كوتله‌ی عه‌زم: گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتی سوننه‌كان پێكده‌هێنین و حه‌لبوسیش ناكه‌ینه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان

09:56 - 08/12/2021

1683جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌حمه‌د جبوری كاندیدی سه‌ركه‌وتوی هاوپه‌یمانی عه‌زم بۆ په‌رله‌مانی عێراق كه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات رایگه‌یاند، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌، گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتی سوننه‌كان راده‌گه‌یه‌ندرێت و له‌بری محه‌مه‌د حه‌لبوسیش، 10 كاندیدی دیكه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاندید ده‌كه‌ن.

ئه‌حمه‌د جبوری له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌موان كۆكن له‌سه‌ر دوباره‌ كاندید نه‌كردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دیاریكردنی كاندیدێكی نوێ بۆئه‌و پۆسته‌".

پارتی پشتگیری لایه‌نێك ناكات دژی لایه‌نێكی دیكه‌

سه‌باره‌ت به‌پشتگیریكردنی محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، ئه‌حمه‌د جبوری وتی، "پارتی پشتگیری لایه‌نێك ناكات دژی لایه‌نێكی دیكه‌، به‌تایبه‌ت له‌ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بڕیاریشه‌ هاوپه‌یمانی عه‌زم كه‌ (خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات) سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ 10 كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی سوننه‌كان ده‌كات". 

هاوپه‌یمانی عه‌زم كه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ك به‌كۆكردنه‌وه‌ی 34 ئه‌ندام راده‌گه‌یه‌نێت

ئه‌حمه‌د جبوری باسی له‌وه‌شكرد، هاوپه‌یمانی عه‌زم كه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ك به‌كۆكردنه‌وه‌ی 34 ئه‌ندام راده‌گه‌یه‌نێت، به‌مه‌ش دیمه‌نه‌كه‌ ڕونتر ده‌بێت بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی داهاتوی په‌رله‌مان، ئێمه‌ به‌فه‌رمی و به‌ڕونی قسه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ندامه‌كان ده‌كه‌ین، به‌جۆرێك عه‌زم 20 كورسی، كوتله‌ی جه‌ماهیر 8 كورسی، كوتله‌ی حه‌سم و عه‌قد 3 كورسیان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ به‌شێكی سه‌ربه‌خۆكانیش هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ پێكده‌هێنین".

دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن،  په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكانی ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا و به‌غدا ده‌چنه‌ پاڵ هاوپه‌یمانی عه‌زم

ئه‌حمه‌د جبوری ره‌تیشیكرده‌وه‌، ئه‌ندامه‌ سه‌ربه‌خۆكانی پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار به‌شداریان له‌هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوم (محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات) كردبێت و سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌شی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ به‌"چه‌واشه‌كاری" ناوبرد و ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، دوای په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵیه‌وه‌، په‌رله‌مانتاره‌ سه‌ربه‌خۆكانی ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا و به‌غدا ده‌چنه‌ پاڵ هاوپه‌یمانی عه‌زم.

هاوپەیمانی تەقەدوم كە خاوەنی 37 كورسی پەرلەمانیە، لەكێبڕكێ و ململانێدایە لەگەڵ هاوپەیمانی عەزم كە 14 كورسی پەرلەمانی هەیە و لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.