هۆشداری له‌ نه‌خۆشیه‌كی تایبه‌ت به‌ منداڵانی خوار ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ ده‌درێت

11:11 - 07/12/2021

7125جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، هۆشداری له‌ نه‌خۆشیه‌كی تایبه‌ت به‌منداڵانی خوار ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا، 114 (سه‌د و چوارده‌) منداڵ به‌هۆی هه‌وكردنی سینگیانه‌وه‌ داخڵی نه‌خۆشخانه‌ كراون.

پشده‌ر عه‌بدوڵا به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ڕه‌شیدی منداڵانی فێركاری له‌ سلێمانی ڕایگه‌یاند، له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌ به‌شه‌كانی منداڵی تازه‌ له‌دایكبوی یه‌ك، چاودێری ورد به‌شێك له‌ یه‌كه‌كانی ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ پڕ بون له‌ منداڵی نه‌خۆش كه‌ زۆربه‌یان منداڵانی خوار ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵن به‌هۆی هه‌وكردنی سنگیان داخڵی نه‌خۆشخانه‌كراون كه‌ به‌شێكی زۆریان پێویستیان به‌ مانه‌وه‌ هه‌یه‌.

به‌هۆی لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانن ژماره‌ی بێده‌كان زیاد بكه‌ن
وتیشی، "به‌هۆی لۆدێكی زۆر له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ پێویستی ده‌زانن ژماره‌ی بێده‌كان زیاد بكه‌ن، كه‌س و كاری نه‌خۆشیش دڵنیاده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ته‌واوبونی به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ڕه‌شیدی منداڵانی فێركاری له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و لۆده‌ زۆره‌ی له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه‌ دروستبوه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن".
 له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا، 114 (سه‌د و چوارده‌) منداڵ به‌هۆی هه‌وكردنی سینگیانه‌وه‌ داخڵی نه‌خۆشخانه‌ كراون
به‌گوێره‌ی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی،  له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردودا، جگه‌ له‌داخڵكردنی 114 منداڵ، له‌ نه‌خۆشخانه‌ی د. جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شیدی منداڵان، 600 نه‌خۆش سه‌ردانی به‌شی ڕاوێژكاری نه‌خۆشخانه‌كه‌یان كردوه‌