نەخۆشخانەی رزگاری: بۆیەکەمجار لە نەشتەرگەرییەکدا دەنگی پیاوێکمان گۆڕی

09:02 - 09/12/2021

4953جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نەخۆشخانەی رزگاری لەشاری هەولێر بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لەنەخۆشخانەیەکی حکومی هەرێمی کوردستان لەرێگەی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنەوە دەنگی پیاوێکیان لە دەنگی ئافرەتانەوە بۆ پیاوان گۆڕیوە، نەشتەرگەریەکەش بەسەرکەوتویی کراوە.

نەخۆشخانەی رزگاری لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، هەفتەی رابردو بۆ یەکەمجار لە لایەن ستافی نەشتەرگەریی قورگ و لوت و گوێ جۆرە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ پیاوێک کرا، کە "کێشەی دەنگ ناسکی هەبو، توانرا دەنگی بگۆڕدرێت بۆ دەنگی پیاوانە و نەشتەرگەریەکە بەسەرکەوتویی کرا".

  لەرێگەی نەشتەرگەریی کڕکڕاکەی قوڕگ دەتوانرێت دەنگی بگۆڕدرێت
پزیشکانی نەشتەرگەرییەکە باس لەوە دەکەن، بەشێک لەپیاوان ئەو کێشەیەیان هەیە کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیان،  دەنگی منداڵییان دەمێنێت و ناگۆڕدرێت بۆیە لەرێگەی (نەشتەرگەریی کڕکڕاکەی قوڕگ) دەتوانرێت دەنگی بگۆڕدرێت، بۆیە ئەو هاوڵاتییە دوای هەفتەیەک لە نەشتەرگەرییەکە ئاگاداریکردونەتەوە کە هەستی بە گۆڕانکاری کردوە لە دەنگیدا.
  
نەخۆشخانەی رزگاری ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەندامانی ستافی نەشتەرگەرییەکە پێکهاتبون لە پزیشکانی پسپۆر د.هێمن شوانی، د.بەشیر خۆشناو، پزیشکی نیشتەجێی دێرین د.دەریا یوسف و پەرستاران خاتو حسیبە عومەر و  هەڵاڵە عومەر، لەگەڵ سەرکەوت هیمداد لێپرسراوی بەش.