راوێژكاری نوێی ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌م سه‌ردان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئه‌نجامده‌دات

05:28 - 08/12/2021

3228جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئۆلاف شۆڵتس دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ متمانه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ پۆستی راوێژكاری نوێی ئه‌ڵمانیا وه‌رگرت، بڕیاره‌ رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات و سه‌ره‌تاش ده‌چێته‌ پاریس و برۆكسل.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا بڵاویكرده‌وه‌،  ئۆلاف شۆڵتس له‌یه‌كه‌م سه‌ردانیدا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌ بڕیاره‌ رۆژی هه‌ینی ئه‌نجامی بدات، ده‌چێته‌ فڕه‌نسا، له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌، له‌دیدارێكیشدا گفتوگۆ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كان و كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات، پاشانیش كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش ئه‌نجامده‌ده‌ن. 

راوێژكاری نوێی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی برۆكسل بكات و له‌گه‌ڵ ئۆرسۆلا فۆن دێر سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا كۆده‌بێته‌وه‌

بڕیاریشه‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ پاریس، راوێژكاری نوێی ئه‌ڵمانیا سه‌ردانی برۆكسل بكات و له‌گه‌ڵ ئۆرسۆلا فۆن دێر سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا، شارل میشێل سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا كۆببێته‌وه‌ و له‌و دیدارانه‌ش، گفتوگۆ له‌باره‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆبونه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا ده‌كرێت.

بڕیاره‌ ئۆلاف شۆڵتس چاوی به‌ جێنس ستۆلتنبێرگ سكرتێری گشتی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" بكه‌وێت

ئێواره‌ی هه‌ینی، بڕیاره‌ ئۆلاف شۆڵتس چاوی به‌ جێنس ستۆلتنبێرگ سكرتێری گشتی هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" بكه‌وێت و له‌كۆبونه‌وه‌كه‌شدا، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ناتۆ بۆ ئاسایشی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا به‌ گشتی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، دوای 16 ساڵ، له‌پۆستی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئه‌نگێلا مێركڵ، ده‌ستبه‌سداری پۆسته‌كه‌ی بو، به‌ ده‌نگی 395 ئه‌ندامی په‌رله‌مان، ئۆلاف شۆڵتسی ته‌مه‌ن 63 ساڵ كه‌ پێشتر جێگری راوێژكار و وه‌زیری دارایی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا بو، پۆستی راوێژكاری وڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت.