گروپی فێرخوازانی ناڕازی زانكۆ و په‌یمانگاكان خۆپیشاندانه‌كانیان هه‌ڵپه‌سارد

11:16 - 08/12/2021

3126جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

گروپی ڕاوێژ له‌ فێرخوازانی ناڕازی زانكۆو په‌یمانگاكانی سنوره‌كانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ولێر، دهۆك له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، دوای زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ بایكۆتكردنی هۆڵه‌كانی خوێندن، بڕیاریانداوه‌ خۆپیشاندانه‌كان هه‌ڵپه‌سێرن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو هۆڵه‌كانی خوێندن، چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كان ده‌بن.
 
گروپی ڕاوێژ له‌ فێرخوازانی ناڕازی زانكۆو په‌یمانگاكانی سنوره‌كانی سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، هه‌ولێر، دهۆك له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ ئێمه‌ وه‌ك خوێندكارانی زانكۆكانی سلێمانی، ڕاپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر، بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنمان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی داواكردنی مافه‌ ڕه‌واكانمان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین هه‌ركارێكی ناشارستانی كرابێت ته‌عبیر له‌ چینی خوێندكار ناكات و ئێمه‌ دورین لێی".

بڕیار دراوه‌ به‌ گۆڕینی سه‌رۆكی چوار زانكۆ له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی خوێندكار و زانكۆ

راشیگه‌یاندوه‌، داواكاریه‌كانی ئێمه‌ی خوێندكار ڕون و ئاشكرا بون كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی خوێندكار و شكۆی زانكۆ، سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی بونه‌ته‌ مایه‌ی ئازاری خوێندكار ، باشكردنی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان ، له‌ئێستاشدا توانیویانه‌ ده‌رماڵه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ له‌ژێر ناوی پاڵپشتی، هه‌روه‌ها بڕیار دراوه‌ به‌ گۆڕینی سه‌رۆكی چوار زانكۆ له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی خوێندكار و زانكۆ، جگه‌ له‌وانه‌ش به‌ڵێندراوه‌ به‌ سزادانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ سزای خوێندكاریان داوه‌ ، له‌گه‌ڵئه‌وانه‌شدا ده‌ستكراوه‌ به‌ باشتركردنی به‌شه‌ناوخۆییه‌كان و لیژنه‌كان به‌رده‌وامن له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كان، له‌ئێستاشدا له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مان و مامۆستایانه‌وه‌ له‌هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خوێندنی پارالێڵدان.

به‌ باشمانزانی لێره‌دا بوه‌ستین تا سه‌ری ساڵی نوێ و چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بین كه‌ پێمان دراوه‌

گروپی راوێژی فێرخوازانی ناڕازی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "دوای ڕاوێژكردن به‌ كه‌سانی شاره‌زا و ئه‌كادیمی به‌ باشمانزانی لێره‌دا بوه‌ستین تا سه‌ری ساڵی نوێ و چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بین كه‌ پێمان دراوه‌، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن به‌ڵێن بون و ئامانجه‌كانمان هاته‌دی ئه‌وا توانیومانه‌ ئامانجه‌كان بپێكین ئه‌گه‌رنا ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بین و ڕێگای دیكه‌ به‌كارده‌هێنێن له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانماندا".

گروپی ڕاوێژ له‌ فێرخوازانی ناڕازی له‌په‌یامه‌كه‌دا ده‌شڵێت، "داوای لێبوردن له‌ هه‌ر كاسبكارێك، فه‌رمانبه‌رێك، هاوڵاتیه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ به‌هۆی ئێمه‌وه‌ هه‌ر زیانێكی به‌ركه‌وتبێت".

نیشانەکردن

خۆپیشاندان