عه‌لی حه‌مه‌ساڵح زانیاری نوێ له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی گرانبونی نرخی نه‌وت و به‌نزین له‌هه‌ولێر ئاشكراده‌كات

10:35 - 06/12/2021

4176جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، نه‌وت و به‌نزین له‌ هه‌ولێر بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك قۆرخكراوه‌ و ئه‌گه‌ر رێگه‌ بدرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌وه‌، هاورده‌ بكرێن، نرخه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو داده‌به‌زێت و داواش له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كات، به‌دواداچون بكات و ئاماده‌یه‌ به‌ڵگه‌كانی بخاته‌ڕو.

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌په‌یامێكی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند، "داوا له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌م، لێكۆڵینه‌وه‌ بكات و هه‌مو ئه‌و به‌ڵگه‌ و زانیاریانه‌ی به‌رده‌ستن ده‌یخه‌مه‌ڕو، سه‌باره‌ت به‌قۆرخكاریه‌كانی نه‌وت و به‌نزین".

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان رۆژانه‌ 25 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ به‌نزین ده‌پاڵێوێت و نزیكه‌ی 950 هه‌زار لیتر ده‌كات، له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك عێراق به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌شی بكات، به‌ڵام یه‌ك لیتر ره‌وانه‌ی سلێمانی ناكرێت

وتیشی، "له‌هیچ كام له‌بازگه‌كانی هه‌ولێر رێگه‌ نادرێت به‌نزین هاورده‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ بكرێت، به‌نزینی هه‌ولێر بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك قۆرخكراوه‌، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان رۆژانه‌ 25 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ به‌نزین ده‌پاڵێوێت و نزیكه‌ی 950 هه‌زار لیتر ده‌كات، له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك عێراق به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌شی بكات، به‌ڵام یه‌ك لیتر ره‌وانه‌ی سلێمانی ناكرێت و ده‌فرۆشرێته‌ به‌نزینخانه‌كان بۆئه‌وه‌ی  لیترێكی به‌ 660 بیفرۆشن، به‌ڵام نایفرۆشن و ده‌یبه‌نه‌ بازاڕی بۆرسه‌ی هه‌ولێر، به‌نزینی یه‌ك لیترێك به‌ 860 دینار ده‌فرۆشن".

له‌بری ئه‌وه‌ی به‌نزینه‌كه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌سه‌ر به‌نزینخانه‌كان دابه‌شبكه‌ن، ده‌درێته‌ ژماره‌یه‌ك به‌نزینخانه‌

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "له‌بری ئه‌وه‌ی به‌نزینه‌كه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌سه‌ر به‌نزینخانه‌كان دابه‌شبكه‌ن، ده‌درێته‌ ژماره‌یه‌ك به‌نزینخانه‌، به‌جۆرێكی دیكه‌ ملیۆنێك لیتر به‌نزینی عێراق، ملیۆنێك لیتر به‌نزینی حكومه‌تی هه‌رێم و نزیكه‌ی ملیۆنێك لیتری به‌نزینی كۆمپانیای لاناز هه‌یه‌ و ده‌كرێت سه‌رجه‌میان یه‌كبخرێن و نرخی به‌نزین دێته‌ خواره‌وه‌".

هه‌رچه‌ند به‌ڵێن درابو هه‌ر ماڵێك به‌رمیلێك نه‌وتی سپی وه‌ربگرێت، به‌ڵام تا ئێستا 13%ی هاوڵاتیان نه‌وتیان وه‌رگرتوه‌

سه‌باره‌ت به‌نه‌وتی سپی، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئاشكرایكرد، هه‌رچه‌ند به‌ڵێن درابو هه‌ر ماڵێك به‌رمیلێك نه‌وتی سپی وه‌ربگرێت، به‌ڵام تا ئێستا 13%ی هاوڵاتیان نه‌وتیان وه‌رگرتوه‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌كاته‌ 35 ملیۆن لیتر، له‌ئه‌نجامیشدا خه‌ڵك نه‌وتی ده‌وێت و نیه‌تی".

نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ هه‌ولێر 190 هه‌زاره‌ به‌ڵام له‌دهۆك 155 هه‌زار و له‌ سلێمانی 150 هه‌زاره‌

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌،  "نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌ هه‌ولێر 190 هه‌زاره‌ به‌ڵام له‌دهۆك 155 هه‌زار و له‌ سلێمانی 150 هه‌زاره‌، سبه‌ینێ بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێم بدرێت بۆ هاورده‌كردنی نه‌وت بۆ هه‌ولێر، نرخی به‌رمیلێك ده‌بێته‌ 125 هه‌زار، به‌ڵام قۆرخكراوه‌ بۆ چه‌ند كۆمپانیایه‌ك".

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەرونکردنەوەیەکدا وەڵامی پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵحی داوەتەوە لەبارەی قۆرخکاری لە دۆسیەی بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی، لە بەشێكی راگەیەنراوەکەدا باسی لەوەکردوە، هەرێم رۆژانە کەمتر لە (25000  بەرمیل نەوت ) دەپاڵێوێت بۆ پێویستی وێستگەکانی کارەبا، لەهەمان کاتدا بری 950،000 لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، لە هەمانکاتدا حکومەتی فیدرال ڕۆژانە 1000000 لیتر بە نرخی 660 دینار دابین دەکات، ئەو بەنزینەش بەشێوەی (نۆرە- مناوەبە) بەسەر ئەو بەنزینخانەکاندا دابەشدەکرێت.

بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکەین بۆ هێنانی هیچ سوتەمەنییەک کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت

ئەوەش هاتوە، لەبارەی نەوتی سپیش بەهیچ شێوەیەک رێگری نەکراوە لە هاوردەکردنی سوتەمەنی بەڵام "وەزارەتمان بەهیچ شێوەیەک ئاسانکاری ناکات بۆ هێنانی هیچ سوتەمەنییەک کە کوالیتیەکەی گونجاو نەبێت. ئەگەر ڕێگریش کرابێت ئەوە بە دڵنیاییەوە تەنیا بەهۆی نەبونی مۆڵەتی وەزارەتمان بوە".

 

 

نیشانەکردن

نەوت