ئێران هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی سوریا له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و وڵاتانی عه‌ره‌بی راگه‌یاند

11:58 - 07/12/2021

931جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ هاوتا سورییه‌كه‌ی كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، تاران هەبونی هێزی بیانی لە سوریا قبوڵ ناکات و بە هۆكاری ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەزانێت و وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلیش دەداتەوە، ده‌شڵێت، "ئێران پێشوازی لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی سوریا له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا و عه‌ره‌بی ده‌كات".

به‌پێی ماڵپه‌ڕی روسیا توده‌ی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پێشوازی له‌ شاندێکی سوریا بە سەرۆکایەتی فەیسەڵ ئەلمەقداد، وەزیری دەرەوە و جێگری بەشار جه‌عفه‌ری كرد و له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردو وڵات و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی دیمه‌شق له‌گه‌ڵ وڵاتان گفتوگۆیان كرد.

تاران هەبونی بیانی لە سوریا قبوڵ ناکات و بە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەزانێت
حسین ئه‌میر عبداللهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا سوریەکەی، رایگه‌یاند، "تاران هەبونی بیانی لە سوریا قبوڵ ناکات و بە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەزانێت و وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلیش دەداتەوە".
تاران پێشوازی لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و عەرەب لەگەڵ سوریا ده‌كات
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تاران پێشوازی لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و عەرەب لەگەڵ سوریا ده‌كات، "من پەیامێکم لە سەرۆک بەشار ئەسەدەوە بۆ سەرۆکی ئێران هەڵگرتوە سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و بانگهێشتکردنی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سوریا".
پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا لە بەرژەوەندی هەرێمدایە و كار بۆ رەتکردنەوەی دەستێوەردانە دەرەکییەکان ده‌كات
فەیسەڵ ئەلمەقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌سه‌رده‌می ئیداره‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌ردانی تاران ده‌كات له‌ كۆنگره‌كه‌دا رایگه‌یاند، "پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا لە بەرژەوەندی هەرێمدایە و كار بۆ رەتکردنەوەی دەستێوەردانە دەرەکییەکان ده‌كات كه‌ خزمەت به‌ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچه‌كه‌ ده‌كات".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێمە دەمێکە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا له‌گه‌ڵ  وڵاتانی عەرەبی کردوە و بە شێوەیەکی سەیر پەیوەندی لەگەڵ هەندێک وڵات لەسەر بنەمای فشارەکان ماونه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندیه‌كان ئاسایی نه‌بونه‌ته‌وه‌".
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات هەنگاوێکی بوێرانە و پێشکەوتو بو
وتیشی، "سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات هەنگاوێکی بوێرانە و پێشکەوتو بو لەم بوارەدا و هیوادارین وڵاتانی دیکەی عەرەبیش دەستپێشخەری بکەن".
پەیوەندی ئابوری نێوان سوریا و ئێران بوەهۆی کۆبونه‌وه‌ی له‌گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی دیمه‌شق و تاران وتی، پەیوەندی ئابوری نێوان سوریا و ئێران بوەهۆی کۆبونه‌وه‌ی له‌گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران.

له‌باره‌ی بونی هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ سوریا،  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا وتی، "پێویستە هێزە دەرەکییەکان عێراق جێبهێڵن، ئێمە رێز لە هەڵوێستی دانوستانکاری ئێران ده‌گرین لە دانوستانەکان و توانای تاران بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە".