پارێزگاری سلێمانی دەسەڵاتەکانی رادەستی جێگرەکەی دەکات

11:09 - 09/12/2021

28699جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ماوەی نزیکەی 10 رۆژە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پێگەی فەرمی راگەیاندنی پارێزگا و هەژمارە فەرمییەکانی خۆی هیچ چالاکییەکی بڵاونەکردوەتەوە، بەگوێرەی بەدواداچونەکانی خەندان، پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوەی دو هەفتە مۆڵەتی  ساڵانەی وەرگرتوە و دەسەڵاتەکانی رادەستی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری کارگێڕی کردوە.

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە 1ـی ئەم مانگەوە لەپێگەی فەرمی راگەیاندنی پارێزگا و پەیجی فەرمی خۆی لەفەیسبوک هیچ وێنە و چالاکییەکی بڵاونەکردوەتەوە، لەکاتێکدا ناوبراو لەناو بەرپرسانی حکومەتدا بە یەکێک لە بەکارهێنەرە چالاکەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناودەبرێت، دوایین پۆستی پەیجی فەرمی پارێزگاری سلێمانیش رۆژی 1-12-2021 بوە کە بەشداریکردوە لەمەراسیمی (بەخشینی خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز لە لایەن ڕێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەزەوە بە دکتۆر جەلیلی جەلیل).

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەشێوەیەکی ئاسایی مۆڵەتی ساڵانەی وەرگرتوە
لەمبارەیەوە ئەنوەر تاهیر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، "د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەشێوەیەکی ئاسایی مۆڵەتی ساڵانەی وەرگرتوە، بۆیە لەناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەرکی فەرمی خۆی". 
بڕیار له‌ هه‌رشتێك بده‌ین به‌ ره‌سمی رایده‌گه‌یه‌نین
رۆژی سێی (کانونی یەکەم/12)ی ئه‌مساڵ چوار ساڵ تێپەری بەسەر دەستبەكاربونی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر وه‌ك پارێزگاری سلێمانی، كە لە نوسراوێكی خۆیدا هاتوە كە لە رۆژی سێی (کانونی یەکەم/12)ی 2017 دەستبەكاربوە، بۆ سێی (کانونی یەکەم/12)ی 2021 چوار ساڵ دەكات، پێشوتر لە چەند دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە د. هەڤاڵ ئەبوبەكر ئاماژەی بەوەكردوە، "ماندو بوەو دوای چوار ساڵ و لە یادی دەستبەكاربونیدا كە دەكاتە 3/12 یاخود رۆژانی دواتر  دەستلەكار دەكێشێتەوە"، به‌ڵام پێشتر خه‌ندان به‌دواداچونی له‌وباریه‌وه‌ كرد و هه‌ڤاڵ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا وتی، "بڕیار له‌ هه‌رشتێك بده‌ین به‌ ره‌سمی رایده‌گه‌یه‌نین".
پرسیارمان لێکردوە لەوبارەیەوە دەڵێت، بابەتی وا راست نیە
پەیوەست بەدەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی، بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 30ـی تشرینی دوەم لەلێدوانێکدا رایگەیاندبو، "من وەک خۆم ئەوەی دەستم کەوتبێت لەوبارەوە ئەوەیە کە بەڕێز پارێزگار دەڵێت، من بە فەرمی کەس پێی رانەگەیاندوم هەروەها خۆم داوام نەکردوە، بۆیە تا ئێستا نە نامەی بۆ ئەنجومەن ناردوە و بە شەخسیش بەوپێیەی هەردوکمان لە یەک حزبین پرسیارمان لێکردوە لەوبارەیەوە دەڵێت، بابەتی وا راست نیە".
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان 241 هەزارو 241 دەنگی بەدەستهێنا
لە هەڵبژاردنی 2014ی ئەنجومەنی پارێزگاكان د. هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستی بزوتنەوەی گۆڕان بو بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و خۆی بەتەنها 241 هەزارو 241 دەنگی بەدەستهێنا، لیستی گۆڕانیش 12 كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بردەوە.