روفاتی 41 کوردی ئێزدیی بۆ شنگال دەگەڕێنرێتەوە

10:23 - 09/12/2021

1094جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پێنجشەممە روفاتی 41 کوردی ئێزدیی لەبەغداوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ قەزای شنگال و لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگوندی کۆچۆی شنگال بەخاک دەسپێردرێن.

وەزارەتی کاروباری شەهیدانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی DNA لەبەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە روفاتی 41 هاوڵاتی کوردی ئێزدیی لەبەغداوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ قەزای شنگال و لەگوندی کۆچۆ بەخاک دەسپێردرێن.

هێشتا 400 روفاتی هاوڵاتی ئێزدی لەبەشی دادی پزیشکی بەغدا ماون
باس لەوەشکراوە، هێشتا 400 روفاتی هاوڵاتیانی ئێزدی لەبەشی دادی پزیشکی بەغدا ماون و پشکنینی DNAیان بۆ دەکرێت بەمەبەستی ناسینەوەیان و دواتر دەگەڕێنرێنەوە بۆ شنگال.
 زیاتر لە 220 خێزانی تێدا بو، کە لە 1700 کەس لەو گوندەدا دەژیان

گوندی کۆچۆ نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە باشوری قەزای شنگالەوە دورە، پێش هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکە زیاتر لە 220 خێزانی تێدا بو، کە لە 1700 کەس لەو گوندەدا دەژیان.

ئەو گوندەی بو بە سیمبولی ئازار و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان

لە سەرەتای مانگی ئابی 2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەی ئێزدییەکان، دواتر چەکدارانی داعش گەیشتنە گوندی کۆچۆ، ئەو گوندەی بو بە سیمبولی ئازار و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان.

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن گوندەکە ژمارەیان 1740 كەس بوە، لە کۆمەڵکوژییەکەی داعشدا 480 پیاو کوژراون و تاکو ئێستاش چارەنوسی زیاد لە 500 کەسیان دیار نییە.

نیشانەکردن

شەنگال ئێزیدی