ھه‌ر نه‌شزانن، بۆ پاره‌ی لوبنان و زۆری كرێی بۆری و كۆمپانیاكانیش ھه‌ر بێده‌نگن، چه‌ندیش پاره‌ی نه‌وت بگه‌ڕێته‌وه‌ ھه‌ر ڕازین".