هەواڵی ئەمڕۆ

پارتی به‌دوری ده‌زانێت و یه‌كێتی ئاماده‌یه‌ بۆ دوباره‌كردنه‌وه‌ی سیناریۆی 2018ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار

05:00 - 06/12/2021

6980جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-
وێڕای ئه‌وه‌ی، دوای ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، پارتی دیموكراتیی كوردستان له‌سه‌ر زاری مه‌سعود بارزانی و هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ رایانگه‌یاند، به‌یه‌كڕیزی ده‌چنه‌ به‌غدا، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی توانی دو كورسی له‌ڕێگه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌، پارتی له‌م دیدگایه‌ په‌شیمان بوه‌وه‌، له‌م ڕوه‌شه‌وه‌ به‌تایبه‌ت پێشتر كه‌ كۆده‌نگی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌بو یان ململانێ له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌بو، به‌ڵام پارتی دو كورسیه‌كه‌ی كرده‌ بیانگه‌یه‌ك كه‌ هه‌ڵوێستێكی نوێ له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ رابگه‌یه‌نێت، له‌م ڕوه‌وه‌ چاودێرێكی سیاسی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی به‌مایه‌ی سه‌رسوڕمان زانی، "چونكه‌ چۆن ده‌كرێت له‌سه‌ر دو كورسی كه‌ له‌ڕێگای تانه‌ی ره‌واوه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی وه‌ریگرتوه‌ته‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌تێزی یه‌كڕیزی كورد په‌شیمان ببێته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ هیچ شتێك هێنده‌ی یه‌كڕیزی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ ناوچه‌یی و كوردستانی و نێوده‌وڵه‌تیه‌دا بۆ كورد گرنگ نییه‌".

ئه‌گه‌ری دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی ساڵی 2018  و كێبڕكێی نێوان كاندیدانی یه‌كێتی و پارتی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌
هه‌ڵكشانی سیاسی ئه‌مڕۆی نێوان یه‌كێتی و پارتی، به‌تایبه‌تی دوای بڕیاری كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ كشانه‌وه‌ی دو كورسی له‌ پارتی و هه‌ژماركردنی تانه‌كانی یه‌كێتی، بوه‌ هۆكار بۆ ئه‌گه‌ری دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی ساڵی 2018  و كێبڕكێی نێوان كاندیدانی یه‌كێتی و پارتی له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق، به‌بڕوای كادرێكی پێشكه‌وتوی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی كورد له‌سه‌ر كه‌سێكی گونجاو بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌گاته‌ په‌رله‌مانی فیدڕاڵی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وان كاندیدی خۆیان ده‌بێت.
 له‌ میانه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی نێوان سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و پارتی هیچ قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆماری داهاتوه‌وه‌ نه‌كراوه‌
ڕێبین سه‌لام مامۆستای زانكۆ و كادری پێشكه‌وتوی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "هه‌لومه‌رجی عێراق و پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ساڵی 2018 جیاوازه‌، به‌پێی به‌شێك له‌ زانیارییه‌كانمان له‌ میانه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی نێوان سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و پارتی هیچ قسه‌یه‌ك له‌باره‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆماری داهاتوه‌وه‌ نه‌كراوه‌".
ماڵی شیعیش بڕیاری له‌سه‌ر پرسی ناوی كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌داوه‌، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات په‌له‌ نه‌كرێت له‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار
وتیشی، "به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی تائێستا دادگای فیدراڵی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند نه‌كردوه‌وه‌، ماڵی شیعیش بڕیاری له‌سه‌ر پرسی ناوی كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران نه‌داوه‌، ئه‌مه‌ش وامان لێده‌كات په‌له‌ نه‌كرێت له‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌".
پارتی هه‌ر پۆستێك وه‌ربگرێت، به‌ ئامرازێكی ده‌زانێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ باڵاكان 
باسی له‌وه‌شكرد، "پارتی هه‌ر پۆستێك وه‌ربگرێت، به‌ ئامرازێكی ده‌زانێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ باڵاكان بۆ خزمه‌تكردنی وڵات و گه‌لی عێراق نه‌ك كۆتاییه‌ك كه‌ بۆ گه‌لی خۆی خراپ بكه‌وێته‌وه‌".
ڕای شه‌خسی من، هه‌لومه‌رجی ئێستا هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌ی ساڵی 2018 و ڕوداوه‌كانی پێشتر نین
ڕێبین سه‌لام ده‌شڵێت،"ڕای شه‌خسی من، هه‌لومه‌رجی ئێستا هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌ی ساڵی 2018 و ڕوداوه‌كانی پێشتر نین، بۆیه‌ دوباركردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆ و پێشكه‌شكردنی زیاتر له‌یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ په‌رله‌مان، دوباره‌ نابێته‌وه‌".
زۆر قورسه‌ پشتیوانی د. به‌رهه‌م ساڵح بكرێت كه‌ ویلایه‌تی دوه‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌ربگرێته‌وه‌
ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، "هه‌ڵوێستی پارتی له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح رونه‌ و پێشتر له‌ڕێگه‌ی به‌یاننامه‌ی فه‌رمیه‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی دو كورسی له‌ پشكی پارتی وه‌رگیراون و دران به‌یه‌كێتی، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌پرس بوه‌ به‌ئاشكرا تۆمه‌تبار كراوه‌، بۆیه‌ زۆر قورسه‌ پشتیوانی بكرێت كه‌ ویلایه‌تی دوه‌می سه‌رۆكایه‌تی كۆمار وه‌ربگرێته‌وه‌". 
ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سور بێت له‌سه‌ر ناوی كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وا بڕیاره‌كه‌ بۆ نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ ناو په‌رله‌مان به‌جێده‌هێڵرێت
ئه‌و كادره‌ی پارتی راشیگه‌یاند، "حزبه‌كه‌ی باوه‌ڕی به‌ ڕای زۆرینه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی سور بێت له‌سه‌ر ناوی كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، ئه‌وا بڕیاره‌كه‌ بۆ نوێنه‌رانی خه‌ڵك له‌ ناو په‌رله‌مان به‌جێده‌هێڵرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌و كه‌سانه‌ بدرێت گونجاون بۆئه‌و پۆسته‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا زوه‌ له‌م جۆره‌ ورده‌كارییانه‌ بدوێین، به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆژانی داهاتو ڕه‌نگه‌ پڕ بێت له‌ لێكتێگه‌یشتن و سه‌رسوڕمان سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ی هاوپه‌یمانی و سروشتی دیالۆگی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان".
ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماری بكات، ئه‌وا هیچ هاوپه‌یمانی و هاوهه‌ڵوێستییه‌ك له‌نێوانیاندا نابێت
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، غه‌یاس سورچی وتەبێژی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماری بكات، ئه‌وا هیچ هاوپه‌یمانی و هاوهه‌ڵوێستییه‌ك له‌نێوانیاندا نابێت و سیناریۆی ساڵی 2018 ڕه‌نگه‌ دوباره‌ بكه‌نه‌وه‌ و له‌ناو په‌رله‌مان كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌نگدان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌.
گوێمان له‌ هه‌ندێك قسه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بو، كه‌ باس له‌ خواستی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن
غه‌یاس سورچی راشیگه‌یاند، "دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی دو كورسی بۆ یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، گوێمان له‌ هه‌ندێك قسه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بو، كه‌ باس له‌ خواستی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش، له‌بانگه‌شه‌یه‌كی میدیاییدا زیاتر بینرا".
له‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ تا ئێستا هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌نێوان یه‌كێتی  و پارتی نه‌كراوه‌

وتیشی، "له‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ تا ئێستا هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمی له‌نێوان یه‌كێتی  و پارتی نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌كان و ته‌نها شاندێكی پارتی له‌ سلێمانی و یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ یه‌كێتی سه‌ردانی هه‌ولێریان كردوه‌ وه‌ك سه‌ردانێكی دۆستانه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ به‌بێ چونه‌ ناو ورده‌كاریه‌وه‌".

یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ ئیستحقاقی خۆی ده‌زانێت و د. به‌رهه‌م ساڵحيش كاندیدیه‌تی بۆئه‌و پۆستە

غه‌یاس سورچی ئاشكراشیكرد، "پارتی به‌فه‌رمی داوای پۆستی سه‌رۆك كۆماری نه‌كردوه‌ جگه‌ له‌ قسه‌كردن لێره‌وه‌ له‌وێ، به‌ڵام كاتێك دیالۆگی فه‌رمی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م ورده‌كاریانه‌ ده‌خرێنه‌به‌رچاو و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌هه‌مانكاتیشدا یه‌كێتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌ ئیستحقاقی خۆی ده‌زانێت و د. به‌رهه‌م ساڵحيش كاندیدیه‌تی بۆئه‌و پۆستە".

 دیالۆگه‌كان له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی سنوردار ده‌بێت

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لایه‌نه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و یه‌كگرتوی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری پێگه‌ی ڕونی خۆیان ڕاگه‌یاندوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌شداری له‌حكومه‌تی داهاتو نه‌كه‌ن، واته‌ دیالۆگه‌كان له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی سنوردار ده‌بێت".
غه‌یاس سورچی ده‌شڵێت، "ئه‌گه‌ر پارتی بانگه‌شه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بكات ئه‌وا هیچ هاوپه‌یمانی و هاوكارییه‌ك له‌نێوانماندا نابێت و ڕه‌نگه‌ سیناریۆی ساڵی 2018 دوباره‌ بكرێته‌وه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی هه‌ر لایه‌نێك بۆ كاندیده‌كه‌ی و به‌جێهێشتنی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی گونجاوترین كاندید دیاری بكه‌ن".

چۆن ده‌كرێت له‌سه‌ر دو كورسی كه‌ له‌ڕێگای تانه‌ی ره‌واوه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی وه‌ریگرتوه‌ته‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌تێزی یه‌كڕیزی كورد په‌شیمان ببێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ كورد به‌ره‌و دوبه‌ره‌كی و دابه‌شكاری بباته‌وه‌

چاودێرێكی سیاسی له‌به‌ر هه‌ستیاری پێگه‌كه‌ی نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بهێندرێت، بۆ خه‌ندان وتی، "ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان مایه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، به‌تایبه‌ت هی كاك مه‌سعود بارزانی، چونكه‌ چۆن ده‌كرێت له‌سه‌ر دو كورسی كه‌ له‌ڕێگای تانه‌ی ره‌واوه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی وه‌ریگرتوه‌ته‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌تێزی یه‌كڕیزی كورد په‌شیمان ببێته‌وه‌ و جارێكی دیكه‌ كورد به‌ره‌و دوبه‌ره‌كی و دابه‌شكاری بباته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ هیچ شتێك هێنده‌ی یه‌كڕیزی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ ناوچه‌یی و كوردستانی و نێوده‌وڵه‌تیه‌دا بۆ كورد گرنگ نییه‌ و له‌مڕوه‌شه‌وه‌، دكتۆر به‌رهه‌م نمونه‌یه‌كی باڵای به‌رجه‌سته‌كردنی یه‌كڕیزی و سه‌ركردایه‌تی نوێنه‌رایه‌تی تیمی كوردی بوه‌ له‌ به‌غدا".