نوسینگەی سەدر: بەشداری لەهیچ حکومەتێکی هاوپەیمانیدا ناکەین

08:19 - 09/12/2021

1571جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی نوسینگەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، پشک پشکێنە و رێککەوتنی سیاسی بۆ بەشداریکردنی سەرجەم لایەنەکان لەحکومەت و دەسەڵاتدا نمونەیەکی شکستخوارد بوە و رەوتەکەیان لەداهاتودا بەشداری لەهیچ حکومەتێکی هاوپەیمانیدا ناکات.

دەبێت ئەم شێوازی کارکردنە بگۆڕدرێت و حکومەتێکی زۆرینە پێکبهێنرێت
سادق حەسناوی، ئەندامی نوسینگەی موقتەدا سەدر بە کەناڵی سۆمەریەنیوزی راگەیاندوە، "هەمو ئەو سستی و شکستانەی رابردو لە نێوان ئەوانەدا بو کە بە رێککەوتنی سیاسی و پشک پشکێنەی حزبی کاریان لەدەوڵەتدا کرد، بۆیە دەبێت ئەم شێوازی کارکردنە بگۆڕدرێت و حکومەتێکی زۆرینە پێکبهێنرێت".
 رەوتەکەمان هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات کە روانگەی کاریان لەیەکەوە نزیکە
ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەئێستادا وتاری زاڵ و کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسی، وتاری حزبەکانە نەک دەوڵەتی عێراقی، بۆیە بۆ قۆناغی داهاتو رەوتەکەمان هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات کە روانگەی کاریان لەیەکەوە نزیکە".
 ئێمە دەمانەوێت بڕیاری پێکهێنانی حکومەت بڕیارێکی عێراقی بێت
لەبارەی سەردانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانیش بۆ لای موقتەدا سەدر ئەوەی خستوەتەڕو، "جینین پلاسخارت داوای لە سەدر نەکردوە پشتیوانی حکومەتی نیشتیمانی و هاوپەیمانی بکات، چونکە لە بنەڕەتدا رۆڵی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان راوێژکارییە نەک زیاتر، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بڕیاری پێکهێنانی حکومەت بڕیارێکی عێراقی بێت".

نیشانەکردن

عێراق