مەحمود محەمەد: بۆ بەدەستهێنانەوەی دو کورسییەکەمان پەنا دەبەینە بەر دادگای فیدراڵی

09:32 - 07/12/2021

2448جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، بۆ بەدەستهێنانەوەی "دو کورسییەکەمان،  له‌ دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌ سابیقه‌یه‌كی تری هه‌یه‌ و پێشتر به‌ هه‌مان ئالیه‌ت كراوه‌ و تیایدا سه‌ركه‌وتوبوین، ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مان ئالیه‌ت ده‌چینه‌ پێش، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناحه‌قییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و دو هه‌ڤاڵه‌مان كراوه‌ حه‌قی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌".

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، "ئه‌و دو كورسیه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ پێشتر رونمان كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن هه‌وڵدراوه‌ بۆ لایه‌نێكی دیكه‌ بڕوات، به‌پێی یاسا په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان سوێندی یاسایی بخۆن له‌دوای ئه‌وه‌ هه‌ردو كاندیدی ئێمه‌ غه‌دریان لێكراوه‌ ده‌توانن سكاڵای خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن و پشتیوانیش ده‌كرێن، هه‌روه‌ها رێگه‌ی تریش هه‌یه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌رچوه‌كان بون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌كرێت له‌ دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆماربكرێت، ئه‌وه‌ سابیقه‌یه‌كی تری هه‌یه‌ و به‌ هه‌مان ئالیه‌ت كراوه‌ و تێشیدا سه‌ركه‌وتوبوین، ئه‌مجاره‌ش به‌هه‌مان ئالیه‌ت ده‌چینه‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناحه‌قیه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و دو هه‌ڤاڵه‌مان كراوه‌ حه‌قی خۆیان وه‌ربگرنه‌وه‌".

بڕیاری پێشوه‌خته‌ هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌كانیان كه‌ كاتی كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ به‌سه‌رچو
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كاتێك ئه‌و لیژنه‌ فه‌نی و یاساییه‌ی ئێمه‌ چون سه‌ردانی هه‌یئه‌یه‌ قه‌زایی و كۆمسیۆنیان كرد له‌وێ زۆر به‌ ڕونی باسی بابه‌ته‌كان كراوه‌، به‌ڵام له‌راستیدا دیاربو كه‌ بڕیاری پێشوه‌خته‌ هه‌بو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌كانیان كه‌ كاتی كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌قه‌ بگێڕدرێته‌وه‌ به‌سه‌رچو".
مه‌سه‌له‌ی یه‌كڕیزی شتێكی جیاوازه‌، ئه‌مه‌شیان بابه‌تێكه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌ دڵنیایی
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا له‌ده‌ستدانی ئه‌و دو كورسیه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌ یه‌كڕزی لایه‌نه‌كان له‌ به‌غدا تێكبچێت؟ مەحمود محەمەد باسی له‌وه‌كرد، "مه‌سه‌له‌ی یه‌كڕیزی شتێكی جیاوازه‌، ئه‌مه‌شیان بابه‌تێكه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌ دڵنیایی، چونكه‌ ده‌توانین بڵێین غه‌درێك بو له‌ پارتی دیموكرات و ئیدانه‌ی ئێمه‌ كرا، چونكه‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌مو رێكاره‌كانی به‌ده‌ست ژماردنه‌وه‌ی كرد و هه‌روه‌ها له‌بازنه‌ی موسڵ سێ جار ئه‌و ده‌نگانه‌ ژمێردرانه‌وه‌ به‌ده‌ست له‌ هه‌ولێریش به‌هه‌مان شێوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك په‌نجه‌ مۆری دوباره‌شی هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ دوباره‌ په‌نجه‌مۆری هه‌بوه‌ ئه‌و سزا بدرێت نه‌ك كاندیده‌كه‌ كه‌ هیچ تاوانێكی نه‌كردوه‌، كێ ده‌ڵێ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خیلافیان كردوه‌ هی لایه‌نی به‌رامبه‌ر نیه‌؟ كێ ده‌ڵێ ده‌نگده‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ نیه‌ كه‌ سكاڵای كردوه‌، بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ زیاتر سیاسیه‌ وه‌ك له‌وه‌ی یاسایی بێت".
بڕیاره‌ چه‌ند شاندێك بێن و سه‌ردانی سه‌رۆكی پارتی ده‌كه‌ن و پێشتریش كۆمه‌ڵێك شاند هاتبون و شاندی ئێمه‌ چبوه‌ به‌غدا
له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، وته‌بێژی پارتی وتی، "بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ چه‌ند شاندێك بێن و سه‌ردانی سه‌رۆكی پارتی ده‌كه‌ن و پێشتریش كۆمه‌ڵێك شاند هاتبون و شاندی ئێمه‌ چبوه‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا گرنگه‌ بابه‌تی كاندیده‌كان و ئاكامی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و دادگای فیدڕاڵی ماوه‌ی خۆی درێژكردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گوایه‌ هه‌ندێك تانه‌ هه‌ن له‌ هه‌ندێك شوێن كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا ده‌بێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌شدارده‌بن له‌سه‌ر كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ رێكبكه‌ون و ئه‌و كارنامه‌یه‌ بنه‌ما بێت و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین كه‌ حكومه‌ت به‌ گشتی جێبه‌جێی بكات، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ زۆر جه‌ختی لێده‌كه‌ینه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوره‌".

10ی (ئۆكتۆبه‌ر/10)ی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌چو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمسیۆنی رایگه‌یاندبو، پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویه‌تی 33 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، به‌ڵام هه‌فته‌ی رابردو ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر سكاڵای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڕیاریدا دو كاندیدی یه‌كێتی له‌ پارێزگای نەینەوا (بازنەی دو) و پارێزگای هەولێر (بازنەی سێ) به‌ براوه‌ هه‌ژمار بكات.

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەم؛ هاوپەیمانی سەدر (73) کورسی، هاوپەیمانی تەقەدومی محەمەد حەلبوسی (37 کورسی)، دەوڵەتی یاسا (33 کورسی)، پارتی (31 کورسی) و هاوپەیمانی کوردستانیش بە بەدەستهێنانی (19) کورسی پلەکانی یەکەم تا پێنجەمی هەڵبژاردنەکەیان بەدەستهێناوە.

نیشانەکردن

پارتی