یەکێتی نوسەرانی جینۆساید: تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە

10:21 - 09/12/2021

1107جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆساید رایگه‌یاند، لە ساڵی 1948ه‌وه‌ تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە، لەسایەی ئەو رۆژە جیھانیەو چەندین پرۆتۆکۆڵ و رێکەوتنامەی تری جیھانی پرۆسەکانی قڕکردنی کورد ئەنجامدران و پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەکردار رێز لە واژۆی سەر رێکەوتنامەکانیان بگرن.

رۆژی 9ی (کانونی یەکەم/12)ی ھەمو ساڵێک رۆژێکی جیھانیە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی 2015 ئەو رۆژەی دیاریکردوە، کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی رێکەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆسایدو سزادانی ئەنجامدەرانی لەلایەن نەتەوە نەکگرتوەکانەوە لە ساڵی 1948 واژۆکراوە.

لە ساڵی 1948ه‌وه‌ تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا لە رۆژی جیھانی یادکردنەوەی قوربانیانی تاوانی جینۆساید رایگه‌یاند، لە ساڵی 1948ه‌وه‌ تا ئەم ساتەوەختە گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر ماوە، لەسایەی ئەو رۆژە جیھانیەو چەندین پرۆتۆکۆڵ و رێکەوتنامەی تری جیھانی پرۆسەکانی قڕکردنی کورد ئەنجامدران، لەبەر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتی پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بەکردار رێز لە واژۆی سەر رێکەوتنامەکانیان بگرن و، ھەوڵی جددی بدەن گەلی کوردستان بەھەمو پێکھاتەکانیەوە لە ژێر ھەڕەشەی تاوانی نێودەوڵەتی دەرباز بکەن.
ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئاژانسەکانیەتی، بەوردی چاودێری دۆخی کورد لەناوچەکە بکەن و پارێزگاری لێ بکەن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتیە، ئەرکی کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان و ئاژانسەکانیەتی، بەوردی چاودێری دۆخی کورد لەناوچەکە بکەن و پارێزگاری لێ بکەن.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری قوربانیان و بەکردار رێز لە قوربانیان بگیرێت
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان باسی له‌وه‌شكردوه‌، بەگرنگی دەزانێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کار بکەن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کەسوکاری قوربانیان و بەکردار رێز لە قوربانیان بگیرێت، هه‌روه‌ها مۆنۆمێنتی شایستەو مەزارگەی شایستە بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ و تاک تاکی قوربانیان دروستبكرێت.

هاوكات داواش ده‌كات تاوانی جینۆساید بخرێتە ناو پرۆگرامی پەروەردەو فێرکردن و ھانی زانکۆو ناوەندە ئەکادیمیەکان دەدەن بۆ توێژینەوە لە بواری جینۆساید و هه‌روه‌ها پەرلەمانی کوردستان کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی هەمو جۆرە بانگەشەیەک بۆ بیری شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کاری جددی بکەن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی مرۆڤایەتی
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ده‌ڵێت، "بۆ پابەندبونی دەوڵەتان، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کاری جددی بکەن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی مرۆڤایەتی و قوربانیەکانی کۆمەڵکوژی لە جیھاندا بەگشتی و قوربانیەکانی دەستی رژێمی پێشوی دیکتاتۆری عیراق بەتایبەتی ھەر لە تاوانی ئەنفال و قوربانیانی کیمیاباران و راگواستنی فەیلیەکان و بارزانیەکان و شاڵاوەکانی پاکتاوی رەگەزی و جینۆسایدی ئیزیدیەکان کەلەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش ئەنجامدرا".